باسی کاغەزنووسینی کەیکاووس شاهـ بۆ ڕۆستەم تاجبەخش

لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 9 خولەک  47 بینین
شاهـ فەرمووی، وەزیر حازر بوو لەلای
سوجدەی زەمینی برد بۆ خاکی پای
وتی بنووسە نامەی خۆشتەقدیر
بۆ لای تاجبەخش شێری بێ نەزیر
قەڵەمی هەڵگرت وەزیری دانا
ئەووەڵ بەناوی خودای بێ هاوتا
مەعلووم بێ ڕۆستەم پاڵەوانی جەنگ
کوشندەی دێوان ئەولادی ئەرژەنگ
ئێران و توران تا وڵاتی چین
ناوت مەشهوورە لەسەر ڕووی زەمین
شێرانی بێشە پڵنگانی کۆ
بە زەربەی تیغت بوونە ڕەنجەڕۆ
تاج و تۆمارم، تۆی هەموو کەسم
ڕۆژی تەنگانە هەر تۆی دادڕەسم
قاتلی دێوان تاجبەخشی شاهان
فەریادڕەسی عام حیشمەت پەناهان
کە نامەم گەیشت زینهار سەد زینهار
هەڵ بگرە سیلاح زوو بۆ کارزار
سواری ڕەخش بە، نەوەی زاڵی سام
هیچ مەگرە ئارام حازر بە لەلام
ئەوا لەلایەن شای ئەفراسیاب
هاتووە سوپای بێ حەدد و حیساب
لە عەرسەی مەیدان مەعرەکەی نەبەرد
کێو بە گورز ئەکا بە تۆز و بە گەرد
هەرچی پەهلەوان سەر حەد نشینین
یەکایەک هەموو زۆر دڵغەمگینن
شاهـ کاغەزی دا بە گیوی سالار
بە بێ مودارا دەر حاڵ و سوار
دە ڕۆژ و دە شەو بە وەخت و بێ وەخت
بەڕێدا ڕویشت بە تالووکە و چەخت
وەختێ بەیانی ڕۆژی یازدەمین
ئەمجا گەیشتە لای زابل زەمین
ئێشکچییەکان لە باڵای حەسار
سەیریان کرد لە ڕێ پەیدا بوو یەک سوار
چوون بۆ لای ڕۆستەم بێ سەبر و ئارام
عەرزیان کە ئەی نەوەی زاڵی سام
سوارێک بەڕێوە و دێت بەبێ درەنگ
زەمین لە ژێر پێی ئەسپی، بووە تەنگ
بەڵام نازانین ئەو سوارە کێیە
لە ئێران هاتووە خەبەری پێیە
ڕۆستەم کە بیستی، هەڵسا سوار بوو
لە دەرگای حەسار هاتە دەرێ زوو
کە دی کلاوخودی زێڕی لە سەرە
وتی گەیشت گیوی خاوەن ئەفسەرە
هات بە پیرییەوە زۆر بە ئیحتیرام
یەکتریان ماچ کرد بە خۆشیی و سەلام
دەستی گیوی گرت ڕۆستەمی دەستان
بە شەوق و خۆشی ڕویشتنە دیوان
وتی پێم بڵێ چۆنە پادشا؟
پاڵەوانەکان دڵخۆشن ئایا؟
گیو وتی قوربان گشت پاڵەوانان
حورمەتیان هەیە لای شاهی ئێران
بەڵام پادشا زۆر بێ دەماغە
حەسار گیراوە هەجیر دوستاغە
منیان ناردووە بە تالووکە و دەو
زینهار تەهمتەن بێ خۆراک و خەو
سەردارێک هاتووە زۆر سامناکە
ناوی زۆرابە گەلێ بێباکە
شەست و دوو هەزار سواری هێناوە
پاڵەوانێکی ئازا و تەواوە
ڕۆستەم وتی من دنیا سەرانسەر
نەمدیووە کەسێ لە خۆم ئازاتر
بەڵام لە کچی پادشای سەمەندگان
کوڕێکی داوە خوداوەند پێمان
ئەترسم ئەو بێ هێندە ئازایە
هەجیری گرتووە ئەلحەق بەڵایە
ئەگەر زۆراب بێ بازی کردووە
هەجیری لە ڕووی ئاشتی بردووە
بەڵام هێشتا ئەو یەکجار منداڵە
عومری نیهایەت چواردە ساڵە
لە پاشان ئەمجا گیوی ناودار
دایە دەست ڕۆستەم نامەی شەهریار
ڕۆستەم کە وەختێ سەیری نامەی کرد
سەعاتێ مات بوو خۆفی بە دڵ برد
وتی بە عەونی خالقی بێ چوون
بە زەربی شمشێر ئەیکەم سەرنگوون
بە ڕوشتەی کەمەند من ئەیکەم قەستی
لەباتی هەجیر ئەبەستم دەستی
کە داوای تەختی کەیکاووس ئەکا
چاوی لە مەرگە ئەیکووژم بەخوا
ئەمشەو جامی مەی با تێر بنۆشین
سبەینێ بەرگی غەزەب بپۆشین
سێ ڕۆژ و سێ شەو بەزمی بادە بوو
مەجلیس فەرەحبەخش ساقی سادە بوو
لە مەستی شەراب سەرسام بوون سەرجەم
عاقیبەتی کار ڕۆژی چواردەیەم
گیو وتی ڕۆستەم نەوەی زاڵی سام
ئەمە سێ ڕۆژە کە من تەعتیل مام
یا ڕوخسەتم دە یا بڕۆین ئێستا
نەوەک پادشا قەسدی سەرم کا
کەیکاووس بۆ جەنگ دڵی بەتابە
مەعلووم بێ لە تۆ، حاڵی خەراپە
ئەترسم وەختێ مەستی شراب بێ
لەگەڵمان قسەی زۆر ناسەواب بێ
جوابی دایەوە جیهانپاڵەوان
وتی لە ترسم ئەلەرزێ شێران
کەیکاووس لای من وەک مشتێ خاکە
چە پەروام لە شای پڕ سام و باکە
وتی زەڕ عەلی ئازای کەمەر زەڕ
زین بکە ڕەخشی پەرەندەی بێ پەڕ
سواری ڕەخش بوو جیهانپاڵەوان
بە یەلغار ڕویشت هەتاکوو ئێران
گودەرز و بەهرام فەرهاد و قوباد
زەنگەی شاوران گورگینی میلاد
سوارانی جەنگ هەزاران هەزار
چوون بۆ پێشوازی ڕۆستەمی سەردار
ڕۆستەم دابەزی لە ڕەخشی پەران
بە قەدر و حورمەت بردیانە دیوان
سەلامی کرد و وەستا بەپاوە
کەیکاووس ئەسڵەن جوابی نەداوە
ڕقی هەڵسابوو کەیکاووس بەقار
ڕووی کردە ڕۆستەم وتی هەرزەکار
هیچ باکت نییە خۆ من پادشام
لە پێش چاوی تۆ من وەکوو گەدام
گیوم ناردە لات وتم سەد زینهار
هەجیر یەخسیرە بووە یەختەسار
تۆ خەریکی کەیف زەمزەمەی سازی
لە حوکمی شاهان زۆر بێ نیازی
ئەگەر من ئێستا شمشێر ئەبوو پێم
ئەوسا بە تەحقیق ئەتزانی من کێم
بە یەزدانی پاک وەها ئەمدا لێت
سەرت وەک ترنج ئەکەوتە بەر پێت
شاهـ وتی بە گیو بۆم بگرە ڕۆستەم
چونکە بێ گوێیە دەرچوو لە قسەم
گیوی ناودار زۆر خەجاڵەت ما
سەری شۆڕ کرد و نەیکرد قسەی شا
زۆر ڕقی هەڵسا شاهی کەیکاووس
بە توندوتیژی جا خوڕی لە توس
وتی هەڵسە زوو، ڕۆستەمی بەدکار
بگرە بۆم بێنە بیدە تۆ لە دار
دارکاری بکە بیخەرە زیندان
با ئیتر نەکات بێ ئەمری شاهان
هەتا ئەتوانی ئەزیەتی بدە
سەرکێشی نەکا ئیتر ئەو بەدە
جا توسی نەوزەر لەجێی خۆی هەڵسا
ڕووی کردە ڕۆستەم بە فەرمانی شا
دەست ڕۆستەمی گرت بیباتە بەقار
فیلەتەن خوڕی وەک هەوری بەهار
وتی هەر فەلەک ئەتوانێ بەقار
ڕۆستەمی دەستان بکێشێ بە دار
تۆ کارێ مەکە بە گورزی گران
پەرێشان بکەم ئێران و توران
مەڵێ من شاهم خاوەن تەخت و تاج
بە منەوە سکەت هەیەتی ڕەواج
گەر نەبێ لەبەر تانەی ڕۆزگار
هەر ئێستا من تۆ ئەکێشم لە دار
چەند دێو و چەند شێر چەند جادووی بەدکار
من بۆ تۆ هەموو کردم نگوونسار
بۆ تۆ من گرتم چەند شار و وڵات
سەری چەند شاهم خستە ژێری پات
لە ڕێگای حەوتخوان من چەند جەفام برد
کۆر ببێ چاوت نازانی چیم کرد
خۆم و ئەولادم فەرمانبەردار بووین
ئێستا خەڵاتمان فەلاقە و دار بووین
خەبەر بزانن شاهان و خونکار
کەیکاووس ڕۆستەم ئەداتە بەر دار
مردن باشترە لە تانەی بەدکار
ئێران و توران ئەبن ئاگادار
لە دەستم نایەت کوشتنی شاهان
ئەگینا لەگەڵ خاک ئەتکەم یەکسان
نامەردم ئەگەر ئیتر بتبینم
چارەی خۆت بکە شاهی پێشینم
تۆ تاجی منە کردووتە بە سەر
ئێران و توران دنیا سەرانسەر
قودرەتی نییە کەس بکا ئینکار
هەرکەس ئینکار کا ئەبێ شەرمەسار
ڕۆستەم ئەمەی وت بەقار و بەقین
سوار بوو ڕووی کردە ڕێی زابل زەمین
وەختێ ئەو ڕۆیی گیوی نامدار
هەڵسایە سەر پێ وتی شەهریار
لەگەڵ ڕۆستەمی گەورە و حورمەتدار
قسەی وا مەکە ببێ دڵئازار
بۆچی ڕۆستەمت وا کرد دڵتەنگ
شووشەی بەختی خۆت مەشکێنە بە سەنگ
گودەرز ئەمەی بیست ئەویش لە پاشا
هەڵسا ڕاوەستا لەبەر تەختی شا
وتی ئەی شاهم تۆ هەتە خەبەر
ڕۆستەمی دەستان شێری پڕ هونەر
چەند بۆ تۆ کێشای جەفای ڕۆزگار
چەند دێو و جادووی بۆت کرد لەت و پار
چەند جار لە جەنگی شای ئەفراسیاب
بە خوێن تورانی پڕکرد لە سیلاب
ئێستە لەلای تۆ خۆ خەتاکارە
بە قسەی تۆ بێ خەڵاتی دارە
کاتێ ئەمەی بیست پادشای ئێران
ناردی بە شوێنیا زوو بوو پەشیمان
وتی کە ڕۆستەم نەوەی نەریمان
نووری دیدەمە وا بووم پەشیمان
گودەرز و بەهرام فەرهاد و قوباد
شیدوش و شاپوور گورگینی میلاد
توس و فەرەیدون لەگەڵ گەستەهەم
ڕەوانەی کردن بە شوێنیا دەر دەم
گەیشتنە ڕۆستەم بە سەد ئیحترام
ڕاوەستان هەموو لێیان کرد سەلام
عەرزیان کرد کە ئەی جیهانپاڵەوان
بۆچی عاجز بووی لە شاهی ئێران
سالاری گەورە و گرانی خۆ تۆ
مایەیی ژینی هەمووانی خۆ تۆ
پاڵەوانەکان بێ تۆ دڵتەنگن
هەموو عاجز و مات و بێ دەنگن
تۆی خاوەن تەخت و تاج و تەپڵ و کووس
گوێ مەدە قسەی پوچی کەیکاووس
پادشاهـ بێهۆش مەستی شەراب بوو
عاجزی کردی زۆر ناسەواب بوو
بە گودەرزی وت نەوەی پووری سام
فەرمووی بەسی بێ قسەی ناتەمام
شەرتم کردووە بە دڵێکی ساف
هەتاکوو ماوم بێ دەرد و خیلاف
تاکوو من زیندووم لەسەر ڕۆزگار
نابێ ببینم چارەی شەهریار
من هەمە ڕەخش و گورزی گاوسەر
بۆچی بترسم لە شای تاجوەر؟
دووبارە گودەرز هاتەوە گوفتار
وتی ئەی شێری عەرسەی کارزار
فەرموودەکەی تۆ ڕاست و ڕەوانە
بەڵام من عەرزم هەیە بزانە
لێت ئەدەن خەڵقی تەعنەی بێ حساب
ئەڵێن کە ڕۆستەم ترسا لە زۆراب
ڕۆستەم ئەمەی بیست ساکن بوو لە قین
ترسا لە تەعنەی ئەهلی سەرزەمین
بە قسەی گودەرز گەڕایەوە دوا
هاتەوە بۆ شار بۆ لای پادشا
کەیکاووس هەڵسا زوو پێشوازی کرد
لەسەر تەختی زێڕ داینا دەستوبرد
وتی پاڵەوان بۆچی دڵڕێشی؟
لازمە کە تۆ نازم بکێشی
تۆ گەورەییت کرد منت کرد بە شا
پێویستە دایم بکەی مودارا
زۆر پەشیمان و خاتر غەمگینم
پەڕیوە ڕەنگی ئاڵ لە جەبینم
جوابی دایەوە ڕۆستەمی سەردار
وتی بمبەخشە منم گوناهکار
هەتاکوو زیندووی ڕووی سەر بیساتم
بەندە و غولام و خاکی ژێرپاتم
منیش یەکێکم لە گەردنکەچان
ببەخشە خەتای غولامی خۆتان
تەوفیقم بدات گەر خودای جەببار
دوژمنەکانت من ئەدەم لە دار
ئەوەی داوای تەخت کەیکاووس ئەکا
بە غەیری مردن ئیتر چارەی کوا؟
شاهـ وتی ئەمشەو تۆ مەی بنۆشە
سبەینێ بەرگی غەزەب بپۆشە
لەگەڵ خۆت بەرە سوپای بێ شومار
دنیا لە زۆراب بکە تەنگ و تار
شەوێ نۆشیان کرد شەرابی گوڵڕەنگ
بە دەنگی ساز و بە ئاوازی چەنگ