هەوری بەهار و گرمەگرم، لە ئاهی ناو هەناومە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  176 بینین
هەوری بەهار و گرمەگرم، لە ئاهی ناو هەناومە
تاو و بروسکە و خرمەخرم، بارانی هەر دوو چاومە
لەسەر هەوارە بەرزەکەم، ڕژاوە تاوە تەرزەکەم
بە لەرزە بێ بلەرزەکەم، خرپەی دڵی بە تاومە
کە خونچە هات و پێکەنی، تەن و گیانم ڕاچەنی
کە ئاشکرایە دیمەنی، خوێنی دڵی پژاومە
بە لەنجە چوست تێپەڕی، بە عەرد و بەردی دا تەڕی
داگیری کرد زەریە و بەڕی، منیش تەمای خوناومە
نەسیمی نیوەشەو وەزی، چوومە کەلێن باڵا و کەزی
سنووقی سەر سینەم دزی، ئەوەش دەسی بڕاومە
لە عیشقی تۆم پەنا نەما، غەزریم و چوومە لانەما
لەم دەشت و مێرگە پانەما، سەڵا لە نەنگ و ناومە
چەندم چەشی قەلەندەری، هیوامە هەر سکەندەری
جادووی نەسیمی میهتەری، هەمووی لە بن کڵاومە
شێخ و مەلا مەگرن یەخەم، ترسم نییە لە پێچ و خەم
نیازی خۆم کە سەرئەخەم، بە ئابڕووی ڕژاومە
بێ پەل و پۆیە کوردی من، درشتە بیری وردی من
کەس با نەبێتە پردی من، گەر خزم و دایک و باومە
هەر کارەساتێ بێتە ڕوو، دووپشکە، ژاری پڕ چزوو
ئەمن پەرۆشی تۆمە تو، چاوت لە مەرگ و جاومە
پشکۆناسناوی ئەدەبی بەسە سۆزی جگەر، خرامە کوورە و دەردی سەر
کارم نەوەستا سەربەسەر، خۆم و بەشی خوراومە!