یادی بێکەس

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 2 خولەک  889 بینین
ئەی فریشتەی هەڵبەستی ورد!
مژدەبێ با لە تۆ و لە کورد
یادی دە ساڵەی «بێکەس»ە
ئەو بێکەسەی کوردی کەسە
ئەو بێ کەسەی نەمردووە
لەناو دەروونا زیندووە
ئەژی وەکوو شیعرەکانی
بۆ خزمەتی کوردستانی
***
بێکەس لە دەوری ڕابردو
بە گیانێکی لەخۆبوردو
بە بڕوای ئاسنینەوە
کەوتە شیعر هۆنینەوە
شیعری چی؟ پشکۆی ئاگرە
دلۆپی خوێنی شاعیرە
شیعری «بیست وحەوت ساڵە»کەی
کرد بە زمانی حاڵەکەی
ئەو دەمەی وەک بۆمبا تەقی
ڕووبەڕووی جەور و ناحەقی
قسەی دلی خستە سەر لێو
بێ ئەوەی سڵ بکا لە دێو
ووتی خاکم وێرانەیە
ژێر چەپوکەی بێگانەیە
هوی ئیستعماری ئینگلیسە
ئەڵێی شەیتانی نەگریسە
ووتی: مایەی تۆ درۆیە
هەر بۆ تاڵان و برۆیە
ئەی بەد ڕەوشت و کردەوە
کورد چاوی نووستوی کردەوە
ئەزانێ تۆ داگیر کەری
نایەوێ ژینی نۆکەری
***
بەم چەشنە شیعری گەرم و گوڕ
ڕون و ڕەوان وەک ئاوی خوڕ
سوک و ئاسان و بێ گرێ
بۆ سەر زمان ئەکەوتە ڕێ
شیعری پڕ سۆز و تاسە بوو
داخی دڵ و هەناسەبوو
بیر و باوەڕ و وێنە بوو
بۆ دەرونی ئاوێنە بوو
هەموی هەوێن بوو بۆ خەبات
بۆ ئازاد کردنی وڵات
تەڕ و پاراو، بەتام و بۆ
بۆ کورد ئەهاتە گفتوگۆ
***
ئەی گیانی بێکەسی نەمر!
ئەی شاعیری مەشخەڵ هەڵگر
ئەی مامۆستای هەڵبەستی جوان
ڕاکشاوی گردی سەیوان
ئەی مشور خۆری قەومی کورد
خۆشەویستی درشت و ورد
هەرچەندە ئاویتەی گڵی
تا ئەبەد نەخشی سەردڵی
ئەژی لەگەڵ سەرکتەوتنا
لەگەڵ جووڵە و نەسرەوتنا
لەگەڵ دڵسۆزی و پاکی یا
لەگەڵ تیشکی ڕووناکی یا
یادی تۆ نوێ ئەبیتەوە
هەرگیز لەبیر ناچێتەوە