لە غەمی هیجری تۆ بۆ من، چ بەهەشت و چ سەقەر
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
231 بینین
لە غەمی هیجری تۆ بۆ من، چ بەهەشت و چ سەقەر
لە دەمی وەسڵی تۆ بۆ من، چ عەما و چ بەسەر
گشتی ناخۆش و پڕ ئازارە لە هیجرا، خۆشی
گشتی هەر خۆشییە وەسڵت، چ قەزا و چ قەدەر
ڕۆحی عاشق لە قەدت، مژدەیی خۆشحاڵیی دا
دەشکێ وەک دڵی عاشق، چ پییاڵە چ فەنەر
لەب و زارت بە قسە و خەندە ئەبا ئاوی گوڵان
کەسرە وەختێ کە لە خەندەی، چ عەقیق و چ گوهەر
ئاسمان نایەتە کێشی خەت و خاڵت ئەبەدا
هەر ئەتۆ جیلوەفشانی، چ بە شەمس و چ قەمەر
عەهدی من تاعەتی تۆیە، بە دڵ و جان و دەماغ
کاری تۆ حوکمە لەسەر من، چ بە ژێر و چ زەبەر
وەرە ڕاجیناسناوی ئەدەبی، بە تەماشاگەهی یارانی عەزیز
هەرچی مەیلت هەستا، چ قیامەت، چ کەمەر!