ئیشارەی نازی چاوی، نەفی و ئیسپات

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  244 بینین
ئیشارەی نازی چاوی، نەفی و ئیسپات
وەکوو مووسا، دڵی بردم بە میقات
بە بزماری موژەم، قایم دەکەم دڵ
لە سروەی باخی پڕ ئەسراری باڵات
دەخیلی چاوەکانت بم لەبەر چی
ئەبەی تاڵانی ڕووحم بۆ خەرابات؟
ڕوخت گوڵ، قامەتت عەرعەر، سەرت شەو
دڵت بەرد و، موژەت تیر و، برۆت لات
شکاندت جان، بە شیری ناز و لەنجە
ڕفاندت دڵ، بە بازی چاوی شەهلات
هەناسەی من لە دامێن عەسکەری زوڵف
لە پێش چاوی ڕەقیبان بۆتە ئاڵات
کە سینەم کرد هەدەف بۆ تیری دوژمن
بە مەرگی تۆ قەسەم، نەمبوو موخافات
کە نووری ڕۆژ ئەبەخشێ، خاڵی تاریک
ئەبێ چۆن بێ لە ئوفقا ڕووت کە هەڵهات؟
لەوی زێتر نەبوو ئوممێدەوارت
فەقەت ڕاجیناسناوی ئەدەبی، نەبوو جارێ مواسات