باسی گەڕانەوەی نەوفل و ناهومێد بوونی مەجنوون
لە کتێبی:
لەیلی و مەجنوون
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
19 بینین
مەجنوون هاتە لای نەوفل بە گریان
دڵ پڕ لە غەم و زویر و پەرێشان
وتی تۆ لافی دۆستیت زۆر لێدا
بۆچ تا سەر دۆستم نەبووی بێ وەفا
ئەمەی وت و ڕۆیشت ڕووی کردە سەحرا
هەرچەن بانگی کرد نەگەڕاوە دوا
ڕۆژێ مەجنوونی دڵخەستەی ڕەنجوور
سەحرا ئەگەڕا بێ هۆش و شعوور
سەیری کرد ئەوا چەن ئاسکێکی جوان
کەوتونەتە داو زار و پەرێشان
سوارێکیش لە دوور وا هات ئەیەوێ
دابەزێ و سەریان ببڕێ هەر لەوێ
بە سوارەکەی وت مەجنوونی دانا
من میوانی تۆم ئەمڕۆ توخودا
ئەمانە مەکوژە گوناهیان نییە
گەر بیانکوژی قازانجت چییە
سەیری چاویان کە چەن جوانە و مەحبووب
لێیان نوسراوە غەیرئەلمەغزووب
تۆ بیانبەخشە زوو بە چاوی یار
ئەی مەردی دانا سەرداری ناودار
چاویان لە چاوی مەستی یار ئەکا
بۆنیان لە بۆنی نەوبەهار ئەکا
چاویان بە سورمەی قودرەت ڕێژراوە
بێ گیان کردنیان کەی شێوەی پیاوە
سینەیان جوانە وەک زیوی نایاب
حەیفە بە ئاگر بکرێ بە کەباب
جوابی دایەوە سەیادی هەژار
وتی فەقیرم ماڵ و مناڵدار
مناڵم هەموو برسین ئەی جوان
ڕووحیان بکڕە لێم وەک مەردی مەیدان
ئەسپێکی پێ بوو مەجنوونی ئازاد
ئەسپەکەی پێدا بە دڵێکی شاد
سەیاد ئەسپی برد ڕۆیشت و مەجنوون
مایەوە لەوێ عاجز و مەحزوون
چاوی ئاسکانی ماچ ئەکرد بە دڵ
ئەیوت ئەی ئاسکی تەتاری خۆشگڵ
چاوی تۆ عەینەن وەک چاوی یارە
لەو چاوە مەستە بۆم یادگارە
لە پاش سەعاتێ کردنی بەرەڵڵا
کەوتنە جامبازە لە دەشت و سەحرا
دوایان کەوت مەجنوون بە شین و هاوار
تا لە چاو گوم بوون ئاسکانی تەتار
شەو بە سەردا هات مات و دڵ پەشێو
مایەوە لە دەشت تەنها بار بە لێو
سبەینێ وەختێ کە لەخەو هەڵسا
گرتیەبەر دیسان ڕێی چۆڵ و سەحرا