باسی گۆرانی گوتنی نەکیسا بە زوبانی شیرینەوە
لە کتێبی:
شیرین و خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
5 خولەک
4 بینین
شاپوور نەکیسای بردە لای شیرین
گوتی دانیشە لێرە بە تەمکین
گوێ بگرە بەڵام مەمکە تەماشا
چی دەڵێم بە تۆ بیڵێ بە سەدا
بیگێڕەرەوە باش بە گۆرانی
کەس فەرقی نەکا هەر خۆت بزانی
باربود ناویش موتریبی شا بوو
لە دەنگی خۆش و نەغمە سەرا بوو
لە خزمەت خوسرەو بە نەغمەخوانی
خوێندیەوە شیعری خۆش و گۆرانی
شیرینی ئەرمەن گوتی نەکیسا
دەخیل و ئامان بە نغمەی نەوا
چەند هەڵبەستێکی شیرین و دڵکەش
پێت دەڵێم بیڵێ بە ئاوازی خۆش
جا ئەم شیعرانەی گوت بە نەکیسا
ئەویش خوێندییەوە بە نەغمەی نەوا
شیعرخوێندنەوەی نەکیسا بە زوبانی شیرینەوە
گوتی ئەی تاڵع دەسا ڕۆژی چەند
لەپێم دەرهێنە تۆ زنجیر و بەند
قەت بە وێنەی من نییە زەعیفێ
وەکوو من نییە هەرگیز حەریفێ
بۆچی وەک شیبر ئەمخەیتە سەر خاک
خۆم ئاوا کەوتووم زەلیل و غەمناک
وەک گوڵ لە عیشقا پەردەم دڕیووە
ڕووی دونیام هەتا ئێستا نەدیوە
غەریب و بێکەس غەمبار کەوتووم
دەستم بڕاوە لە ئیش دواکەوتووم
من بەتەمای تۆ گیانمدا بە با
ژیانی خۆمم داوە بە فەنا
هیچ خۆشیم نەدی لە ڕووی زەمانە
بووم بە نیشانە بۆ تیری تانە
جوابدانەوەی باربود بە زوبانی خوسرەوەوە
ئەم شیعرانەی خوێند کاتێ نەکیسا
باربود لەولا دەنگی لێ هەڵسا
گوتی سبەینێ لەلای باغی گوڵ
ڕابووردم مەست و سەرخۆش و خۆشدڵ
گوڵی شەستپەڕی جوان و نازەنین
بە دڕک دەورەی کرابوو پەرژین
دەرگای باغەکە داخرابوو لە من
قوفڵی نەشکابوو بە دەستی دوشمن
لەو هەموو گوڵە و میوەی تازە و تەڕ
هیچم دەست نەکەوت غەیری دەردی سەر
پەری ڕوویەکی شۆخی جانانە
پەیدابوو لەپڕ بۆی بووم دێوانە
نازەنینێ بوو بە زڕەی خڵخاڵ
سۆفی سەد ساڵەی دەهێنایە حاڵ
قەسەم بە تاقی برۆی خەمیدەی
بە نێرکسی مەست یەعنی دوو دیدەی
قەسەم بە زوڵفی وەکوو کەمەندی
بە بەژن و باڵای سەرووی بڵندی
گەر دەستم کەوێ هەتاکوو زیندەم
ئەو پادشابێ منیش هەر بەندەم
باربود وەختێ ئەمەی تەواوکرد
نەکیسا جوابی داوە دەستوبرد
جوابدانەوەی نەکیسا بە زوبانی شیرینەوە
گوتی لە ڕێتا خۆ من بووم بە خاک
سایەم بخە سەر ئەی سەرووی چالاک
لەم باغە هیچ کەس میوەی نەچنیوە
دەرگا داخراوە کەسێ نەیدیوە
بۆ هەناری من هەر کەس ببا دەست
دەستی لێ نادا زوو دەیکەم سەرمەست
کەسێ بیەوێت لە سێوم بخوا
وەک مناڵ تەفرەی دەدەم بەخوا
گەر لەسەرم دەن وەکوو فندق سەنگ
تۆ نەبی هیچ کەس لێم نابینێ ڕەنگ
هەتاکوو دونیا ماوە و دەمێنێ
هیچ کەس بۆ میوەی من دەست ناهێنێ
باربود ئەمەی گوێ لێ بوو دیسان
جوابی نەکیسای دایەوە زۆر جوان
جوابدانەوەی باربود بە زوبانی خوسرەوەوە
گوتی بۆنی دۆست دێت لە دەماغم
خەیاڵی گەنجی هەیە چەراغم
لام وایە لەلای شیرینە خوسرەو
کەوا خەریکە دێت بەهاری نەو
مەگەر بای بەهەشت هات گوزەری کرد
لە دڵما خۆشی وا ئەسەری کرد
ئەی تاڵع بڵێ بەو پەریزادە
ئەستێرەی سەعدم بکات ئامادە
سەریشم ببڕێ ئەگەر وەکوو مەڕ
وەک سەگ دادەنێم لەبەر دەرگات سەر
هەر وەکوو ماسی دوور بێت لە دەریا
دوور مامەوە لێت عاجز و تەنیا
ئەمە عومرێک لە چاومایە جێت
تێر ماچم دەکرد خۆزگە بەری پێت
یا دەردی دووریم تۆزێ دەوا کە
یا گیان لە لاشەم قوربان جیا کە
لێم بوویت بە ئاوی جۆی زیندەگانی
کە لەبەر چاوم دائیم پەنهانی
جوابدانەوەی نەکیسا بە زوبانی شیرینەوە
کە دەستوبردی باربودی دی
شیرین لە عیشقا کاری بەجێی دی
گوتی نەکیسا دەخیل و ئامان
ئەمە بڵێ بۆم دەستم بە دامان
مەعلووم بێ لە تۆ یاری بەوەفا
وەک دوێنێ ڕۆیشت ئەمڕۆش هەر دەڕوا
ئەمڕۆ بەهارە فەسڵی نەورۆزە
وەختی عیشرەتە دڵان پڕ سۆزە
ئەو گوڵەی بەهار کەس بۆنی نەکا
بە بادی خەزان دەچێ بە فەنا
ئارەزووی دڵم لە تافی جوانی
هەر وەسڵی تۆیە پاش زیندەگانی
بە هەر نەوعێ بوو تا ئەمڕۆ قوربان
لەناو پەردەدا من بووبووم پەنهان
لە پەردەی تاریک غەم پەروەرەوە
وەکوو برووسکە هاتمە دەرەوە
من هەتاکوو کەی بکەم خەیاڵت
بەرەڵا دەکەم ڕووم بۆ جەمالت
دادەنیشم لات بەدڵێکی شاد
لە ڕەنج و میحنەت خۆم دەکەم ئازاد
کە ئەم قسانەی گوێ لێ بوو خوسرەو
ئەحواڵی تێک چوو کەوتە تەکودەو
ناڵاندی گوتی باربود ئامان
خەریکە دەرچێ لە بەدەنم گیان
جوابی باربود لە زوبانی خوسرەوەوە
لەجیاتی شاهی پڕ عەقڵ و کەماڵ
باربود جوابی دایەوە دەرحاڵ
گوتی ئەی سەنەم من عوزرخواهم
ببەخشە بە من جورم و گوناهم
لە کردەوەی خۆم زۆر پەشیمانم
بە شەفیع دێنم چاوی گریانم
من خۆ هیچ بەرم نەخوارد لە جوانی
تۆ بەرخوردار بە، بە کامەرانی
ئەم شیعرانەی خوێند باربود ئەمجا
شیرینی ئەرمەن زۆر دڵی سووتا
هاوارێکی کرد بە دڵ پڕ بە دەم
گوێی لە دەنگی بوو پادشای عەجەم
وەک یەکێ لە کێو دەنگ بداتەوە
ئەو کێوە دەرحاڵ جواب دەداتەوە
لە دەنگی شیرین خوسرەو دەستوبرد
یەخە و بەرۆکی پارچەپارچە کرد
بە بانگی بەرز و بە گریان و شین
هەڵسا ڕووی کردە خێمەکەی شیرین
شاپوور عەرزی کرد گوتی شەهریار
دەخیلم مەچۆ ژوورەوە زینهار
باسی شیرینی تەواو سەرتاپا
گێڕایەوە بۆ شاهی عالی جا