باسی کاغەزنووسین بۆ کەیکاووس شاهـ

لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 3 خولەک  44 بینین
باوکی سەمەنبۆ گەلێ بوو سەرسام
بانگی کرد وەزیر خاوەن هۆش و فام
کاغەزی نووسی بەناوی خودا
پاش عەرزی حورمەت بۆ کەیکاووس شاهـ
وتی کەیکاووس پادشای ئێران
سالاری سەرحەد جەنگی دلێران
هومێدم بە زات جیهان ئافەرین
بمێنی دڵخۆش لەسەر ڕووی زەمین
تا ئاخر زەمان لەسەر تەختی زەڕ
حوکمت ڕەوا بێ دنیا سەرانسەر
مەعلووم بێ لە لات شای عالی تەبار
وا ئەفراسیاب فیتنەی ڕۆزگار
سوپای عەزیمی هێناوە بۆ جەنگ
دنیا لە ئێمە ئەکا تار و تەنگ
لە خێمە و چادر ئاوریشم تەناف
سەحرا و سەر زەمین بوو بە زیوی ساف
جوانێ کە عەمری چواردە ساڵانە
سالار و سەرکێش کەمەرلاڵانە
وەختێ هەڵئەگرێ تیغی هیندیکار
نەهەنگ لە دەریا ئەبێ بێقەرار
هاتووە لە توران بۆ شەهریاری
زۆر غوڵامانی کردووە حەساری
هەجیری کردووە لە مەیدان ئەسیر
دەستی بەستووە بە ڕەوق و زنجیر
کەسێ نەماوە لە سواری شەڕکەر
بچێتە مەیدان بۆ عەرسەی خەتەر
ئیتر ئیختیار بەدەستی شایە
نەجاتمان بدە زوو لەم بەڵایە
عەرزەی زەلیلی وەختێ تەواو کرد
دای بە قاسیدێ وتی دەستوبرد
وتی تۆ بیبە زوو بە تەکودەو
هیچ ڕامەوەستە بە ڕۆژ و بە شەو
هەرچی گەنج و ماڵ لە قەڵادا بوو
باریان کرد بە شەو فیراریان کرد زوو
بەیانی کاتێ خورشیدی خاوەر
لە بورجی مەشریق سەری هاتەدەر
زۆراب خەبەر بوو لە خەوی شیرین
لە داغی کچە دڵ پڕ قار و قین
کردی بە بەردا ئەسلەحەی ڕۆی جەنگ
سواری ئەسپ بوو خێرا بێ درەنگ
لەشکری تورکان هاتن بۆ نەبەرد
زەمین تاریک بوو هەوا لاجیوەرد
ئەسپی یەلغار دا زۆرابی ناودار
شکاندی بە گورز دەروازەی حەسار
لە شوێن سەمەنبۆ، گەڕا سەر تا خوار
نەیدی نیشانی دوختەری نازدار
بار و بارخانەی بردە ناو قەڵا
لەوێ مایەوە زۆرابی واڵا
لەولاوە قاسید وەکوو بای شەماڵ
گەییە پایتەختی شاهی کەمەرلاڵ
سەر لە بەیانی چوو بۆ بارەگا
نامەکەی دایە دەس کەیکاووس شا
هەموو ئەحواڵی خۆیان سەرانسەر
عەرزی کرد لەلای شاهی تاجوەر
وەختێ خوێندییەوە نامەی دلێران
زۆر ڕقی هەڵسا پادشای ئێران
بۆ بیژەن و گیو گورگین میلاد
ڕەهام و بەهرام گودەرز و گوشواد
توس و فەرەیدون شازادەی کەیان
شیدوەش فەرهاد نەوەی کاویان
باسی کرد قسەی زۆراب سەرتاپا
پاڵەوانەکان زۆر سەریان سووڕما
هەموو سەرسام بوون لەو قسە و باسە
خاتر پەرێشان بەبێ هەناسە
شاهـ وتی کامتان پڕ زۆر و سامن؟
کێتان هونەرمەند بەرزە مەقامن؟
سبەینێ ببەن لەشکر و سوپا
وەکوو شێر بڕۆن بۆ شەڕ و دەعوا
وەختێ کە دەرکەوت شوعلەی ئافتاب
زوو بڕۆن لەگەڵ سوپای بێ حساب
لەشکری تورکان بکەن قەتلوعام
ببن بە واتە تا یەومولقیام
لە پاڵەوانان بارەگاهی شاهـ
کەس نەبوو بڵێ من ئەبەم سوپاهـ
هەموو بێدەنگ سەریان خستە خوار
لەپاش موددەتێ هاتنە گوفتار
وتیان پادشاهـ ئازایەکی وا
کە دایم شمشێر لە ڕووی هەور ئەدا
هەجیری کەوا کردووە ئەسیر
بە یەزدانی پاک خودای بێ نەزیر
مەگەر هەر ڕۆستەم لە زابل زەمین
بچێ بۆ جەنگی لە مەیدانی قین
بە غەیری ئەمە نییەتی چارە
پاڵەوانێکی یەکجار زۆردارە