نیمە سەودایی قومار و ئارەزوویی دەنگوباس

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  214 بینین
نیمە سەودایی قومار و ئارەزوویی دەنگوباس
عاشقم، بۆ چیمە زانست و تەرازوویی قیاس
پەرچەمت ڕابواردنی شەومە، بە خاڵی ورد و ڕەش
ڕومەتت یاریدەیی ڕۆژمە، لە ڕۆژنامەی «ئەساس»
پێکی مەم، لێوی مەزە، سفرەی بەرۆکت مێزی پڕ
هێشتە بەرمان ناکەوێ لەم بەزمە ماچی لێوی کاس
دەم چ دەم؟ نوقڵی هەوەس، چاڵی زەنەخ، ئاوی حەیات
گەردەنی قەندی عەرووسی، مێشی ڕۆحی لێکە پاس
وا گڕەم کەوتۆتە سەر چاوی بە شەربەت ڕشتراو
مەستی ویم، یاخۆ لەسەرخۆ چووم و کەللەم چوو بە تاس؟
تا خەواڵوو بێ زیاتر ناز ئەنوێنێ بە من
وەختە لێ ڕابێم لە ناز و هیچ نەممێنێ هەراس
سێبەرێکیکەم نییە، سۆراخی زوڵفی تۆ دەکەم
هەر لە ڕووی تۆم ماوە ماوەی نیعمەت و شوکر و سوپاس
ناکرێ هەردەم بە سەودایی لە دووت بخولێمەوە
خۆم دەپارێزم هەموو وەختێ لە ئەلخەنناسی ناس
خاکی غوربەت بوو، خەڵوزی جەرگی پشکۆناسناوی ئەدەبیی کەوتە سەر
بێجگە شوعلەی کوڵمەکانت، کێم هەیە سا چاوەناس؟!