باسی شایی کردنی خوسرەو بۆ شیرین

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 6 خولەک  97 بینین
بۆ شایی شیرین شاهی تاجوەر
ناردی هێنایان یەک هەزار حوشتر
یەک هەزار ئەسپی کەحێلە و ڕەهوان
لەگەڵ یەک هەزار ئێستری زۆر جوان
یەک هەزار کچی جوانی پەری
بە جوانی وەکوو زوهرە و موشتەری
پێنج سەد سندوقی پۆڵای سەوزەوار
پڕ کران لە لەعل و دووڕی شاهوار
چەند سەد فەرش و چەند خورجی زێڕین
پڕ لە ئەسبابی زەڕبافتی شیرین
کەژاوەیەکیان دروست کرد لە زەڕ
نەخشین کرابوو بە دووڕ و گەوهەر
بۆ دانیشتنی میوانی نازدار
ڕازانرایەوە بە پەردەی زەڕکار
کەوتە ڕێ سوپا و قەتاری شاهی
مانەندی نەبوو لەمەتا ماهی
سوپا ڕایی بوو بۆ قەسری شیرین
شیرین سوار کرا بە عیز و تەمکین
هەموو هەنگاوی بە دووڕی شاهوار
شاباشیان دەکرد شیرینی نازدار
هات تا گەیشتە بەر قەسری جەمشید
وەک لە برجی حووت بێتەدەر خورشید
خوسرەوی پەروێز شاهی با تەمکین
هات بۆ پێشوازی یاری گوڵجەبین
دەستی گرت بردی بۆ قەسری زەڕکار
داینا لەسەر تەخت شاهی تاجدار
مەلایان بانگکرد بە ڕەسمیی پێشین
بۆ خوسرەو بەستیان نیکاحی شیرین
کاتێ لە خوسرەو کە نیکاح کرا
شیرینی ئەرمەن ئاواتی بڕا
گوتی بە خوسرەو ئەمجا نۆشت بێ
ماسیوای شیرین فەراموشت بێ
ئەو شەوە خوسرەو کرا بە زاوا
هێندە سەرخۆش بوو شعووری نەما
بۆ حوجرەی شیرین کاتێ کە بردیان
پێی نەبوو بڕوا هەڵیانگرت بەشان
شیرین کە زانی خوسرەو سەرخۆشە
شعووری نییە یەکجار بێهۆشە
بەربوکێکی بوو پیر و کۆنەساڵ
چرچ و دانکەوتوو وەک دایکی دەجاڵ
دوو مەمکی هەبوو وەکوو خیگەی نەوت
دەمی داچەقاو هەروەکوو ئەشکەوت
جلی بوکێنی خۆی کردە بەری
پیاکرد ئەڵماس و دووڕ و گەوهەری
کردییە ژوورەوە بۆ لای پادشا
خوسرەو کە چاوی پێ کەوت پەشۆکا
گوتی ئیلاهی ئەم کۆنەساڵە
چییە؟ لام وایە خەو و خەیاڵە
پەلاماریدا خێرا دەستوبرد
توند گرتی گوشی کەلەکەی ورد کرد
داپیرە سەدا و قیڕەی لێ هەڵسا
گوتی بمگەنێ بۆ خاتری خودا
گوێی لە دەنگی بوو شیرینی ئەرمەن
چووە ژوورەوە عەیاری پڕ فەن
ڕۆیشتە ژوورەوە وەک گوڵ و شەکر
کام گوڵ کام شەکر ئەڵڵاهوئەکبەر
سەرسام لە لەنجەی ماکەوی دەریی
خەجاڵەتبار بوو لە ڕووی مشتەری
مرواری گوێچکەی هاتبووە خرۆش
ڕەحمەت لە مردووی مرواری فرۆش
خوسرەو کە لەنجە و لاری ئەوی دی
وەکوو دێوانەی مانگی نەوی دی
کەوت و بێهۆش بوو شاهی کەیانی
کە لە خەو هەڵسا وەختی بەیانی
دی تەوقی ملییە دوو زوڵفی موشکین
وا لەسەر سینەی دوو پووزی زیوێن
سەیری کرد گەنجی قوفڵ دراوە
وەک ئاوی حەیات سەرمۆر کراوە
هەڵسا نیشانەی شکاند زوو بە تیر
خورمای بێناوکی خستە پیاڵەی شیر
ئاوی گوڵ ڕژا بەسەر شووشە و جام
شەکراو ڕژایە سەر مەغزی بادام
خولاسە یەک مانگ شایی و لۆغان بوو
بەزم و عیشرەت و چۆپی و سەیران بوو
سێ کەنیزەکی جوانی بێ هاوتا
خاسی خوسرەو بوون لە حەرەم سەرا
هومیلا و سیمین تورک و هومایوون
نازداری جوان بوون وەک دووڕی مەکنوون
پادشا ناردی ئارایشیان دان
بە خشڵ و دووڕ و لەعلی بەدەخشان
هومایوون ناوی بەخشی بە شاپوور
خەڵاتی پێ دا شاهانە دەستوور
بە باربودیش سیمین تورکی دا
هومێلای شۆخی دا بە نەکیسا
لە پاشان نووسی فەرمان و مەنشوور
موڵکی ئەرمەنی بەخشی بە شاپوور
شاپوور کۆچی کرد چوو بۆ ئەرمەن زوو
شاد بوو بە موڵکی جێی موهین بانوو
قەڵای «زەرافنا» کە وا مەشهوورە
بیستومە بیناکردەی شاپوورە
هەتا چەند ساڵێ خوسرەو خوڕڕەم بوو
بە مەرامی خۆی دوەڵەت هاودەم بوو
پاش مودەتێکی زۆر و فراوان
تێری خوارد خوسرەو لە عەیشی جیهان
ئەسەری پیری کە لێی دیاری دا
لە کردەوەی خۆی زۆر خەجاڵەت ما
فکری کردەوە گوتی کە دونیا
زۆر بێ وەفایە بۆ شاهـ و گەدا
بزورگ ئومێدی بانگ کرد بە خەڵوەت
گوتی ئەی گەورەی ساحێب مەعریفەت
پێم بڵێ ئایا چۆنە ئاسمان
تیا هەیە ئاخۆ وەحشی یا ئینسان؟
جوابی دایەوە گوتی پادشا
ڕێی فەلەک دوورە و عەقڵی من کۆتا
جیێ ئەوەندە دوور مەعلوومە قوربان
کەس کەشفی ناکا بە غەیری یەزدان
خوسرەو عەرزی کرد ئێمە لە دونیا
کە دەرچووین بۆ کوێ دەچین لەوەولا؟
گوتی ئەم سڕە لە پەردەدایە
ئێمە نازانین پەردە چی تیایە
هەتا کوو نەچین ئێمە نازانین
چیمان بەسەر دێ بۆ کام لا دەچین
ئەمجا لێی پرسی گوتی کە ئایا
لەپاش مردنمان ئەحواڵی دونیا
لە بیرمان دەبێ دێتەوە یادمان
کە چیمان کردووە لەسەر ڕووی جیهان؟
جوابی دایەوە جا بوزورگ ئومێد
گوتی بە خوسرەو واریسی جەمشید
لەپێش هاتنی ئێمە بۆ دونیا
ڕۆحمان نوورێک بوو لە ئەوجی سەما
ئێستا نازانین ئەحواڵی ئەوسا
دەترسم لەپاش مردنیش هەر وا
ئەحواڵی دونیا بکەین فەرامۆش
لەژێر زەمیندا بمێنێن خامۆش
لەپاشان خوسرەو گوتی پێی گیانە
نەسیحەتم کە تۆ حەکیمانە
جوابی دایەوە حەکیمی عاقڵ
عەرزی کرد گوتی ئەی شاهی عادل
تۆ بخورەوە و بخۆ ئاو و نان
نە زۆر و نە کەم موعتەدیل قوربان
چونکە مەشهوورە دوو پیاو لە سەحرا
نان و توێشوویان پێ بوو دایاننا
یەکێکیان زۆری خوارد و پەشۆکا
ئەوی تر هیچی نەخوارد برسی ما
ئەویان زۆری خوارد ئاخر شەقی برد
ئەمیان پەکی کەوت لە برسانا مرد
دیسان پادشا گوتی ئاخۆ گیان
ڕۆح چۆن دەردەچێ لە لاشەی ئینسان؟
عەرزی کرد گوتی ئەی شاهی سەروەر
هیچ کەس تێ ناگا غەیری پێغەمبەر
دیسان لێی پرسی خوسرەو بەپەرۆش
وتی ئەی دانای ساحێب عەقڵ و هۆش
لەناو عەرەبدا شەخسێک هەڵساوە
دەعوای دین دەکات ئایا ئەو پیاوە
کێیه؟ ئایا تۆ نسبەتی دینی
لەگەڵ دینی من چلۆن دەبینی؟
جوابی دایەوە حەکیمی دانا
گوتی ئەو زاتەی تۆ دەڵێیت بە خوا
ئاوازەی لەسەر چەرخی گەردوونە
حەبیبی زاتی پاکی بێچونە
بە حەق بزانە تۆ دینی تازە
لەگەڵ حەق مەکە هەرگیز تۆ بازی
وەختێ ئەمەی بیست خوسرەوی بێدیین
هەموو ئەندامی بەربووە لەرزین