کەوتوومە تاوی عیشقەوە، زانراوە گەر نابم خەلاس

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  230 بینین
کەوتوومە تاوی عیشقەوە، زانراوە گەر نابم خەلاس
بەربوو لە دڵ ئاگر بە تاو، بێ دەردی سەر نابم خەلاس
مەجبووری دیدارم سەنەم، مەحو و گرفتارم سەنەم
سەرخۆش و بێزارم سەنەم، قەت سەربەسەر نابم خەلاس
سەوداسەری گوڵزارتم، موشتاقی لێو و زارتم
ئاشوفتەی زوڵفی خارتم، ئەی جیلوەدەر نابم خەلاس
ئەی شاهنازی دڵبەران، ئەی موتریبی یارانی جان
خستمتە بەندی بێ ئەمان، ڕۆژی قەدەر نابم خەلاس
من ڕووت و قووت و عاجزم، زەرد و ڕەق و وشک و کزم
گیراوی داوی پایزم، خاکم بەسەر نابم خەلاس
پەیوەستە، وەحش و بێکەسم، بێ دەس و پێ و فریاڕەسم
گیرۆدەیی خار و خەسم، ماڵم خەتەر نابم خەلاس
خاڵت بە کوشتن حازرە، ئەبرۆت بە غەمزە دائیرە
ڕووت بۆ عەزابم ئاگرە، ئەی لەب شەکەر نابم خەلاس
هەر شەو بە غەم، جێگەم سەقەر، ژەهر و زەقوومم دێتەدەر
گیان و دڵ و دینم لە دەر، ئەی خۆش کەمەر نابم خەلاس
ڕاجیناسناوی ئەدەبی! لەیار شەکوا ئەکەم، کە کەس نەیپرسی ڕا ئەکەم
ماڵی خودا ئاوا ئەکەم، بووم دەربەدەر نابم خەلاس!