جانا! بە خودا من کە لە بۆت خون جگەرێکم

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  198 بینین
جانا! بە خودا من کە لە بۆت خون جگەرێکم
هەر دەم بە غەمی ڕوویی تۆ غەرقی خەتەرێکم
بگرم بنی مەمکۆڵەت و، بمژم سەری کوڵمەت
تێشووی دڵی بیمارە، خەریکی سەفەرێکم
بیبەستە لە گەردنم و قەدم، حەلقەیی زوڵفت
بڕوانە چلۆن عاشق و، چۆن جیلوەگەرێکم؟!
وەختێ کە خەرامان ئەچی و، دێیەوە مەکتەب
چاو پڕ لە گوڵ و لالەیە، دڵ پڕ شەکەرێکم
دڵ بۆ قەفەسی پەنجەرەکەت تووتییە، قوربان
جارێ بە وەفا فەرموو، بکە چارەسەرێکم
بێ ڕەحم و وەفا بەسیە، خەفەت کوشتمی ئەمساڵ
بۆ ماچی دەمت، سۆز و بڵێسە و شەرەرێکم
تابووری غەمت، کەوتە خەیاڵ و دڵ و کەللەم
ئەم لەشکرە ملیارە، منیش هەر نەفەرێکم
هەردەم وەکوو بولبول، کە لە ئاقاری گوڵێکم
حەیران و سەراسیمە، سەری سیمبەرێکم
ئەمشەو لە خەوم دیوە ڕوخ و گەردنی، ڕاجیناسناوی ئەدەبی!
ئەگوشم، ئەمژم، با بگەزم ڕووی قەمەرێکم