چواردە پۆرتەرێتی شیعری

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  392 بینین
١- خانی
ڕابن! شاخێکی شیعر هات.
شاخێ کە خوا ئاسۆیەتی و کورد بناری.
ڕابن! سەرچاوەی دیجلە هات
عەشقنامەی ئەم وڵاتە و
پێغەمبەری «مەم و زین» هات!
٢- وەفایی
پەپووسڵێمانکەیەکی ڕۆژهەڵاتی گۆرانیم و
تاقتاقکەرەی سەر درەختی ماڵی «شیرین»
هەموو جارێ «شیرین» لەسەر بانیژەوە
تەشی ئەڕست
کەچی «وەفاییکەس» لە خوارێ
شی ئەبۆوە و ئەبووە خوری!
٣- مەولەوی
دڵۆپە نووری تەوێڵی «هەورامانشوێن» و
داڕژانی مرواری ناو زمانەکەم،
وەختێک برووسکەی خەیاڵ و
هەوری وێنە لە یەک ئەدەن،
لە خەڵوەتێکی نەقشیدا
ئاوێتە بوون لەگەڵ خوادا و
لەم لایشەوە لەدایکبوونەوەی سروشتی تر.
ڕیشێ قۆزاخە بۆ کرمی ئاوریشمین و سەرێ گوڵدان بۆ چنوور و فرمێسکە زیوینی چاویش
بۆ کۆچەکەی «عەنبەر خاتوون»
٤- حاجی قادر کۆیی
هەڵۆیەکی «هەیبەت سوڵتان»
چرایەکی بە گەردنیا هەڵواسیوە و
بە شەوەزەنگدا ئەگەڕێ.
پڵنگێک زەنگێکی پێیە و
لە تاریکیدا لێی ئەدات.
بەفرێ سەری خۆی هەڵدەگرێ و
لەناو بیاباندا ئەمرێ!
٥- پیرەمێرد
ئەم «گۆیژە»یە؟! یاخود «گۆیژە» پیرەمێردە؟!
ئەم شاتووە پەند ئەگرێت و
ئەم بەڕووە قسەی نەستەق.
ئەم بەڕووە بۆ یەکەم جار
کڵاوی خۆی کردە سەری «مامەیارە»و
بۆ یەکەم جار پەلوپۆی خۆی
فڕێدایە ناو ئاگرەکەی جەژنی نەورۆز.
ئەم بەڕووە، هەر لە لق و پەلی جەستەی تەختەی حەرفی دائەتاشی و
ئەیدایە دەست کانییەکانی
«ژیانەوە» و «ژین»ی دواڕۆژ!
ئەم شینەشاهۆیە عومرە
هەتا ئێستەیش
لە ئاسمانی زمانێکی شیندا ئەفڕێ و
لە نەورۆزیشدا ئاگرە!
٦- قانیع
ئەو مێوژەی
کە گوندێکی شیعر نەما
لێی نەخوات و
کەچی خۆیشی
بە دەمی تاڵ
ماڵاوایی لە مێوژ و
لە ئێمە کرد!
٧- عەلائەددین سەجادی
لە قوتیلکەی مزگەوتەوە
سەری جوقا و هاتە دەرێ.
کە گەورە بوو، بوو بە «شاهۆ» و
بوو بە چرای مانگەشەوێ.
یەکەم کەسێ بە تریفە
مێژووی دەریاچەی نووسییەوە و
بەڵام دوایی لە بەستێندا بوو بە تەمێ!
٨- عەبدولواحید نووری
کەڵەشێرێک
ڕۆژگارێکی خەولێکەوتوو
دەفتەری سنگێکی زامدار
کەڵەشێر بانگی نوێ ئەدا
مێژوویەک لە خەو هەستێنێ
بەڵام مێژوو هەڵنەئەسا و
هەتا دواجار
ئەم دەفتەرە باریکەلە و
ئەم فەنەری سدارەیە
لەناو خوێنی خوێدا خنکا!
٩- دڵدار
ئەو شەماڵەی لەناو «خەندەی بایی»یەوە
لە برینی گوڵێکەوە
هێواش هێواش هەڵیکرد و
هەتاکوو بوو بە باهۆزی سروودێک و
باڵای باهۆز گڕی گرت و
بە گڤەگڤ چووە سینەی
شاخ بە شاخ و
چووە گیانی باخ بە باخ و
چووە هەموو ماڵێکەوە!
١٠- هێمن
ئەگەر بێت و قاپی بادە و
لەگەڵ بیست سی قول جگەرە و
لەگەڵ دیوانەکەی «حافزکەس»
لەسەر گۆڕی و لە ژوور سەریەوە دابنێن!
ئەگەر بێت و «خەج» یان «ستێ»
کچەبێرێ و پەریخانێ
دوو سێ جارێ بانگی بکەن
لەوانەیە هەستێتەوە و
جارێکی دی بچێتەوە جێژوانی!
١١- دیلان
«مانگ»ێکی شین،
هەڵبەستێکی وەنەوشەیی،
چریکەیەک بەرەو ئەستێرەکان ئەفڕی و
تەنانەت خوایش لە وەختی بێتاقەتیدا
گوێی لێ ئەگرت!
١٢- موحەڕڕەم محەممەد ئەمین
خۆی قامیش و
بۆ چیرۆکیش کەریتە بوو
ڕەنگە جارێک
لە «سەیرانەکەی ئەزمڕ»دا
پێکەنی بێ
کورتەچیرۆک لە وەرزێکی ڕەشپۆشدا بوو
بردیانە بەردەم قولاپ و
بەڵام لەوێ
وەک ڕۆمان مرد!
١٣- محەممەد مەولوود «مەم»
وشەیە لەش بەبار و
گیانێک وەک هاوینانی شەقڵاوە و
بەفری سەفین
پاک و ڕووناک
دەوارێکی هۆبەی چیرۆک
لە بەردەمی ڕەشەبادا
فوارە ئاورێکی سەر قەڵا و
قسەی فێنک
«ڕێگای گەنم» وەختێ ئاونگ تەڕی ئەکا
لە بەردەمی مانگەشەودا
ڕۆژێکیان هەر ئەوەندەی «پەنجا فلسی»یەک
برک و ژانێ
لەناو هەناویا هەڵتۆقی و
ئیتر ئەوسا بە گڤەگڤ مەرگ هات و
فڕانی وەک گوڵەستێرەی بن بنار و
گەڵای دەم «با»!
١٤- سوارەی ئێلخانیزادە
کەوێکی نوێ
قاسپەی کۆن فڕێ ئەدات و
لە ڕەگەزی
باوک سالاریی موکریان یاخی ئەبێ و
چۆنی ویست ئاوا ئەخوێنێ!