مەرگی مانگێک

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  844 بینین
دوێشەو مانگ کەوتە دەریاچەی «دووکان»ەوە و کەس نەیزانی.
ئەوینێکی کەسک خنکاو...
ئاوازێکی سپیی مرد و کەس نەیزانی.
دوێشەو مانگ کەوتە خوارەوە
مانگ کەوت بە سەر نیشتماندا و
نیشتیمانیش دانەچڵەکی و
مێژوویش خەبەری نەبۆوە و کەس نەیزانی.
دوێشەو مانگ کەوتە دەریاچەی دووکانەوە و
لە کەناری پاییزێکدا، وشە وشە و گەڵا گەڵا
درەختی شیعر هەڵوەرێ.
دوێنێ شەوێ، دیرۆکێکی سمێڵ بابڕ، ڕیش خەناویی
لە دەراڵی چەرماوەندا
لەناو بێدەنگیی شێداری جەنگەڵێکدا
کە دانەوی
تاریکیی کرد بە دەسکێش و
کڵاوێکی فەتواچنی لەسەر کرد و
مانگەشەوێکی سەربڕی.
دوێنێ شەوێ خەرمانەیەک لە خەمی من
لەناو خوێندا گێژی خوارد و قریشکانی و
شووشەبەندی سایەقەیەک هاڕەی کرد و
ستارەی کوژراو داباری و
بەڵام کەسیش پێی نەزانی.
دوێشەو مانگ کەوتە خوارەوە و
پرشنگ پژا و تریفە کەوتە ناو زێوە و زێ بوو بە تابووتی زیوین.
خەونی هەپڕوون کەوتە سەر ئاو.
هەناسە بوو بە تەمێکی سەر قەشقۆڵی و
فرمێسک بوو بە وردەماسی و تاوان بوو بە قەوزەی ڕووبار.
ئاو زریکەی هەڵپژاو بوو،
ئاو ژنێکی گوندی چەقۆ و ئاو کچێکی هۆزی ڕق و عەشیرەتی زەردەمار بوو، سەر بەرەوخوار ڕایئەکرد و
کەزییەکانی شەپۆلی خۆی ئەڕنییەوە و سەری ئەکێشا بە بەردا و جەستەی عەشقی هەلاهەلا و وردوخاشی
ئەگەیاندە مەیتخانەکەی دێرینی شار،
بەڵام ئەوسایش لە وەتەنی نێرینەدا
لە نیشتمانی سمێڵ و لە قانوونی ناو جامانە و ئەفسانەدا
نێرێک خەبەری نەبۆوە
یاسا خەبەری نەبۆوە و
دادگا خەبەری نەبۆوە و...
کەس نەیزانی!
هەموو جارێ خێڵ چرای مەمکی خەزاڵێ ئەشکێنێت و هەموو جارێ خێڵ تابووتێ لە داری حەدد دائەتاشێ بۆ «خەج»ێک و
هەموو شەوێ ڕیشی بە خوێنی شیعرێکی مێینەی من
پاراو ئەبێ بۆ غیلمانی ناو بەهەشت و
هەموو جارێ و هەموو جارێ
شمشێرێکی نوورانیی دێ و
«شیرین»ێکم لەبەر ماڵەوە ئەپێچێ و ئەیفڕێنێ!
دوێشەو مانگ کەوتە دەریاچەی دووکانەوە و
ئاو سوێی بۆوە و، ئەوینێکی کەسک خنکا و
ئاوازێکی سپیی مرد و
هەڵبەستێکی نارنجیی من دڵی وەستا و
کەس نەیزانی!