لە درێژەی پەسنی کاکە زیاددا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
246 بینین
هەموو عالەم لە ڕووی بەخت و مرادە
دڵی یاران بە دیدەی شەوق، شادە
هەموو بازاڕی دوژمن، وا کەسادە
زەمین ڕووناکیی و، جەژنی بیلادە
کە ڕۆژ بازی سەری کاکە زیادە
شەهی ئیقلیمی کوردانە، بە یەزدان
کە هەر ئەو خاوەنی نانە، بە یەزدان
هەموو فەزڵی لە دیوانە، بە یەزدان
ئەلەکتریکی شەبوستانە بە یەزدان
کە زوهرە دڵبەری کاکە زیادە
«سولەیمان»ی عەلەمداری جیهانە
«فلاتوون»ی حەکیم و، دڵستانە
موحیتی عیلم و عیرفانی زەمانە
فەڕی جوودی، وەکوو دەریایی پانە
سکەندەر نۆکەری کاکە زیادە
لە تەئریخێ، کە دونیا دانراوە
مەلەک، جند و پەری، ڕیزە کراوە
نەمامی نۆبەرەی ئادەم ڕوواوە
زەمان ڕۆڵەیکی وای نیشان نەداوە
بڵێم گەر هەمسەری کاکە زیادە
بنۆشن، ئەی گەلی کوردی قەلەندەر
بە قەڕڕابە و، بە بادەی کاسەیی سەر
بە ئاوازی بڵندی میر و نۆکەر
وەکو بولبول نەواکەن، پیر و نۆبەر
کە جەژنی کیشوەری کاکە زیادە
سنووری نیشتمانم، باغ و ڕاغە
بلووری دۆستانم، ساف و ساغە
دڵی دوژمن، لە سەد جێگاوە داغە
لەبن هاتن، چ قەومی قوڕمساغە
کە چەرخم، ڕەهبەری، کاکە زیادە
هەموو بەزم و نیاز و کامە
ئیمڕۆ هەموو زەوق و کزەی پێنامە ئیمڕۆ
هیوای دوو لێوی ساقی و جامە ئیمڕۆ
سەروکاری گەل و ئەنجامە ئیمڕۆ
لە ساحە و سێبەری کاکە زیادە.