باسی خەبەر زانینی مەجنوون لە مردنی باوکی

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 5 خولەک  17 بینین
ڕۆژێ ڕاوکەرێ لە خێڵی مەجنوون
ڕۆیشتە دەرێ بۆ کێو و هاموون
تەسادف لە دەشت تووشی مەجنوون بوو
پێی گوت بێ شەرم و حەیا و ئابڕوو
باوکت لە دنیا خێری لێت نەدی
چەند ڕۆژە مردوە تۆ چی ئەکەی چی
ڕاستیم پێ بڵێ بێ شەرم و حەیا
هیچ ترست نییە ئاخۆ لە خودا
وەختێ ئەمەی بیست مەجنوون دەر زەمان
بەربووە ناڵە و شیوەن و گریان
دەستی سەیادی ماچ کرد ئازانە
گوتی قەبرەکەی لە کوێیە گیانە
لەسەر تەعریفی ڕاوکەر ئەمجا زوو
بە شین و ڕۆرۆ بۆ قەبرستان چوو
لەسەر قەبرەکەی باوکی زۆر گریا
بە دەنگی بەرز و ناڵە و واوەیلا
ئەیگوت ئاخ بابە نەسیحەتی تۆ
نەمگرتە گوێ من وابووم ڕەنجەڕۆ
لە دونیای ڕوونا تۆ بووی هەمرازم
غەم خوارم، نەسیحەتگۆ و دەمسازم
سەهووم کرد قوربان بە قسەم نەکردی
وا بەداخەوە بابە گیان مردی
مووەفەق نەبووم ئەمرت جێ بێنم
گونەهبار نەبم خۆم ئەخنکێنم
من لە دنیادا تۆم زۆر کرد بێزار
لە ئاخیرەتدا مەمکە شەرمسار
بە دڵی بێ غەم زۆر بە فەراغەت
تۆ لە قیامەتدا ئەکەی ئیسراحەت
منیش بە قوربان وا لەسەر دنیا
مامەوە بۆ دەرد بۆ جەور و جەفا
دوو شەو و دوو ڕۆژ هەر لەوێ ماوە
بە شین و گریە و بانگ و سەداوە
لە پاشان ئەمجا بە شین و زاری
چوە چۆڵی نەجد بە بێ قەراری
سەری لێ هەڵدا دیسان عەشقی یار
دوورکەوتەوە زوو لە یار و دیار
دەوریان گرتەوە وەحشی و مار و موور
گورگ و دێو لەگەڵ هەموو تەیر و توور
ئاسک و ڕێوی و چەقەڵ و پڵنگ
بوون بە دۆست یەکیان نەئەکرد دڵتەنگ
ڕیش و سمێڵ و پرچی بە جارێ
لەسەر سنگیەوە هاتبوونە خوارێ
فرمێسکی چاوی گەرمی ئاگرین
ڕوومەتی کرد بوو بە جۆگەی خوێنین
ڕۆژێک لە ڕۆژان کە خۆر ئاوا بوو
مەجنوونی شەیدا بۆ سەر گردێ چوو
بە گریانەوە ڕووی کردە ئاسمان
ئەپاڕایەوە لە قاپی یەزدان
گوتی ئەی عەشق تو غەزای گیانی
مایەی کەماڵی عەقڵی ئینسانی
خوایە وا جوان خەڵقت کرد لەیلا
کە من بخاتە ناو بەحری بەڵا
فەقیر و هەژار زویر و موحتاجم
زوو بە لوتفی خۆت بکە عیلاجم
هەموو حەکیم و تەبیبی جیهان
لە دەوای دەردم بە جارێ دامان
دەرد هەر تۆ ئەیدەی تۆش ئەدەی دەوا
حەکیم و تەبیب هەر تۆی ئەی خودا
مەجنوون لە دەرگای قازیولحاجات
بەم نەوعە کردی دوعا و موناجات
وەختێ ڕۆژ بوەوە، کاتێ خۆر هەڵات
سەیری کرد مەجنوون کەوا زەید هات
ئەم زەید ناوە دۆستی مەجنوون بوو
لە داغی مەجنوون دایم دڵ خوون بوو
قەیس بە زەیدی گوت یاری وەفادار
ئەمرۆ زۆر دڵت خوشە و نەشئەدار
بۆچ بە مەقسوودی خۆت بووی دەستڕەس
لەگەڵ لەیلدا تۆ بووی هاونەفەس
کەوا دڵخۆش و پڕ کەیف و شەوقی
وا نەشئەداری دایم بە شەوقی
زەید گوتی مەجنوون هومای کێوی قاف
دوێنێ چووم لەیلی شۆخم کرد تەواف
مانگی ڕووی لەیلا شەوقی بێ نوورە
عاجز و ماتەم چونکە لێت دوورە
دایم خەریکی شین و گریانە
لە چاوی ئەشکی خوێنین ڕەوانە
وەختێ منی دی ناڵاندی بە زار
فەرمووی توخودا یاری وەفادار
کە چویتە نەجد لە چۆڵ و سەحرا
ئەبینی قەیسی عەوداڵ و شەیدا
بڵێ ئەی مەجنوون لەیلای بێچارە
لە دووریت بە خوا گەلێ غەمبارە
شەرحی ئەحواڵم بۆی بکە بەیان
سەلامی منی عەرز کە قوربان
بیستوومە دڵی یەکجار خەمبارە
لە شانی بارە دەرد و پەژارە
خەبەری مەرگی باوکیم بیستووە
منیش زور شین و ڕۆڕۆم کردووە
چونکە باوکی زۆر بە من و بە ئەو
دڵی ئەسووتا هیچ نەی ئەکرد خەو
بەڵام بەرامبەر قەدەر و قەزا
لازمە ئینسان ڕەزا بێ ڕەزا
تێی بگەیێنە کە من ئەسیرم
یەکجار خەفەتبار مات و زویرم
بۆ کاغەز ناردن نیمە ئیختیار
ناتوانم ڕازی دڵ بکەم ئیزهار
بەڵام ئەی مەجنوون خۆ تۆ بەڕەڵڵای
لەگەڵ عالەمدا دۆست و ئاشنای
بوچ نامخوێنیەوە هەر بە سەلامێ
بۆم نانێری قەت نامە و کەلامێ
بۆچ بۆم نانێری ئەشعاری جوان جوان
کەوا بە منا ئەیڵێیت بە قوربان
نازانی ئاخۆ ئەمە تەقسیرە
ئەمە کەی ڕەویەی عاشقی ژیرە
شیعرە خۆشەکان زوو بنێرە بۆم
هەتاکوو بیکەم من بە وێردی خۆم
ئەم خەبەرەی بیست کە لە زەید مەجنوون
زۆر دڵی خۆش بوو گەلێ بوو مەمنوون
بە تالعی خۆی ئیعتیقادی بوو
بە وەفای لەیلی ئیعتیمادی بوو
قەڵەمی هەڵگرت بۆ لەیلای نووسی
لە پاش سەلام و عەرزی دەسبووسی
لەیلی گیان مایەی حەیات و ژینم
مایەی ئارامی دڵی حەزینم
سەلامت گەیشت گیانە بە مەجنوون
لە وەفا و مەیلت گەلێ بووم مەمنوون
ئەمجا حاڵی بووم منت خۆش ئەوێ
یاخوا قەزای تۆ لە گیانم کەوێ
کاری مەحبووبان جەور و جەفایە
کەچی کاری تۆ شکور وەفایە
توخودا جار جار تۆ دڵم شاد کە
بەم نەوعە لوتفە بەندەکەت یاد کە
وەرە لام لابە زوو دەردی فیراق
ئەوا ئەسووتێم لەبەر ئیشتیاق
گەر ئیبنوسەلام مانیعە قوربان
تۆ بی و سەری خۆت بۆم بکە بەیان
تا بە هەناسەم سیاکەم بەختی
تارومار بکەم مەسنەد و تەختی
کاغەز تەواو بوو دای بە زەید دەرحاڵ
بردی بۆ لەیلی وەکوو بای شەماڵ