ئەو گەلەی

لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 1 خولەک  821 بینین
ئەو گەلەی کە وا ساڵەهای ساڵ بوو
ڕێگای خەباتی پڕ دڕک و داڵ بوو
لەبۆتەی سزا و متەینەتا قاڵ بوو
لە ناکاو بەسەر دوژمنا زاڵ بوو
تازە چۆن دیل و دەست بەسەر ئەبێ
ڕۆڵەی وەک جاران دەربەدەر ئەبێ
ئەو گەلەی کە وا دوێنێ ژێر دەست بوو
شەوی ژیانی تاریک و پەست بوو
هۆی ئیستعمار و کۆنەپەرست بوو
ئەودیلەی دوێنێ ئەمڕۆ سەربەست بوو
تازە چۆن زنجیر لە گەردن ئەبێ
نیشتمانەکەی بۆ دوژمن ئەبێ
ئەو گەلەی کە وا خوێنی ڕژاوە
بەگوللە کەللەی ڕۆڵەی پژاوە
هەرگیزوهەرگیز ڕانەوەستاوە
بەرەوپێشەوە تەکانی داوە
تازە چۆن گەلی وەها قارەمان
خۆی بەخت ناکا لەسەر نیشتمان؟
ئەو گەلەی شەوی دوور و درێژ بوو
ڕێی ڕزگار بوونی هەوراز و لێژ بوو
بەرەو شەبەقی وەک «گەلاوێژ» بوو
یەک یەک برینی دڵی ساڕێژ بوو
هەرکەسێ ئەڵێ گەلی وانەبەرد
دیل ئەکرێتەوە سەری دالەبەرد
ئەو گەلەی دەردی دیلی چەشتووە
خوێن و ئارەقی زۆری ڕشتووە
دەستەی ناپاکی بێ گۆڕ ناشتووە
هەتا بەم ڕۆژەی خۆی گەیشتووە
چۆن نەڵێ خاکم کرد بە گۆڕستان
بۆ پیلان گێڕ و کۆنەپەرستان