چ خودایێکە دەکا چەرخە بە ڕووی کەون و زەمان؟

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 3 خولەک  170 بینین
چ خودایێکە دەکا چەرخە بە ڕووی کەون و زەمان؟
دابەشی کردووە ئەم خەڵکە، بە چەند جۆری جوان
هونەری داوە بە پیاوان و، زەڕ و زیو بە ژنان
ناگزووری بە مەلا داوە، گزووریش بە نەزان
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
ئەم نیشانانەیی دونیایە، بە دەرد و بە بەڵا
بەم هەموو ئاگر و ساماڵ و هەوا و هەور و هەڵا
باخچە و زورگ و گیا، کەند و چیا، دار و گەڵا
دڕک و گوڵ، شایەدی نێزیکە لەسەر ئەم کە خوڵا
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
دەوڵەمەند ئاوی لە دەمدایە، دەڵێ واوە نەچی
ئاقڵە و عیلمی لە دڵ دایە، دەبێ خوار و کەچی
حاتەمی تەی بە گونی نابێ، کە بۆ مەرگ ئەچی
پاڵەوان بێبەش و، هوشیار گرانبار و، کەچی
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
قاوەخانێکە پڕی بەزم و هەرا و زەلزەلەیە
دەغڵ و دانێکە پڕی ژیل و سن و خەرتەلەیە
مێرگ و قشڵاغە پڕی کاوڕەلەڕ و بزگەلەیە
من دەلیلم بە خودا گیانە کە حاجی شەلەیە
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
لەم هەموو بەش بەشی دونیایە، براکەم! شڕییە
لەم هەموو خۆشییەدا، مەردە لە قاتوقڕییە
مەشکەیی شێخ لە ڕیا، هەروەکو ئاخوڕ پڕییە
تۆش بڵێ کاکە وەکوو من، ئەمە باوکی خڕییە
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
لەم بەر و دەرگە دووسەد گورسنە پاڕاوەتەوە
بە دڵی پڕ غەم و سیپەلکی ڕەشی ماوەتەوە
چونکە دیتوومە هەموو ناکەس و بیچ، ساوەتەوە
من بە ئەم نوکتە لەڕێی خەڵک تەڵەم ناوەتەوە
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان
بەسمە من لوتفی خودا، هێندە کە ناسیومە بە یەک
باوەڕم زۆرە بە پێغەمبەر و قورئان و مەلەک
کردەوەی خۆم کە بە هانا بێ لە ڕۆژانی کوتەک
ڕاجیاناسناوی ئەدەبی، چیم بەسەر ئیمڕۆیە بە میلیۆن و بە لەک
دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان!