ئەو ماچی دەم و لێوە، کە شیرین و بەتامە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  234 بینین
ئەو ماچی دەم و لێوە، کە شیرین و بەتامە
نەمزانی، نە زانینە، نەڕاوێژە، نە وامە
من، هەردەمە لەم چاو و دڵەم ئەشک دەڕێژم
ئامینە دوعای ڕۆژ و شەوم، نامەمە، ئامە
نارنجی مەمت، بۆتە مەزەی سۆزی درێژم
ئاهی دڵی سەرخۆشمە، لەو سینە بەکامە
کوڵمەت گوڵی ئاواتی گەلە و، زینەتی ژینە
باڵات قەدەغەی ئەشک و غەمە و، تازە نەمامە
بیرت لە دڵ و مێشک و دەماغم، کە چەقیوە
گیانێکە لە لەشدا و شەرابێکە لە جامە
ئەی سوورە گوڵی ڕۆژی جوانی لە بەهارا
تاکەی دڵەکەم لەو گوڵی دیدارە نەکامە؟
ڕووت، قووتی جگەر، باخەڵی ئاواتی ژیانە
بۆ پەروەرشی هۆزی بەشەر، کار و وەرامە
ئەی نەرم و شلەی ناسک و تەرزەی تەڕ و پاراو
بەس بمکوژە بەم دەردەسەری و دوورە پەیامە
ئەی شاهیدی بازاڕی هەموو کوێرەوەری دڵ
بۆچ وایە بەشی ئێمە، هەموو زاریی و زامە؟
ئەنجامی نەبوو، گریە و هاوار و هەناسەم
چۆن گەورە بە ئەمجۆرە، لە ئازاری خوڵامە؟!
ژیکۆناسناوی ئەدەبی بە هەوایێکی دەمی تۆیە، ئەپشکوێ
خەندە و هەوەست مایەیی ژین، پشت و پەنامە