باسی هاتنە دەرەوەی شیرین لە چادر
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
89 بینین
شیرین هاتە دەر لە پەردەی چادر
وەک لە هەوری ڕەش کە مانگ بێتە دەر
هەروەکوو سەرخۆش کەوتە بەر پێی شا
وەختێ ئەمەی دی پادشای جەمجا
شیرینی هەڵگرت نایە سەرسەری
گوتی تۆی بۆ من تاجی سەروەریی
ئەمجا بە کەیف و خۆشی و خوڕەمی
خوسرەوی پەروێز ماچی کرد دەمی
شیرینی ئەرمەن لەوە زویر بوو
ڕووی لێ وەرگێڕا گەلێ دڵگیر بوو
تا ئەمڕۆ ناوی بە چاک بڕاوە
ئێستاکە بەدەست تۆوە گیرماوە
دەترسێ لەژێر دەستی شەهریار
دوچاری بەڵا بێ و خەجاڵەتبار
خوسرەو کە زانی ئەحواڵی شیرین
سوێندی زۆری خوارد گوتی نازەنین
وەک تۆ دەفەرمووی تا مارەت نەکەم
شەرت و عەهد بێ دەستت لێ نەدەم
گرد دەکەمەوە شاهانی جیهان
ئەوسا بە ڕەسم و عادەتی شاهان
نیکاحت دەکەم یاری جەبینگوڵ
هیچ غەمت نەبێ دڵ مەدە لە دڵ
تکات لێ دەکەم ئەمشەو بە خۆشی
با ڕاببوێرین بە بادەنۆشی
شیرین ئەمەی بیست وەکوو غونچە گوڵ
ڕووی گەشایەوە خۆشی کەوتە دڵ
شیرین بە زڕەی خەڵخاڵ و زیوەر
ڕۆیشتە خێمەی شاهی تاجوەر
مەجلیسی شایی کرا ئامادە
بەربەت و عود و موتریب و بادە
گاهـ خوسرەو دەیگرت پەرچەمی شیرین
دەیسوو لە چاوی پڕ ئەشک و ئەسرین
لەپێی خەڵخاڵی گاهـ دادەکەنی
وەک تەوق دەیخستە مل و گەردنی
گاهـ دەستی دەبرد بۆ سینەی سافی
مەمکی دەگرت و دەیکرد تەوافی
دەیگوت ئەی ئازیز تۆ بۆ من گیانی
بۆ دەردی دڵم هەر تۆ دەرمانی
یەک هەفتەی تەواو هەر وا دەمساز بوون
مەشغوڵی کەیف و ناز و نیاز بوون
لەپاشان ئەمجا ڕۆژی هەشتەمین
شیرین چووەوە بۆ قەسری شیرین
لەگەڵ لەشکر و سوپای بێ سامان
بە حورمەت ڕۆیشت شای نەونەمامان
خوسرەرویش فەرمووی خێمە و بارەگاهـ
کۆچی کرد ڕۆیشت بۆ عاسیمەی شاهـ
دەرگای خەزێنەی کردەوە دەرحاڵ
بە خەروار بەخشی زێڕ و زیو و ماڵ
کۆی کردەوە زوو ئەستێرەناسان
تا کاری سەختی بۆ بکەن ئاسان
ئەسبابی ڕەمڵیان بۆ کرد تەدارەک
بۆیان دۆزیەوە وەختی موبارەک