یاری گیانیم لێ ئەکەیتە دوژمنی دینم، زەمان

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  184 بینین
یاری گیانیم لێ ئەکەیتە دوژمنی دینم، زەمان
قارەمانیشم ئەکەیتە شین و ناڵینم، زەمان
داغ ئەخەیتە جەرگی گەش، بەرگی پەڵاسم پێ ئەدەی
ئۆقرە ناکەم، ناخەوم، هەر خزمی نەفرینم، زەمان
خانە سووتاوی چرای چاکەم، چ بۆنسۆ دێ لە ژین!
شیوەن و غەوغا ئەگێڕی تۆ بە شوێن ژینم، زەمان
خاکی خۆمت کردە گرد و سەنگەری باس و هەرا
شانی بەرزت گرتمە ناو داوی گەوزینم، زەمان
دانش و هۆشت لە بیری بێ ڕەوی پڕ کردمەوە
تووزەلەت لێدا و، زلەت لێدام و، بن چینم، زەمان
چونکە لەم دونیایەدا، جێگەی سەعاتێکم نییە
وا ئەزانم لەو سەریش، بێ ناو و ڕاشینم، زەمان
هەرچی ئەیکەی بیکە، گۆمی قووڵ مەلەی خۆشە، ئیتر
نامەوێ ناو و نیشان و هۆز و ئایینم، زەمان
دۆست و دوژمن گشتی لێت هان دام و کینەت خستە دڵ
هیچ زەرەر ناکەم کە ڕووت و قووت و غەمگینم، زەمان
پایەماڵم کەی گەلێ خۆشیمە، نەک بمکەی بە شا
چونکە حەق خۆی بێکەسە، ئاواتە ناسینم، زەمان
هەرچی هاتە ڕێگەم و خۆی خستە باوەش، بۆ تکا
تۆ دەرتهێنا لە باوەشم و لە باڵینم، زەمان
من کوڕی جاران و تۆ هەر کاتە جۆرێکی تری
نایەیە بەر دڵ بە چاوی پڕ لە ئەسرینم، زەمان
گەرچی ژیکۆناسناوی ئەدەبی مایە سووتاوە، کە خۆی ماوە لە خۆی
هەر ئەڵێ: من بەسمە خۆم خوێنداری گوڵچینم، زەمان