گەر یار بێتە دۆشم، ناچێتە کێشی دەفتەر

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  219 بینین
گەر یار بێتە دۆشم، ناچێتە کێشی دەفتەر
وەک شووشە عارەق و مەی، بڕژێ بە تاوی مەجمەر
گوڵ هەمدەمی سەبا هات، پڕ خەندە لەعلی نازک
باخی وەنەوشە ڕسکا، سەد شێوە ئەم بەرەوبەر
ئەی نازەنینی عەییار، ئەی دڵبەرەی جەفاکار
تا کەی بە ئاگری ڕووت، بتوێمەوە سەرانسەر
وادەی شەراب و ساقی و عوود و قومارە، فەرموو
هەرچی تەڵەب ئەکەی دەی، مەی، شیر و شەهد و شەککەر
ناچێ لەبی حەبیبان، وەک مەرهەمی تەبیبان
پێویستە بۆ غەریبان، جانا بە ڕۆحی دەربەر
دڵ جۆشی پڕ خرۆشە، سا دەی دەمێ بنۆشە
لەم شەهدی لێوە خۆشە، وەک دڵ مەبە موکەددەر
ئەم چاوە شۆخە ساقی، گرتوویە جانی ڕاجیناسناوی ئەدەبی
هیچ کەس نییە بە بێ تۆ، شایانی تەخت و ئەفسەر