ئۆخەی
بە بۆنەی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژەوە
لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
2 خولەک
976 بینین
مژدە بێ ئەی خوشک و برا
ئاڵای ئازادی هەڵکرا
دەزگای جمهوری دانرا
پاشایەتی پێشێل کرا
ئۆخەی، ئۆخەی گەلم شادە
لە تەوقی دیلی ئازادە
هێزی مەرد هاتە کایەوە
بارەگای شای پێچایەوە
تەختەکەی هەڵگیڕایەوە
سەرکەوتن دەنگی دایەوە
چواردەی تەموز هاوار ئەکا
لە لای ئێمەش باستێڵ شکا
جەژنی ئازادی ئەمڕۆیە
گزنگی خۆری ئاسۆیە
ڕووناکی بۆ من و تۆیە
بۆ جەرگی ناحەز پشکۆیە
شەمشەمەکوێرە دەرکەوێ
چۆن بە شەوارە ناکەوێ
ئۆخەی کورد و عەرەب شادە
لە تەوقی دیلی ئازادە
زنجیر و کۆتی بەر بادە
هاودەمی ڕۆژی مرادە
ئیمپریالیست و نۆکەری
وەک گەڵای پاییز هەڵوەری
سەرکەوتن هەر بۆ هەق بووە
دوای شەوەزەنگ شەبەق بووە
جێ بە ئیستعمار لەق بووە
نۆکەری شەق و پەق بووە
ئەمڕۆ هاتە دی ئەو خەوە
کە ئاواتی ئەم و ئەوە
ئۆخەی کە دڵ کرایەوە
گیانی شەهید ژیانەوە
تۆڵەی خوێنی درایەوە
خونچەی هیوای گەشایەوە
بۆ مزگێنی ئەم سەردەمە
هەر ئۆخەیە و لەسەر دەمە
هاتۆتە دی خەوی خۆشم
بۆیە وا شاد و دڵخۆشم
هەرتێر نابێ هەست و هۆشم
ئای چەن بەتاسە و پەرۆشم
دڵم شادە، لەخەم دوورم
پەپوولەی سەرگوڵی سوورم