بە سۆزی دڵ، بە ناڵە، چەشنی کوکووم

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  192 بینین
بە سۆزی دڵ، بە ناڵە، چەشنی کوکووم
سەرم پڕ جۆشە، بەرگی زەردە، دوو ڕووم
سوپای سەرکێشە مەیدانی دڵ ئەگرێ
لە کوورەی شۆر و شەوزاریمە هەڵ بووم
کەمەندی زوڵف و کاکۆڵت، بە جارێ
ئەکا بەندی مراز و گیان و ئەستووم
نەمێنم، ڕەببی بێ ئاگر بسووتێم
ئەگەر بێ زەوق و نۆشی دیمەنی تووم
بە تیژی خەنجەری موژگان، پەلە دڵ
ئیتر بۆ کوت کوتە، ناو جەرگی گرتووم؟
نەکەی لێمان بتۆرێی، هەرچی قەوما
مەترسێ، من لەبەر دەستا کە خۆش خووم
سەفەر، هەرچەندە مایەی نالەبارە
بەڵام ئەمجارە هەستا بەختی نووستووم
لە ترسی شێخ، ئەبێ هەڵ بێم بە دەشتا
نەوەک بمبینێ ئەشکێنێ تەرازووم
بەڵێ ڕاجیناسناوی ئەدەبی، دیارە سۆزی ئێمە
لە دڵتەنگیم و دوو چاوی خەواڵووم