هەتا ماوە بەهاری نامرادی، مێرگوزار شین کا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
276 بینین
هەتا ماوە بەهاری نامرادی، مێرگوزار شین کا
لە ناڵەی بولبولان، باخچۆڵەکانی گشتی پەرژین کا
تەنافی ڕیزە ڕەز لێداو و دار ساباتی سەر بگرێ
فەریک و تاڵەبەر، هەریەک، لەبەرچاو ڕوحی شیرین کا
زەماوەندی گوڵان و بولبولان، وەک ڕەشبەڵەک بادا
مل و گەردن، چەک و خشڵی بەرۆکان پوخت و نەخشین کا
ترومبێل و فڕۆکان بێنەکار و، خەت بکێشرێن باش
لە مەیدانی خەباتا، هەرکەسێ بێ ئەسپی خۆی زین کا
کەسێ، گەر بەرژەوەندی کاری دڵداری نەدۆزێوە
لە ڕۆژی ڕوونی شەودا بێ، لە خەودا دەس بە ناڵین کا
ژیانی خەڵکە بەرماوەی من و ژینیش کە ناناسم
چ خاوەن باوەڕێ بێ، عەقڵی ناسەرسەنگی سەنگین کا؟!
بڵێم ناشیرنم ڕەنگە لە باوەشیا بنووم ئەمما
کە پێی ناگەم جوانم، چاو ئەبێ سا کاری دووربین کا
بەرانبەر هەیتوهووتێ، گەر بوەستێ گون بە دەستی ڕووت
ئەبێ کاتی هەرا پاسی تفەنگی لوولەچەرمین کا
کوڕی کوردم کە دی عاشق بووە، بانگم کرد: کچە کوردە،
بەڵا ناگاتە ئەو یارەی، کە یادی سووری چاوشین کا
لەمێژە، هەر ئەڵێم باسێکی لاجانگی شکاوت کەم
بەڵام بیستوومە هەر کەس باسی کا، خۆی کفن و تەڵقین کا
ئەوا سەرما و شڵێوە عەرد و بەردی بەست و شەختەن دڵ
بەناخێری گیانی، تازە پشکۆناسناوی ئەدەبی کاری هاوین کا!