باسی خوازبێنی کردنی لەیلی بۆ ئیبن سەلام
لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
14 بینین
ئەو ڕۆژە لەیلی کە بۆ ناو باغ چوو
تەسادوف لە ڕێ پیاوێ تووشی بوو
گەورەی عەرەب بوو عالی مەقام بوو
ناوی شەریفی ئیبنوسەلام بوو
خاوەن ماڵ و موڵک سوپا و لەشکر بوو
ساحێب خەزێنە و گەنج و گەوهەر بوو
تیری برژانگی لەیل لێی کرد ئەسەر
مات و غەمبار بوو زویر و موکەدەر
کە گەڕایەوە بۆ پرس و تەدبیر
زوو کۆی کردەوە چەند پیاوێکی پیر
بەیانی عەشقی خوی بۆ کردن جا
هەموو بە جارێ وایان قەرار دا
گەنج و ماڵ بەرن بۆ باوکی لەیلا
هەیئەتێک بچێ خوازبێنی بکا
زوو کۆبوونەوە چەن پیاوێکی چاک
مەڕ و وشتر و ئەسپی زۆر چالاک
لەگەڵ قەتاری ماڵ و زیو و زەڕ
باریان کرد ڕۆین بۆ خێڵی دولبەر
کە گەیشتنە جێ ئەمجا بە ئیعزاز
پێشوازیان کرد بە عیزز و بە ناز
لای باوک و دایکی لەیلی خۆش خەرام
خوازبێنیان کرد بۆ ئیبن سەلام
باوکی لەیل وتی من ڕازیم ئەمما
ئەمە بەینێکە نەخۆشە لەیلا
با چاک بێتەوە وەعدە بێ ئەوسا
من ئەتاندەمێ دەرسەعات لەیلا
ئیبنوسەلامیش بەمە بوو دڵخۆش
هاتەوە سەری سەبر و عەقڵ و هۆش