سەرنخوون کەوتووم و بەختی بەد لە ناوی چاومە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  210 بینین
سەرنخوون کەوتووم و بەختی بەد لە ناوی چاومە
مەشقی بێگانان شەپۆلی دیدەیی گریاومە
قاقمەی هۆدەم شکا، سەربانی ڕاستیشم تەپی
هەرچی دوژمن پێم ئەکا، سوێند و درۆی بێ ناومە
بیر و مەستی، کوێر و فانۆس، عەقڵ و عاشق، چۆن ئەبێ؟
قەحپە، نامووسی لەبەر پێی پوول و پارەی لاومە
تۆ بە کێ باوەڕ ئەکەی؟ لەو کارخانەی دوژمنان
هەر کەسێ هەستێ بڵێ، سەد جارە بۆخۆم گاومە
سوێند و پەیمانێک بە ڕووتی کێر و کوس بێ و، مێزی پڕ
هەر مەزەی میز و گووە، دۆشاوی جەرگ و ناومە
کوردی دامەنپاک و ڕەوشەن چاو و دڵساف و ڕەوان
وا ئەزانم تەفرەخواریت، وەک خەیاڵی خاومە
ئەم کەژ و کێوانە نابینی؟! بە چەند ڕەنگ دایسێن
دیمەنی خوێنی دڵ و، سینەی بە غەم سووتاومە
ئەم هەموو مێلاق و نیسانە و، چەقیلە و بووکی سوور
ئەشکی دیدەی ئاگرین و، گۆشتی زۆر برژاومە
ئاخە بۆ کوێستانەکان و، داخە بۆ گەرمێنەکان
دەستی خۆی بردۆتەوە بێگانە، من دۆڕاومە
یەکدگیریمان نەبوو، بەم سوێندە بەدرۆیانەوە
خۆشی خۆشی دوژمنان، لەم هۆزی تێکئاڵاومە
بەم هەموو کانگەی وەڵات و، بەم هەموو ماوەی دروست
دەستگیری هیچ نەبووم و، ئێستە چاو و ڕاومە
دەستەڵاتت گەر هەبێ، دوژمن بە گژ مارا بکە
من لە ترسان و هەڵاتن، یەک شریت شاقاومە
دامرام و بوومە پشکۆناسناوی ئەدەبی، تا نەبوومە خۆڵەمێش
کوردەکان! پێم دابخەن تەندووری هیوا، باومە