نووکی پێنووسم ئەوا خستمییە ناو شاری ئەدەب
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
248 بینین
نووکی پێنووسم ئەوا خستمییە ناو شاری ئەدەب
گەرچی نەفرۆش و نەکڕ خۆمم لە بازاری ئەدەب
چونکە گیرفانم پڕە، وا دەس بەتاڵ داماوە ژین
تا زمان ئەبڕێ لیباسی بیری هوشیاری ئەدەب
تێکەڵاوم کەن بە خاک و بەردەڵانی مافی کورد
تا موعەتتەر کا دەماخم، بۆنی گوڵزاری ئەدەب
هەر ئەدەب گەر پێگەیێنێ هۆزی دواکەوتوو لە شوێن
ڕەببی کوێری کەی دوو چاوی دوژمنی یاری ئەدەب
خاکی کوردستان بوو کانی فەنن و زانست و ژیان
بۆچی بەختی نووستووە، لێی وشکە ڕووباری ئەدەب؟!
دوژمنم زۆرن، بە کوردی، نایەڵن سەر هەڵبڕم
تا بە سەربەستی بدا دەستم پەلاماری ئەدەب
ڕووی هونەر چۆنی ئەکا ئاوێنەکاری، تا ئەبەد
دیمەنی نەسڕێتەوە هیچ کەس لە دیواری ئەدەب
هەر بڕۆ، تا شارەزاییت دەس کەوێ لەم خاکەدا
تا لە گوێی خۆتی ئەنووسی، یەک وشەی زاری ئەدەب
وا کوڵی ژیکۆناسناوی ئەدەبی، لە چاوی بێکەسیدا هەڵقوڵا
کەس نییە گەر لێی بپرسێ، حاڵی بیماری ئەدەب!