بەهار
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
3 خولەک
155 بینین
چ سافە هەوا و چ خۆشە بەهار
بە ئاو و پلوسک و، بە بڵق و بوخار
لە فەرشی زومەڕڕەد، گیاوگۆڵی گەش
شنۆی شەنگەبی و سێو و سەرو و چنار
بە بۆنی وەنەوشە و، بە خەندەی گوڵان
بە ئاوازی قومری و، چریکەی هوزار
پییاڵە لەسەر دەستی ئارەقکەشان
پڕی چەنگە موتریب، زڕەی چەنگ و تار
گوڵاڵە لە سارا ئەڕازێنەوە
گمەی کۆتر و، قەب قەبەی کۆهسار
بە حەیرانە گەنج و، بە بالۆرە کچ
بە پێوانە بادە و، بە لەرزانە یار
لەژێر خێوەتی بەرزی پیرۆزەڕەنگ
لەسەر سەوزە شاڵی گیا نەرمە غار
لە ڕووی بەزم و شادی کچان و کوڕان
هەموو دەوڵەمەندن، فەقیر و هەژار
کە شەونم ئەنیشێ لە زوڵفی بوتان
لە لوتفی خوداوەن، پڕن دەشت و شار
لە نەورۆزی کوردانە بگرن جەمات
بە سۆزی دڵ و، شوعلەیی نوور و نار
لە نەورۆزی تۆیە بەهەشتی خودا
کە ئەژێنییەوە مەردووم و موور و مار
هەموو مێرگ و باخات و فیردەوسی پان
هەموو حەوز و ڕووباری ڕوون و گەوار
شەرابەن تەهوور و، شەرابەن ترێ
لە هەنگوین و شیریش، بنۆشن بە زار
مەڕ و بزن و ماڵات و گامێش و گا
بە دەم گوێرەمە و، گوێرەکە و بەرخ و کار
زەڕینی کەران و، وەڕینی سەگان
میاوەی پشیلە و، کزەی تەیر و توار
لە حیلەی کەحێلە و، زریکە و نەزای
وەکوو هەور ماین ئەڕێژن خوسار
لە پەردەی تەماشا، هەزار سینەما
لە بیستن خەبەر، زەنگوڵەی کورد و کار
لە هەر لا سەرت سام و، دڵ گێژ و مات
لە هەر لا خەریکی گەلە و کاروبار
لە شڵقاوی مەشکە و، لە کوندەی شەوی
بە غیلمان و حۆریت، بەهەشتە هەوار
زڕەی دەست و بازن، لە ڕێگا و سەراو
دڵان ڕائەکێشن، بە گەشتوگوزار
وشە و باوەشێنی سەبا و پرچی ڕەش
خژەی لفکەدار و، مژەی بێ قەرار
لە زیڕەی گوارە و، زریکەی بەرۆک
خوناوەی سەمڵ، بۆنی مێخەک، تەغار
تەبەق پڕگوڵ و، لالە دەکشێ بە شان
عەرەق پڕ دڵی والە، ئەڕژێتە خوار
لە واق واقی ڕێوی و، گژەی دوڕەشێر
لە گرشەی بەراز و، هوشەی گورگی هار
کە واق وڕئەمێنێ، لە چوار دەوری دێ
برا گیان غەریبی، مەدە خۆت حەشار
دڕندە دەستەمۆ، لەبەر دەستی کورد
هەموویان کەوین و، هەموو بەستەبار
لەگەڵ بادەنۆشان، بنۆشن شەراب
لەگەڵ نازداران، بکەونە قومار
لە نۆی مارتی ڕۆمی، بە نەورۆزی کورد
بە مەشق و زەماوەن، مەلەک دێنە خوار
لە جیلوەی گوڵووک و، گوڵاوی گیا
چ گەنجانە مێزەر ئەکەن پیرەدار
لە شاران و لادێ، پڕی دیوانە بەزم
لە سارا و دەشتیش، هەڵئەدرێن دەوار
ئەگەر زەردە مەم، بێت و بفرۆشرێن
بە هەرزانی بکڕە، بە گیان، ئێک و چوار
لە کێش و کڕینا نییە ماچی لێو
مەگەر پشکە خێر، بەرکەوێ جار بەجار
بە چەپڵە و، بە سەیران و شایی و سەما
کە لەو ڕۆژە ئەمری کردووە کردگار
گرۆهی غەریب و عەزیزان لە تەک
سڵاو و سوپاس و گوشین و بنار
ئیتر جەژنی تەبیات و ڕۆژی دڵە
ژیانی وجوودە، بەبێ ئیعتیبار
بە پیرۆزبایی، کە ژیکۆناسناوی ئەدەبی ئەڵێ:
بە خۆشی ببن بەرز و پیرۆزگار