نیشانەی بێ نیازیم و، فوغانی ڕۆژی مردنمە
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
164 بینین
نیشانەی بێ نیازیم و، فوغانی ڕۆژی مردنمە
هەوای ناساز و ڕەشبەختی، جەزایی چاکەکردنمە
لە بێدادی ئەوا پیشام، برشتم، چاوی دڵ کز بوو
لە ڕێی ئاوەکوڵی بوون و نەبوون، هێنان و بردنمە
گوڵم کز بوو لە گوڵشەن، ئاگری تێ بەردرا گوڵزار
نە بولبول ما نە قەل، هەرچی کە ئۆباڵی لە گەردنمە
جەهەندەم داخراوە بۆ خواناسان لە دونیادا
ژمارەی پیس و پاکە، یانی ڕۆژی هەڵبژاردنمە
دەرم کەن، ڕامڕفێنن، بمکوژن، بێجگە هەقم ناوێ
بەیارم بۆ چییە؟ کاتی درەخت و میوە چاندنمە
چ هێزێکە لە ڕووی هەق دانەمێنێ و، سەرنخوون نەکرێ؟!
چ کاتێکی پشیلە و گورگ و شێر و مار خواردنمە؟!
بگونجێم، ڕێز ڕابگرم، لە هەر شت چاکترە، ئیمڕۆ
لە ڕێکوپێکی دەرناچم، چ تۆ تۆ و، چ من منمە؟!
درێژی هیچ کارێکی، وەکوو دەوری فەلەک نابێ
لە لایێ ئاگرە و دووکەڵ، لە لایێ بەفر و باڕنمە
کە هەر بمرم، هەتا ئەمرم، لە ڕاستی زێدە ناناسم
ئەگەرچی ڕاوە ڕێویمە و، لە کێو و دەشت کون کونمە
گەلێ کۆمەڵ کران و، هیچ، نەیانبوو سوود و قازانجێک
بە بۆشی چوونە دەر ئاخیر، وەکوو ئەم بەرگە چڵکنمە
گەلێ مێشکی مناڵان پڕ کران، بیری مناڵانە
لە کیسم چوو کوڕ و کچ، ئەی خوا، ئەم عەسرە دوژمنمە
کە خۆم خۆمم نەوێ بۆچی لە خەڵکم چاوە، چرکەی چاک؟
زەویم و کان و ئاوم چوو، کون و کاو جێگە نووستنمە
نە پارە و پوول و نانم بوو، کە جارێ بچمە ناو عالەم
نەخۆشی سیل و سەودایی، کە خۆشی و ڕابواردنمە
ئەمەندە بۆ چەنەدرێژ و هەراشی، ماڵ خەراپ ژیکۆناسناوی ئەدەبی؟
بەڵێ دەروەستی خۆم نایەم، ئەگینا حەققی بەستنمە!