براکان، وەرنە سەیران وا بەهارە
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
182 بینین
براکان، وەرنە سەیران وا بەهارە
شنەی باوەش، کزەی جەرگ و دەمارە
نەشەی پشکووتنی سەد لێو و زارە
زەماوەند و گریشمەی گیا و دارە
لە کوردستانی شیریندا دیارە
لە لایێ هەوڵ و هۆی کوڕ تێکەڵاوە
لە لایێ بەین و بەست و چاو و ڕاوە
لە لایێ بەزم و ڕەزم و، بەند و باوە
بە هەر لادا ئەڕۆی، هەر تاف و تاوە
لە کوردستانی شیریندا دیارە
دەمێ سۆزەی سەرو، سەوزەی لق و چڵ
دەمێ لەنجەی قەد و، پەنجەی گوڵ و مڵ
دەمێ پرشەی گەڵا وو، مرشەیی پڵ
دەمێ ورشەی هەناو و، دووکەڵی دڵ
لە کوردستانی شیریندا دیارە
چراخانەی شەوی بەزمی گەلاوێژ
بووە سێرەی ئەسێرەی کوردی چا بێژ
بە سەرد و گەرمی هەر مەحلێکە ڕاوێژ
دەواڕێژ و، هەواچێژ و، تەمانێژ
لە کوردستانی شیریندا دیارە
چریسکەی کۆ و تەرازوو و حەوتەوانە
تریسکەی موشتەری و زوهرە و کەوانە
لە چەخمەی بەرخ و شیر و گوڵ ڕەوانە
ئەوانەی بۆ گەلاوێژن شەوانە
لە کوردستانی شیریندا دیارە
لە سیوەیلا نەما تاوی کلکدار
چزووی دووبشکە ڕشتی گومگومەی ژار
دەوولک و ماسیی و، قڕژاڵ و گابار
بە پێوە یا بەڕێوە، مەست و بیمار
لە کوردستانی شیریندا دیارە
تکاتان لێ ئەکەم شێرانی شەرزە
لەسەردا وەرنە خوارێ، چەشنی تەرزە
ژیانی نیشتمان، ئەر پەست و بەرزە
ئەوەی ساغ و شەپرزەن، لەم دوو وەرزە
کوردستانی شیریندا دیارە
هەڵاڵە و ستک و ڕەیحانە سەپانە
دەمی شێر و پڵینگ و لووتەوانە
چەقیلە و مۆرد و مێلاق و نیسانە
لە چاو و ڕووی بەهەشتی مەن نیشانە
لە کوردستانی شیریندا دیارە
دڵۆپەی چاوی ڕاجیناسناوی ئەدەبی، لالەزارە
لە ڕەنگاوڕەنگی سارا، غەم گوسارە
گوڵە و هەروا لەسەر قەلغەت سوارە
هەموو هەر کیمییایی کردگارە
لە کوردستانی شیریندا دیارە