کامیانە؟

شەپۆلی بەربەرەکانیەکی دەرونی بێ پایانە
لە کتێبی:
دیوانی کاکەی فەلاح
بەرهەمی:
کاکەی فەلاح (1928-1990)
 2 خولەک  956 بینین
سەر و دڵ ئێستە ئاسوودەی تەریک و گۆشەگیریمە
ئەمەم پێ خۆشە نازانم لە شێتی یا لە ژیریمە؟
لە دنیای ڕۆشنا چاکە بنێرم خۆم لە کونجێکا،
لە ساغی وا ئەڵێم، یاخو وڕێنەی دەم نەخۆشیمە؟
کە من ژینم لەمەولاوە لەتاوا چۆڵپەرستی بێ،
ئەپرسم ئاخۆ بەختم باشە، یا بەڵگەی کڵۆڵیمە؟
گەلێ شت دێتە بەرچاوم، بەوەی لێم دیارە تێ ناگەم،
لەبەر وردیمە ئاخۆ وای ئەبینم، یاخو کوێریمە؟
زمان و دڵ ئەبینم بەینی وەک ئاسمان و ڕێسمانە،
لە پەستی وا ئەڵێم یاخو قسەی توغیانی خۆشیمە؟
گەلێ ناحەز ئەبینم وا لە بەرگی دۆستی دێرینا،
لە مەستی وا ئەڵێم، یاخو قسەی کاتی بەهۆشیمە؟
گەلێ کەس دێتە بەرچاوم کە شێتی شۆرەت و ناوە،
بەخیلی پێ ئەبەم، یاخو قسەی پڕسۆزی مەردیمە؟
کەسانی ساغ و دڵسۆزیش هەیە خزمەت بکا بێ دەنگ
ڕیا وام پێ ئەڵێ، یاخو قسەی ڕاست و دروستیمە؟
وتوومە و هەر ئەڵێم دەرمانی دەردی ئێمە یەکبوونە،
قسەی هیوامە ئاخۆ، یاخو نووزەی نائومێدیمە؟
ئەگەرچی گۆشەگیرم فەخر و شانازی ئەکەم کوردم
کە زیندووبوونەوەی گۆڕم لەبەر تەلقینی کوردیمە