باسی پەشیمانبوونەوەی شیرین و هاتنی بۆ بارەگای خوسرەو
لە کتێبی:
شیرین و خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
3 خولەک
5 بینین
کە خوسرەو ڕۆیشت دەستبەجێ شیرین
بەربووە گریان بە شین و ناڵین
لە گوستاخی خۆی گەلێ خجەڵ بوو
یەکجار پەشێو و شپرزەدڵ بوو
هاتە دەرەوە لەناو قەسری سەنگ
گوڵگوونی زین کرد بە دڵێکی تەگ
ئەو شەوە گەلێ سەرما و تاریک بوو
ڕێگا دیار نەبوو یەکجار باریک بوو
ڕووی کردە سەحرا بەیەلغار و دەو
هەتا گەیشتە بارەگای خوسرەو
عەسکەر و غوڵام هەموویان یەکسەر
نووستبوون هیچ کەس نەبوو بەخەبەر
لەبەر خێوەتی پادشا شاپوور
تەنها وەستابوو سەیری کرد لە دوور
سوارێ پەیدا بوو زۆر سەری سووڕ ما
کە ئەوە کێیە وا دێت بە تەنیا
چوو بەرەوپیری سەیری کرد شیرین
سواری گوڵگوونە دایبەزان لە زین
گوتی بە شیرین ئەی موڵکی سیما
بۆچی بەم شەوە هاتووی بە تەنیا
شیرین دەستی گرت بردییە پەناوە
قسەی خوسرەوی هەموو گێڕاوە
گوتی بەڕاستی زۆر بێعەقڵیم کرد
دڵی پادشام ڕەنجاند دەستوبرد
من لەو قسانە زۆر پەشیمانم
خەجاڵەتبارم چارە نازانم
کە تۆرا، عەقڵم لە سەرم لاچوو
سواری گوڵگوون بووم کەوتمە ڕێگە زوو
خۆم بە بەختیار دەزانم کەوا
تووشی بەدکارێ نەبووم لە ڕێگا
ئێستاکە نیمە لە کەس خۆف و بیم
نامووسم دەکەم وا بە تۆ تەسلیم
دوو ڕجام هەیە دەخل و ئامان
بۆم بەجێ بێنە وەک مەردی مەیدان
یەکێ ئەمەیە وەختێ پادشا
سەرلەبەیانی کە لە خەو هەڵسا
بمشاریتەوە نەزانێ خوسرەو
کە ئەمشەو هاتووم من لە شوێنی ئەو
دووەم ئەمەیە تا مارەم دەکا
دەستم لێ نەدا و بە وەسڵم نەگا
ئەم دوو ئیشە گەر بۆم پێک نەهێنی
دەگەڕێمە دوا، هەر زوو سبەینێ
شاپوور عەرزی کرد گوتی بەسەر چاو
هەرچی دەفەرمووی وا دەکەم تەواو
ڕۆیشت گوڵگوونی بردە سەر ئاخور
شیرینی بردە خێوەتێکی تر
خوسرەوی پەروێز دوو خێوەتی بوو
یەکێ بۆ نووستن پڕ فەرش کرابوو
خێوەتەکەی تر بۆ بەزمی بادە
ڕازانرابووەوە جوان و ئامادە
شیرینی وەکوو پارچەیەک لە نوور
بردە خێوەتی بەزمەکە شاپوور
دەرگای خێوەتی لەسەر کرد مەحکەم
خۆی چوو بۆ خێمەی شاهی جەمحەشەم
بەیانی لە خەو هەڵسا پادشاهـ
ڕووی شوعلەی دەدا بە مانەندی ماهـ
گوتی بە شاپوور ئەمشەو لە خەوما
لە باغێکا بووم خۆش و باسەفا
لەناو گوڵزارا دەگەڕام سەرمەست
چرایەکی زۆر جوانم کەوتە دەست
بۆ تەعبیری خەو هاتە جواب شاپوور
گوتی چاوی بەد لە ڕووی تۆ بێ دوور
شوکرانە بکە بۆ گیانئافەرین
بەم زووە دەگەی بە وەسڵی شیرین
لە تەعبیرەکەی شاپووری دانا
کەیفی زۆر خۆش بوو شاهی عالی جا
سبەی لە مەشریق کە ڕۆژ هاتە دەر
مەجلیسی سازکرد شاهی تاجوەر
کۆیان کردەوە هەموو هاودەمان
دەرکران لەلای شا، نامەحرەمان
سوراحی و ساغر پیاڵە و نوقڵدان
دانران بە تەرتیب لەسەر مێزی جوان
ساقی هات گێڕای شەرابی گوڵنار
موتریب دەستی کرد بە لێدانی تار
نەکیسا ناوێک موتریبی شا بوو
لەگەڵ باربوت کە بێ هاوتا بوو
نەکیسا لێی دا عود و چەنگ و ساز
بە نەغمەی خۆش و مەقامی حیجاز
هەڵسا هەر وەکوو پەروانە شاپوور
چوو بۆ خێوەتی یاری جەبیننوور
بە شاپووری گوت شیرین تو خودا
موتریبێک بۆ من بهێنە ئێستا
با حەسەبحاڵم زوو بکا بەیان
ئەو لە جیاتی من بۆ شاهی جیهان