ئەی خوا! لەم ماوە داماوم بە پاوە، یا نەجات

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 3 خولەک  255 بینین
ئەی خوا! لەم ماوە داماوم بە پاوە، یا نەجات
بەشخوراو، پێ بەستراو، کارم کراوە، یا نەجات
مەرگە سەرخۆشیم و زیخم پڕ لە چاوە، یا نەجات
گیان لە گیرفانی دڵم بێ ناز ماوە، یا نەجات
ڕاستەبازاڕی ژیانم بەستراوە، یا نەجات
کێ هەیە پرسێکی پێ کەم، ڕاستیم پێدا وەڵام؟
کێ هەیە دوورە شەڕ و داوا وو ئاشنایی سەلام؟
کێ هەیە هاوتای هەق و یاری و دروستی و ژیر و فام؟
هەرچی هەس دووڕوو و درۆزن، پاشەژەن، پێشەو خوڵام
شێت و سەرسام بووم، دەلیلێکم نەماوە یا نەجات
ئەی خوا، تۆ ئادەمت کردە فریشتە، یا بەشەر؟
گەر بە تەنیا ئادەمێ بوو، بۆچی کردت دەربەدەر؟
بۆچی کوشتت، بۆچ کوڕانت کردنە وەحشی و زەرەر؟
بۆچ ڕقت هەستا لە ئەملاک و، زەویت کردە کوژەر؟
ئێستە داوای ئادەمییەت ڕێی بڕاوە، یا نەجات
تۆ وتت ئادەم لە قوڕ خوڵقاوە، شەیتان ئاگرە
خاک تەبیاتی سوبات و سەبرە، ئاگر باغرە
ئێستە ئێمە بووینەتە ئەو خۆڵەمێش و دامرە
هەر ئەتۆی کارت بەگشتی، پێچەوانە حازرە
گەر سەر و کاری قەدیمیت ڕابڕاوە، یا نەجات
گەر هەموو پێغەمبەرانت ناردوون ئیش سەرکەوێ
چاوی ئەم قانون و وەحیانەت کە هەرگیز ناخەوێ
شەرتی ئینسافە کەسێ خۆشتبوێ، قەت نەسرەوێ
ناحەزە، سستی و بەتاڵی و نامرادیمی ئەوێ
من کە کوورەی دۆزەخم بۆ داخراوە، یا نەجات
عالەمی کۆن و نوێی خاکیتە، خاک قووتی ئەدا
گێژ و لوولی باڕەش و بارانە، بەر لووتی ئەدا
چەند بەرید و میلی لێ ئەستێنێ، یەک فووتی ئەدا
ویش، بەناوی ئەرک و مەرگ و گۆڕ و تابووتی ئەدا
کار وا دژوار و سەخت و ناتەواوە، یا نەجات
ئەمخەنە ژێر باری کۆت و، هەر فەلاقە و پێ لەقە
ئەمدەنێ ژەهر و زەقووم و، سەردەمێ ئەمکەن شەقە
نابڕێ تۆپ و تڕی ئەم هۆزە لێم هەردێ تەقە
توخوا ئەم حاڵە بۆ مەخلووقی سەربەستت هەقە؟
چاو پڕ ئاو و، دڵ بە تاو و، گیان بە داوە، یا نەجات
دڵبەری خۆ پێوەنان و، پێوەدان و، پێوەچووم
پێوە ڕسکی بێ حەیایی و، پێوە ڕێژی ئابڕووم
خامەکێشی نەخشی تۆم و، تانەکێشی کوندەبووم
چی هەڵێنێ دەم وەکو من، هەر ئەڵێ بەم چەشنە چووم
ئاسەواری چاکە پاشەوپاش گەڕاوە، یا نەجات
ڕووڕەشی و دوودەستە ئەژنۆیی، گەلێک پەیدابووە
بێ ڕەوشتی و تەمبەڵی، ڕەنگی ژیانی بردووە
خانەقا و تەکیە و دەسیسەی دوژمنان سەرکەوتووە
هەر مناڵێکی هەبوو، لێوی پژا بەم جادووە
بێژە ژیکۆناسناوی ئەدەبی بەشخوراوە، یا نەجات و، یا نەجات!