ئەم خاک و هەوا و ئاوە، کە بێ ناوە بە یەزدان

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 3 خولەک  104 بینین
ئەم خاک و هەوا و ئاوە، کە بێ ناوە بە یەزدان
هەر فێری دیموکراتیی و سەرچاوە، بە یەزدان
بەرچاوەیی هۆزێکی ئەدەبپەروەر و ژین بوو
ئیمڕۆکەیە دوو چاوی بە گل ماوە، بە یەزدان
عیلم و هونەری داوە بە با، کوردی خەریک ماو
مەندیلی لەسەر دوژمنی خۆی ناوە، بە یەزدان
پاشا و گەدا، عالم و خاوەن مەڕ و ڕەنجبەر
هەر ئێکە بە مەوجێکەوە خنکاوە، بە یەزدان
بێ تانە کە خۆم کردە سوپەر، بۆ سەری میللەت
بۆ شوێنە ونیم، سەد لەپی لێداوە بە یەزدان
نابینی؟ چلۆن باغ و مەزاری دڵی دوژمن
ڕازاوەتەوە، تازە و پاراوە بە یەزدان
ماتەمزەدە و کەوتەیی بن باری فەلاکەت
ماوین و دڵیش پەست و پەشۆکاوە، بە یەزدان
بێ قونبەلە، بێ تائیرە، بێ موخنیقی غازات
ئازۆت و ئۆکسجینی مە، هەر ناوە بە یەزدان
نیمانە سەر و سیرەتی کار و، دڵی باوەڕ
دڵ وشکی مەعاریف بووە، گوشراوە، بە یەزدان
هەر زاهیدی غەددارە، ئیتر چاوەنواڕە
مردن بەسەری کاتەوە، ناکاوە، بە یەزدان
هەر شێخی مل ئەستوورە، بە بەرماڵی ڕیایی
پەردەی بەسەری غەفڵەتی داداوە، بە یەزدان
دەروێشی مەکرباز و، بەرازی کوڵی نانیی
هەر یەک بە سواڵێکەوە پڕژاوە، بە یەزدان
هەر هۆبە وو هەر هۆزە، بە ناوبانگی عەشیرەت
دوندانی لە کورتانەیی خۆی ناوە، بە یەزدان
خۆ بێمە سەر و کۆکڕی جاحێڵی لە ناو شار
وەی وەی! کە لە ڕوو، پۆدرەی لێداوە بە یەزدان
بیری نییە، قەومییەتی چی؟ لووسییە کاری
خۆی بۆ بەری پێی بیجبیجە کێشاوە، بە یەزدان
پیرانی ڕدێن پەشم و خوری و موو، بە قسەی پان
هەر ئێکە ئەڵێی مستی لە کەر داوە، بە یەزدان
خۆ کۆمەڵی ئاغە و بەگ و سەردار و گزیران
هەر ئێکە لە ڕێی پارووێ، سەد چاوە بە یەزدان
هەر باس و قسەی فیتنەگەری و، سۆزی کچ و ژن
سەودا لە مل و گەردەنی هاڵاوە، بە یەزدان
ئێکێ ڕەش و، ئێکێ سپیی و سوورەیی چاوشین
هەر لۆمە و هەر غەیبەت و، هەر ڕاوە بە یەزدان
باسێکی مشوور و گەل و زانست و سەروکار
ڕەش بۆتەوە، لەم لاپەڕە بەولاوە بە یەزدان
هۆ کاکە، منیش مردم و مەرگم بە گژا چوو
بینۆشە دووای من، هەموو تاڵاوە بە یەزدان
ئەووەڵ شڕ و، ئاخر شەڕ و، ناوەندی گەچ و گێڕ
هەر بۆ من و هەر بۆ توە، بژاراوە بە یەزدان
پشکۆناسناوی ئەدەبی، چییە؟ بەرزی وەتەنت بێ سەروکارە؟!
هێشی لە دڵی غەمزەدە هەرماوە، بە یەزدان