یاری پارم تووڕە بوو، ئیمڕۆکە میوانی منە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  106 بینین
یاری پارم تووڕە بوو، ئیمڕۆکە میوانی منە
چونکە تۆرا بووم لە ئەو، بۆیە لە دیوانی منە
شوکری ئەستێرەم بکەم، چەند جارە ئەو تۆرا بوو لێم
ئێستە بەردئاوێژی پشتی، ڕەمز و هاوشانی منە
چاوی، پڕگریانی ناز بوو، ئەو دەمەی لێوم دەگەست
ئێستە ئەو نازەی لەسەر دوو لێوی خەندانی منە
لۆمەکاری من دەکات و، نایەتە ماڵم دەمێ
تانەگۆی دەعیە و دەمار و لاف و عینوانی منە
قۆڵی چەپ ماچ کردن و، نووسانی سینگ و مەمییەتی
نەرم و شل بۆ چاکوخۆشی، دەست و دامانی منە
هەستی شەش مانگەی بە چاوا دامەوە، سەربازی چاو
بۆیە وا سورمەی حەیا، پڕ هەردوو چاوانی منە
بۆ گلە و ڕاستی، دەمێ دانیشت و مەستی بردەوە
ماڵەوایی خواست و، ڕۆیشت و، دوعاخوانی منە
حوججەتی حەجکردن و تەسحیفی هەردوو لایە بۆم
ئەو کە میوانی منە، سا جەژنی قوربانی منە
وەک نەتیجەی دامەنی خستۆتە کۆشی ناوکی
بۆ گرانباری لە ڕێی عیشقا دەڵێی شانی منە
ئەو دەمەی چاوی دەهێشا و، من دەمێ ماچم دەکرد
بیری دڵمی خستەوە، زوڵفی سەناخوانی منە
یەک دوو ڕۆژی تر، ئەچم بۆ لای و تاقیکردنەوە
تابزانم خۆشەویستیی ئەو لە گیرفانی منە!
تا خەجندەی ئێمە بێ، ئەندازەکاری هەڵکشێ
کۆمەڵی جوغزی لە ماڵی ناوەڕاستانی منە
جەختی پاشەوپێشی من، هەر شەشسەدو سێ دێتە ڕوو
بێ ژمارەی نوختە عومری فەخری ئینسانی منە
ئەو حەجە، یاخو خەجە، یا حوججەتی ژینی منە؟!
یا وەکو پشکۆناسناوی ئەدەبی بە دایم، ڕووی لە سووتانی منە؟!