کە مەیخانەی ویساڵت هاتە ناو جۆش
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
176 بینین
کە مەیخانەی ویساڵت هاتە ناو جۆش
کە یار و یاوەرت کردن سەفاپۆش
لەناو بەزم و نەوا و کەیف و دەف و نۆش
کە ڕازاوە حیجابی مەجلیسی خۆش
لە نەشئەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
تەماشا! چۆن دەنۆشن مەی، نیگاران؟
لە گوڵزار و چەمەن، وەختی بەهاران
دەگێڕن چەرخی ئولفەت چاوخوماران
ئەتۆش قیری سیا، وەک گشتی جاران
لە خەندەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
ئەوا پڕ بوو دڵی عالەم لە چاوت
هەموو مەستانە هەستان، چوونە داوت
عەجەب ئازادی کردن قەددی لاوت!
ئەگەر ئێمەش جەفاکێشین بە ناوت
لە گریەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
لە ڕێگەی عیشقدا دەرچوو حەیاتم
تەمام هەر تۆ بوو بۆ فەوز و نەجاتم
کراسی مەرگ، گەر کردت خەڵاتم
لە پێش کوشتن، بە فیدیەی، من فیداتم
لە شێوەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
دەمێ فەرموو، لەسەر چاوم مەکان کە
دڵی پیرم، بە یەک لەنجە جوان کە
لە سۆزم، دەفتەری عیشقم ڕەوان کە
دەخیلت بم، سوئالی بێ کەسان کە
لە سووزەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
بە جیلوەی ڕووت و نەشئەی چاوی خەممار
بە خەندەی دەمت و ڕیزەی لەعل و مروار
بە توحفەی مەمت و سینەی ساف و گوڵزار
لە ژێر خێمەی سەر و زوڵفی پڕ ئەنوار
لە بادەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش
ئەگەر بیشمکوژی قوربان ڕەوایە
کە دەرمانی ئەلەم کا، هەر خودایە
دوو چاوت لێم بە دایم ناڕەزایە
ئەگەر ڕاجیناسناوی ئەدەبی لە خزمەت بێ حەیایە
لە خاسەی مەی، نەکەی بمکەی فەرامۆش