دوو چاوم وا ئەگریەن ئاسمان حاڵ
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
217 بینین
دوو چاوم وا ئەگریەن ئاسمان حاڵ
سبەینێ یاخوا بیکاتە ساماڵ
حەبیبەم ڕۆژی ڕووی هەڵ کا بە خۆشی
دڵی پەروانە، بیسووتێ پەڕ و باڵ
ژمارەی نایە ڕۆژانی فوغانم
بە من مەیلی نەفەرموو، شۆخی چاوکاڵ
ترازاندم قسەی تەرزی جەماڵی
پەشۆکاندی دڵ و دین، کار و ئەحواڵ
خوداگرتوویە هەرکەس ڕووی نەداتێ
لە قاپیدا بناڵێ، یاری منداڵ
هەموو قڕ بوون جگەر سووتاوەکانت
لەسەر ماچی سەنەم، هەڵمەگرە ئۆباڵ
مەڵێ تۆ گاوری، ئێمەش موسڵمان
بە یەک ڕێک ناکەوێ، زوننار و دەسماڵ
ئەگەر سەد حەلقەیی وەرعم لەلا بێ
لەپێی زیوینی، من ئەیکەم بە خڕخاڵ
لەلام بێهوودەیە ڕاجیناسناوی ئەدەبی، مەشایخ
ئەگەر بفڕن بە باڵی پەشم و بەرماڵ!