باسی لەیلی کە داوای مەجنوونی ئەکرد

لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 3 خولەک  20 بینین
لەیلی بە جوانی کە ئایەتێ بوو
مەشهووری هەموو ویلایەتێ بوو
باڵای وەک سەرووی سەهی هەڵکشا
وەک مانگی چوارده ڕووی شوعلەی ئەدا
بە حەلقەی زوڵفی مانەندی زنجیر
زۆر شێر و بەوری کرد بوو بە نێچیر
هەموو ڕۆژ لەیلی ئەیکرد ئینتیزار
بەڵکو ببینێ مەجنوونی هەژار
لە داغی مەجنوون ئەگریا جار جار
هیچ نەیبوو سەبر و ئارام و قەرار
هەر گوێ قوڵاغ بوو کە بێت پەیامێ
لە لای قەیسەوە یاخود سەلامێ
لەیلی هەر وەکوو مەلاحەتی بوو
لە شیعریشدا زۆر فەساحەتی بوو
مناڵان لەوێ کە تێپەڕ ئەبوون
ئەیان خوێندەوە ئەشعاری مەجنوون
جوابی ئەشعاری مەجنوونی هەژار
زوو ئەیدایەوە لەیلی وەفادار
ئەینووسی و فرێی ئەدا بۆ کۆڵان
لە پاشان هەڵیان ئەگرت مناڵان
ئەیان برد دەرحاڵ بۆ مجنون بەتاو
ئەیخوێندەوە جا بە دڵی سووتاو
بەرئەبوە ڕەقس و سەما دەر زەمان
جوابی ئەنووسی بۆ لەیلی دیسان
ئەیانبردەوە بۆ لەیلی نازدار
وایان ڕابووارد زەمانێ دوو یار
مانەوە هەتا مودەتی یەک ساڵ
قەناعەتیان کرد بە شیعر و خەیاڵ
وەختێ بەهار هات سەحرا بوو ڕەنگین
باغەوان دەستی کرد بە گوڵچنین
لەسەر درەختان بولبول و هوزار
هەر وەکوو مەجنوون بەربوونە هاوار
لەو هەنگامەدا لەیلی وەفادار
هاتە دەرەوە لە خەیمەی زەڕکار
لەگەڵ کچانی شۆخی مەهـ سیما
چوو بوو گوڵگەشتی گوڵزار و سەحرا
لە عەشقی چاوی ئەو نێرگسی مەست
پیاڵەی زەڕکاری جوانی گرتە دەست
لە گوڵ و غونچە بۆنی گرت بە باج
لە باغ و گوڵزار زوو سەندی خەراج
گوڵ لەگەڵ بولبول هەردوو هاوڕاز بوون
بە ئاهـ و ناڵە تەرانەساز بوون
لەیلی زۆر گەڕا ناو باغ و بێستان
بەڵکوو پەیدا بێ لە مەجنوون نیشان
لەو دەورە هەبوو باغێکی ڕەنگین
عەینەن هەر وەکوو سووڕەتخانەی چین
لەیلی شۆخ و شەنگ لەگەڵ نازداران
چوونە ئەو باغە وەک سەروی ڕەوان
لەیلی بە تەنها وەکوو تەزەروێ
چوو دانیشت لە ژێر سێبەری سەروێ
بەر بووە گریان ئەیناڵاند زار زار
ئەیگووت ئەی مەجنوون یاری وەفادار
لە کوێیت زوو وەرە هەتا لە ناو باغ
دانیشی لە لام لە دڵ دەرکەم داغ
گوێی لێ بوو لەیلی دەنگێکی مەحزوون
وا هات ئەخوێنێ ئەشعاری مەجنوون
ئەیگووت کە مەجنون وا غەرقی خوێنە
خوزگە ئەمزانی کە لەیلی چۆنە
مەجنوون وا جەرگی پر دەرد و داغە
لەیلی خەریکی سەیرانی باغە
هەر کە ئەمەی بیست لەیلی باوەفا
بەربووە گریان زۆری لە خۆی دا
لەو کچانەی وا لەگەڵ لەیلا بوو
یەکێکیان نزیک لەیلی وەستا بوو
چاوی تێوە بوو کە لەیلی نازدار
وا ئەگری و لەتاو عەشقە بێ قەرار
کە گەڕانەوە ڕۆیشت دەستوبرد
ئەو کچە دایکی لەیلای حاڵی کرد
وتی کە لەیلی مات و مەحزوونە
یەخسیری داوی عەشقی مەجنوونە
دەخیلم دەخیل زوو بکە چارەی
با لە دەس نەچێ دڵی ئاوارەی
دایکی ئەمەی بیست زۆر خەفەتبار بوو
چارەی پێ نەکرا زار و بیمار بوو