باسی هاتنی نەوفل و چاوپێکەوتنی بە مەجنوون

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 7 خولەک  12 بینین
لە پیاوچاکانی ئەو وەختەی دونیا
لەو دەورە پیاوێ هەبوو زۆر ئازا
ناوی نەوفل بوو بە زەربی شمشێر
ئەیکوشت پڵنگ و بەبر و نەڕەشێر
خاوەن دەوڵەت و موڵک و جەلال بوو
عاقڵ و دانا و ساحێب کەماڵ بوو
ڕۆژێ بۆ شکار ڕۆیشتە سەحرا
لە ڕێگا[دا] دی مەجنوونی شەیدا
ڕووت و قووت لەسەر زەمین کەوتووە
وەحشی و دڕەندە دەوریان گرتووە
گۆرانی ئەڵێ بە دەنگێکی خۆش
هەر کەسێ ئەیبیست زوو ئەبوو بێ هۆش
پرسی لە پیاوێک کە ئەم هەژارە
بۆچ ڕووت و قووتە وا بێ قەرارە
وتی لە عەشقی لەیل ئەم فەقیرە
بەم نەوعە شێت و مات و زویرە
بە خێری خۆیان خەڵق لەم لا و لەو لا
چێشت و شەرابی بۆ دێنن ئەوسا
بە زۆر ئەیدەنێ لوقمەیێ کەباب
لەگەڵ پەلێ نان یا قومێ شەراب
کە ئەیخوات ئەڵێ لە چاوی لەیلا
دایم کەوتووە لە دەشت و سەحرا
نەوفەل ئەمەی بیست سەعاتێ بوو مات
گریا بەزەوی بە ئەحواڵیا هات
وتی وا چاکە من نەگرم ئارام
تا بگەیەنم مەجنوون بە مەرام
نەوفل دابەزی دانیشت لای مەجنوون
بە قسەی خۆش و بە حیلە و ئەفسوون
هێنایە قسە مەجنوونی بێدڵ
بەربووە گفتوگۆ جا لەگەڵ نەوفل
نەوفل وتی پێی مەجنوونی هەژار
هیچ خەفەت مەخۆ بە خوای کردگار
سەرف ئەکەم ماڵ و موڵک و زیو و زەر
دوڕ و یاقووت و مەرجان و گەوهەر
ئەمین بە ئەبێ بۆت بێنم لەیلا
ئیتر غەم مەخۆ تو بیتو خودا
بە گەنج و ماڵ و بە زۆری بازوو
لەگەڵ تۆ ئەیکەم بە هاوتەرازوو
مەجنوون ئەمەی بیست بە دڵی پڕ دەرد
سوجدەی شوکرانەی زوو بەر نەوفل برد
وتی من شێت و عەوداڵم بەخوا
شوو بە من ناکا هیچ وەختێ لەیلا
جوابی دایەوە نەوفلی دانا
وتی بە مەجنوون بە حەقی خودا
حەرام بێ لە من خورد و خەو هەتا
تۆ ئەگەیەنم بە وەسڵی لەیلا
بەڵام تکایە نەختێ حەزەر کە
ئەم بێ عەقڵییە لە سەرت دەر کە
خۆت وا شێت مەکە لە عەشقی دولبەر
چەن ڕۆژی هۆشت با بێتەوە سەر
شەرتە هەرچۆن بێ لەیلت بۆ بێنم
گەر پوڵابەند بێ بۆتی بشکێنم
هەر کە ئەمەی بیست مەجنوونی دڵرێش
بە قسەی نەوفل سەبری گرتە پێش
لەگەڵ نەوفلدا چوو بە دڵخۆشی
ڕۆیشتە حەمام لیباسی پۆشی
بوو بە کوڕێکی زۆر شۆخ و دولبەر
چەن شیعرێکی وت لە عەشقی لەبەر
چەند ڕۆژی خواردی تەعام و کەباب
لەگەڵ میوەی خۆش، شەرابی نایاب
دووبارە ڕشتی سەوزەی خەت و خاڵ
ڕەنگە زەردەکەی وەرگەڕا بە ئاڵ
بە عەقڵ و هۆش و سەبر و گرانی
بوو بە سەرگەورە، جەمعی مەعانی
نەوفل بەبێ ئەو نەیئەگرت ئارام
خزمەتی زۆری کرد بە ئیحتیرام
هەتا دوو سێ مانگ بە کەیف و خۆشی
وەختیان ڕابووارد بە بادەنۆشی
نەوفل و مەجنوون ڕۆژێ دووبەدوو
قسەیان ئەکرد زۆر بە ئارەزوو
مەجنوون لە داغ و دەردی زەمانە
چەن شیعرێکی وت بە عاشقانە
وتی بێ خەبەر لە ئاهـ و دەردم
بێ وەفا و بێ شەرت ئەوا من مردم
تا ئێستە هەزار وەعدەت بە من دا
بە هیچ وەعدێکت خۆ نەتکرد وەفا
بە زبانی خۆش منت تەفرە دا
تا هاتمە سەرڕێ کەچی لەوەلا
سەبرم لە دەست چوو عەقڵم باری بەست
وریابە کارم دەرئەچێ لە دەست
وەعدەی مەردانە تۆ بە من ئەدەی
کەچی لە پاشان بۆچ خیلاف ئەکەی
قەول و وەعدەیێک پێی نەکرێ وەفا
بە پیاوی وەک تۆی نابینم ڕەوا
گەر لەیلی بە من نەگەیێنی تۆ
من وا ئەمرم و تۆش بۆ خۆت بڕۆ
ئەم تەعنەیەی بیست نەوفلی سەروەر
موی لەشی تیژ بوو هەر وەکوو نەشتەر
هەڵسا لە جێی خۆی زوو زرێی پۆشی
شمشێری هەڵگرت بۆ شەرتی کۆشی
سواری کرد سێسەد پیاوی زۆر ناودار
هەموو پاڵەوان مەردی ئازای کار
قاسیدی زۆر نارد بۆ لای باوکی لەیل
وتی لەشکرم جۆش ئەدا وەک سەیل
یا لەیلا بێنن بۆ لام هەر ئێستا
یا خۆ حازر بن بۆ جەنگ و دەعوا
باوکی لەیل وتی بڵێ بە نەوفل
لەیلی ئارامی ڕووح و گیان و دڵ
لەیل مانگە هیچ کەس ناتوانێ کە وا
غەیری تەماشای، دەست بۆ مانگ ببا
بەو خەبەرە قەت نابین خاتر تەنگ
هەموو حازرین بۆ شەڕ و بۆ جەنگ
نەوفل ئەمەی بیست وەکوو نەڕەشێر
لەگەڵ سوپاکەی بە تیر و شمشێر
بەربوونە جەنگ و قیتال و دەعوا
زۆر سەر بە سەری نێزەوە کرا
نەعرەتەی کوڕەی ئەسپانی چالاک
کەڕی کرد گوێچکەی ئەستێرەی ئەفلاک
سوارانی جەنگی ئەسپیان تاوئەدا
مەجنوون بۆ سوڵحیان هەر ئەیخوێند دوعا
گەر مەجنوون تیغی پێ بوایە بە کوڵ
ئەجەنگی لەگەڵ لەشکری نەوفل
گەر دەسەڵاتی ببوایە مەجنوون
ئەیکرد لەشکری نەوفل سەرنگوون
پیاوێک لێی پرسی وتی ئەی مەجنوون
ڕاستیم پێ بڵێ تۆ زاتی بێچوون
بۆچی بۆ دوشمن تۆ دوعا ئەکەی
خۆت لە قەوم و خوێش تەوەلا ئەکەی
گەر دەسەڵاتت بوایە بە تەقدیر
دۆستانت ئەکوشت بە شمشێر و تیر
جوابی دایەوە مەجنوونی دانا
بە لەفزێکی خۆش وتی ئەی برا
دوشمن دۆستم بێ من ئیتر قوربان
بۆ چیمە تیر و شمشێر و کەوان
عاشق ناترسێ هیچ وەختێ لە گیان
هەر یاری ئەوێ لە هەر دوو جیهان
چونکە لەشکری عامری زۆر بوو
نەوفل بە سوڵح کردن مەجبوور بوو
پیاوی نارد وتی من ناکەم دەعوا
گەنج و خەزێنەم ئەکەم بە فیدا
گەرا ئێوە بە من شەکر نافرۆشن
سرکەیش مەدەن پێم وا تێ مەکۆشن
خولاسە سوڵحیان زوو قبوڵ کرا
دەستیان کۆتا کرد لە شەڕ و دەعوا
مەجنوون ئەمەی دی چووە سەر نەوفل
وتی توخودا تۆ نابی خەجڵ
بۆچ منت خستە ناوی گێژی بەڵا
لەبەرچی نەتکرد بە وەعدە وەفا
ئەمە بوو قوربان لنگ دان و تاوت
لەشکر ناردن و کەمەند و داوت
گەرچی کەرەمت بڵندە ناوی
بەڵام لە عەهدا زۆر ناتەواوی
نەوفل هاتە جواب بە لەفزی شیرین
وتی ئەی مجنون هەژاری مسکین
لەشکرمان کەم بوو هی ئەوان زۆر بوو
سوڵح کردنمان گەلێک زەروور بوو
ئەگەڕێمەوە زوو ب پەنهانی
لەشکر ئەهێنم جا بە ئاسانی
لە قەبیلەکان سوپا ئەدەم سان
لەیلی ئەسێنم بۆت بە زۆر قوربان
نەوفل زوو ناردی بۆ شەڕ و دەعوا
لە مەدینەوە هەتاکوو بەغدا
لەشکری زۆری بۆ هات هەمیسان
سەفیان بەست وەک کێو لە جەرگەی مەیدان
لەشکر تێک ڕژان بە تیر و شمشێر
هەزاران کوژران کەوتن سەرەوژێر
شمشێری کێشا نەوفل دەستوبرد
بۆ سەر لەشکری ئەوان حەملەی کرد
لەشکری نەوفل تالیعیان یار بوو
شکاندیان سوپای باوکی لەیلی زوو
سەرکردەو گەورەی عامری ئەمجا
هاتنە خزمەتی نەوفلی دانا
عەرزیان کرد قوربان بەسە گیرودار
تۆ بمانبەخشە بە خودای کردگار
گەر بشمان کوژی وا هاتوین ئێستا
یا ئەسیرمان کە بماندە سزا
ماچیان کرد دەست و داوێنی نەوفل
ئەویش بەخشینی بە ئارەزووی دڵ
باوکی لەیلی هات عاجز و غەمناک
ئیحترامی کرد سەری خستە خاک
عەرزی کرد وتی نەوفلی سەردار
پیر و عاجزم دڵشکاو غەمبار
ئەگەر بنێری لەیلی بهێنن
لە پێش چاوی من ڕیشەی دەربێنن
یاخۆ بیبەخشی بە خزمەتکارێ
یا بە پیاوێکی لات و هەژارێ
ئیتاعەم هەیە ئەمرت دێنمە جێ
بەڵام پێم بڵێ چۆن خوا هەڵئەگرێ
لەیلای نازداری شۆخی مەهـ جەبین
بدەم بە مەجنوون شێت و بێ تەمکین
دایم لە کێو و لە دەشت و سەحرا
ئەگەڕێ لەگەڵ وەحشی بێ پەروا
مەجنوون هیچ عەقڵ و هۆشی نەماوە
ئێمەیش زۆر خراب ناومان زڕاوە
ئەگەر واز بێنی لەم کارە بە خوا
لە هەر دوو دنیا زۆر خێرت ئەگا
گەر واز نەهێنی بە خوای کردگار
مەجبوورم ئەکوژم من لەیلای نازدار
سەری ببڕم و لاشەی سەگ بیخوا
چاکترە لەوەی کە ببین ڕسوا
نەوفل ئەمەی بیست لە باوکی لەیلا
فکری کردەوە سەعاتێ داما
بەزەوی پیا هات عەفووی کرد دەرحاڵ
وتی ئەی شێخی پڕ عەقڵ و کەماڵ
قسەی تۆ ڕاستە وا دەست بەرداربووم
بە بێ جێ گەلێ کە من گوناهبار بووم
سەرکردەکانی لەشکری نەوفل
ئەوانیش وتیان ئەی گەورەی عاقڵ
شێت و بێ عەقڵە مەجنوونی داماو
لەیلای دەس کەوێ زوو ئەیکا بەدناو
بۆ ئەو ئێمە بوین بە نیشانەی تیر
کەچی لە ئێمە ئەکوژێ بە شمشیر
خولاسە نەوفل زوو لەگەڵ سوپا
دەستی هەڵگرت و گەڕایەوە دوا