باسی ناردنی لەشکر بۆ شەڕ لەگەڵ زۆراب

لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 3 خولەک  78 بینین
سبەینێ کاتێ دەرکەوت شوعلەی خۆر
پادشا وتی بە توسی نەوزەر
لە سوارچاکەکان سەد هەزار سوار
سان بدە لەبەر سەرای شەهریار
گودەرز بەیداخی شەڕی بەرپا کرد
سەف سەف سوارانی جەنگی جیا کرد
دەرگای خەزێنەی کردەوە گەنجوور
بەخشی بە عەسکەر ماڵ و پارەی زۆر
سوارانی جەنگی وەک شای فەرەیدون
کردیانە بەریان لیباسی گوڵگوون
دایان لە تەپڵ و کەڕەنای جەنگ
لە تۆزا دنیا بوو بە شەوەزەنگ
ئەو ڕۆژە هەموو بەردی ڕووی سەحرا
ئەگەر حەوتجۆش بوو یا پۆڵا و خارا
لە زەڕبی سمی ئەسپ بوو بە گەرد
ئاسمان ڕەنگی بوو بە لاجیوەرد
سێ ڕۆژ و سێ شەو ڕۆیین بە یەلغار
هەتا گەیشتنە لای سپی حەسار
لە سەحرا خێمە و چادریان هەڵ دا
ڕووی دەشت و سەحرای داپۆشی سوپا
لەولاوە هۆمان لە باڵای حەسار
سەیری کرد کە دی پەیدا بوو غوبار
خێمەی ڕەنگاوڕەنگ باڵی بەیداخان
ئەلەریاوە وەک بەڕەزای شاخان
چوو بۆ لای زۆراب سەراسیمە بوو
وتی پاڵەوان خێرا هەڵسە زوو
لەشکرێکی زۆر هاتووە لە ئێران
سوپای کاووسە شای دەنگی دلێران
زۆر ترسم هەیە خاترم ڕێشە
دڵم لەم حاڵە پڕ لە ئەندێشە
زۆراب وتی هیچ مەترسە هۆمان
هەر چەند کە زۆر بێ لەشکری ئێران
بە یەزدانی پاک خودای لامەکان
ترسم نییە من لە پاڵەوانان
هیچ خۆفی نەبوو زۆرابی سالار
هەڵسا ڕۆیشتە سەربانی حەسار
چاوێکی گڕدا لە سوپای ئێران
لە خێمەی ڕەنگاوڕەنگی دلێران
سەرتاپا دەشت و دەری پۆشابوو
لە نەعرەتەی ئەسپ زەمین جۆشابوو
بەیداخان سەریان گەیاندبووە ئەوج
لەشکر لە سەحرا وەک بەحر ئەیدا مەوج
پڵنگ لە ترس و خۆفا مردبوو
شێران لە ترسا ڕایان کردبوو
زۆراب ئەمری کرد هەجیریان هێنا
سوجدەی زەمینی برد و ڕاوەستا
یەک یەک دەست و پێی لە کەمەندا بوو
گەردنی لە تەوق پا لە هەنگدا بوو
زۆراب وتی ئەی هەجیری بەدحاڵ
ئەمرۆ من لە تۆ ئەکەم چەند سوئال
لە ڕۆستەم لە زاڵ لە شای کەیکاووس
لە گیو و گودەرز لە بەهرامی توس
لە توخمی گودەرز لە ئەولادی سام
هەرچی ئەپرسم پێم بڵی تەمام
ئەگەر ڕاست بڵێیت ڕاستی دێتە ڕێت
گەر خیلاف بڵێی هەر زیندانە جێت
ئەتەوێ لە من نەبینی زەرەر
هەرچی ئەپرسم ڕاست بدە خەبەر
مەتڵەبێ هەیە لە تۆی دەروونم
لازمە ببی بە ڕێنموونم
جوابی دایەوە هەجیری غەمبار
عەرزی کرد وتی نەوەی نامدار
هەرچی ئەمر ئەکەی تەکمیل و تەواو
بەڕاستی عەرزت ئەکەم بەسەر چاو