بە نەورۆزی جیهان ئارا، سەری هێنایە سۆ، ساڵم

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 3 خولەک  229 بینین
بە نەورۆزی جیهان ئارا، سەری هێنایە سۆ، ساڵم
گیانێکم لە تاریکی، خودا هێنایە بن باڵم
لە سەرما و زەمهەریری غەم، بە تیشکی ڕوو نەجاتم بوو
لە گرپەی گەردن و خرپەی دڵان زاماری چەنگاڵم
لە قۆپکەی کێوی تاس و سەر، لە ڕەنگ و بۆی هەناسە و بەر
هەتا ئاوا نەبێ ڕۆژی ڕوخی، ئاوایە ناو ماڵم
لە مێرگی سینە و مەمدا، درەوشا سەوزە، ڕەنگاوڕەنگ
بە سیحری لێو و دەمدا چوو، نەسیم و شێخی بەرماڵم
بە ئاوازی مەل و بولبول، هەموو دنیا گوڵەفشان بوو
بە وازی و پێکەنین هاتن، کچ و ژن، پیر و منداڵم
تەنافی، تازە بنیاتی هەموو هۆزی تەرازوو گرت
ئیتر باوی نەما تازە، شەڕ و تیتاڵ و فیشاڵم
قەسەم بەو چاوە پڕ نازەی، وەکوو بازی سەر ئەنگێون
هەزار و نۆسەد و پەنجا و دووە، فانۆسی ئیقباڵم
مەفەرموو نامرادێکە، هەتیو و بێکەس و زارە
لە خەم هەڵگرتنی دووریت، بە قورئان ڕۆستەمی زاڵم
بڵێ نەورۆزە وا ماسی بە مانگ ڕۆژی حەمەل ئەگرێ
لە قاڕە و باڕەیی مێگەل، چ حەشرە دەوری ڕەشماڵم!
کەژاوەی بووکی مێرگانم، بە ژاوە و هاژە ڕازاوە
بە تیپی سونبول و سەوسەن سپێران دەشت و کەنداڵم
بە ڕەنگی ئەرخەوان و، خوێن و، سەوز و زەرد و لالە و گوڵ
ئەدا خول دەوری دونیا، ڕۆژی سیمای یاری چاوکاڵم
ئەڵێی سیلدارە، وا دڵ بۆ هەواخوازیی چووە سەر کەل
کە تیماری بکەن سۆزە و، نەسیم و وەشت و شاماڵم
تەڕی و گەرمی، ئەجۆشێنن مەکینەی کارەبای گشتی
گڵۆپی گوڵ، وەکوو دڵ، هاتە گیرسانی سەری قاڵم
لە مێرگ و باخی کۆمەڵدا، هەزاران ڕوو بریقەی دێ
لە ڕەمڵ، ئەستێرەیی بەختان هەڵاتن، وا ئەڵێ فاڵم
ئەوەی بەرگی سپی و سووری گوڵی پۆشی، ئەڵێ شاهم
ئەوەی نەجمەی بە سەوزی گرت، ئەڵێ من میر و جەنڕاڵم
وەرە مەیخانە و بەزمی دڵ و دڵداریی و خۆشی
بنۆشین، تێکەڵی یەک بین، ئەتۆ شیرین و من تاڵم
فۆتۆگرافی خەیاڵ، ئامادە بێ بۆ ڕەسمی بەر چاوان
هەموو چەشنێ بکێشرێن، قیسی خاڵ و زەڕڕە مسقاڵم
بە دووربینی تەماشا دێنە گەردوش، خانەیی پاشا
هەموو پەرپووت و نابووت و کز و ڕەشپۆشی ئەشکاڵم
ئەگەر شازادە و شاهن، ئەگەر دیندار و گومڕاهن
یەک و دوو دێنە سەر شایی، دڵی والە و گوڵی ئاڵم
شەو و ڕۆژم نەما کاتێ بەهەشتم هاتە چەرخی ژین
بە کامی نەفس و چاوی گەش، هەموو گەل بۆتە ئاواڵم
بە ڕووت گەشبوومەوە، حەشرم کرا، پێم بەخشرا جەننەت
کە بەرگی سوندوس و ئیستەبرەقی پۆشیوە ئەمساڵم
کە شێخێک چل چلەی دیبێ، بڵێ ئەم جەژنە بێ جێیە
بڵێ ئەی فیتنەیی ئیمان و دین، هەڵ مەگرە ئۆباڵم
لە تۆ من تازە دەس هەڵ ناگرم، ئەی شۆخی شار و دێ
ئەگەر سا پەل پەلیشم کەن بەدەم سەگ، زوێڵ و زیواڵم
بەهارانە، بە بارانی سروشکم مێرگ ڕەنگین بوون
لە خەندەی لێوی شەکرینت، شوکر وا سافە ساماڵم
لە ناوچاوانی قەشکەم، چوو زەکاتی پار و پێرارم
لە دڵتەنگی، هەناسەم کەوتە سووتانی پەڕ و باڵم
گوڵە و مارەی بڕا، بولبول، بە باغاتی جەفا وەربوون
حەیا کێ ئەیکڕێ؟ بێ خاوەنە مەندیل و دەسماڵم
ئیتر سەربەستە هەرچی مەستە، سا ڕاوەستە بیبەستە
بە دەستان، ساغ و خەستە، هەر بپەستە، پاڵ بدە پاڵم
لە هەڵبەستانی ژیکۆناسناوی ئەدەبیدا، هەموو هێز و ژیانێکە
کەچی هەردەم لە بازاڕی فنیش و کۆنە پۆستاڵم!