خونچە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  203 بینین
خونچە پشکووتن لە باخ و، شاهیدن موختاری شار
پێشنیارێکە، بە یاسای دیمەنی جوانی ویقار
خونچە عاجز بوو لە دڵ، بۆ بولبولانی پێکەنی
وا بەجێ دێڵێ چنارۆک، چش لە باخی سەرچنار
خونچە، ڕوو سووری خەجاڵەت ما لە قاپی مێرغوزار
چاوی زەرد و ڕووی سپی، نێرگز لە چاوانیا دیار
خونچە خاڵی سەر دەمی وا نەودەمیدەی دیدەیە
خوێنی دڵ پێی هەڵ ئەچێ، وەک بڵقی جەرگی هەرزەکار
خونچە قەترەی شەونمی ئەسڕێ، وەنەوشەی زوڵفەکەی
باقەیێکی ئەژدیها، کردۆتە گەسکی چاوەزار
خونچە بەو گرژینەوەی، ئەژیێنەوە پیر و جوان
بەو دەمەی تیمار ئەکا، مار پێوەدا و دەردەدار
خونچە شادی کا بە خەڵکی، موتتەهەم نابێ ئیتر
چاخی سەیران، چی بەسەر بازاڕی سەودا و قومار!
خونچە با نەدڕێ یەخەی، چیتر لە داخی بولبولان
با بە شەو تاکوو سەحەر، ببڕێ لە یارانی دەمار
خونچە ئازادی ئەکا، بازاڕی نۆشی دائەنێ
با نەکەونە داوی عیشقی ڕۆستەم و ئەسفەندیار
خونچە باسی خەم دەکا، بۆ ڕەند و لاوی دڵتەڕی
بێ دڵان، با هەر بکەن هاوار و بانگی پڕ بە زار
خونچە میوانی ڕەز و، نەشئەی ببزوێ و بشڵەژێ
بۆچ بکەم باسی هەوا و ئاو و بەراوردی بەهار؟
خونچە خوا هەڵناگرێ سیس بێ، لە باوەش بای سەموم
چۆن هەناسەی مار و دێو، بڕژێتە بادەی پڕ خومار؟
خونچە تا دوگمە و بەرۆکی، بیترازێنێ لە جێ
قاچی بۆ هەڵنێ، گەڵا پەخشان کە، چەشنی پیرەدار
خونچە، هەر بۆنی بکە و هەردەم ببینە دیمەنی
بگرە ناو ئامێزی شادی، خانم و خاتوونەوار
خونچە، تا تیماری زامی چاوی ژیکۆناسناوی ئەدەبی کا، بە ڕوو
نایەوێ دووربین و عەینەک، یا تەبیبی نالەبار