ڕەزی بێ خاوەنم نەڕشایەوە، تڵماسکی پڕ خون کا

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  233 بینین
ڕەزی بێ خاوەنم نەڕشایەوە، تڵماسکی پڕ خون کا
بەر و میوەی بە شیرینی نەوەستا و ئێمە جون جون کا
سەراپەردەی شەهی، مابەینی چوارباخی کە ڕەوشەن کرد
ئەبێ ناسکۆڵە ڕاوێژێ لە قەسر و حەوش و هامون کا
بەبەر چەخمەی هونەردا تێپەڕێنن، دەوڵەمەند و ڕووت
یەکێک زێڕان لە بن عەرد و یەکێک زێڕان لە گەردوون کا
لە مەیدانی کرێ، بانگ ڕائەهێڵێ هەر سەحەر، بولبول
کە ڕۆژیش هاتەدەر، هەر چاوە دێ، فرمێسکی گوڵگون کا
نەهێڵم چاکە دەستم بەربدا، ئەو شۆخە شیرینە
هەتا ئاگر لەناو چاوم ئەخا و مێشکم لە هاون کا
ئەمن بێژینگە خاکێکم، بە باوکی لەندەنی نادەم
ئەگەر هۆزی هەژاریشم، هەزار نەورۆزی لێ ون کا!
بڵێ فیرعەونە میسری گرت و نێری کوشت و مێی بەردا
ئیتر، بۆ جوولەکەی مە کێیە؟ وەک موساو و هارون کا
زەمانی پیر و جاحێڵیم، خەریکی ماچی لێوی بووم
کە لێوم پێوەنانووسێ و، ددانم لێوە مەمنوون کا
وەکوو منداڵی ناو سک، هەر مژیم و تامی نەمزانی
ئەمێستا تاڵ و تیژی دێ بە گژما، چاوی خاتوون کا؟
ئیتر کێیە لە دونیا، تەختی یار و بەختی واژوون بێ؟
وەکوو من یاری شیرینی، زمان پڕ عەتر و سابوون کا
سەری شادی نەنێمە عەرد و پەیمانە هەتا ماوم
دڵم هەر هاموشۆی بازاڕی بیری بەرز و سەرجون کا
نەسیم پشکۆژەکانی سەرچڵانی داچڵاندن لێم
بە ناوی داری گەندەڵ، تازە ژیکۆناسناوی ئەدەبی سەر لە پشکون کا!