ژیلا

سۆزی لاواندنەوەیەک بۆ «ژیلا حوسێنی»
لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  404 بینین
تەنها هەر سەعاتێک ئەبێ
مامزێکی سپیی شیعرم لێ ون بووە!
ئەرێ نازانن لە کوێیە؟
نەتاندیوە؟
دەشتێک کەروێشکەی فرمێسکی
لەبەر ئەستێرکێکدا ئەکرد
هات و وتی:
ڕەنگە لەپاڵ کانییەکدا
ئێستە خەوی لێ کەوتبێ!
وەک سنەوبەریش خەونێکی سەوز ببینێ!
ئەوە بۆ دوو سێ ڕۆژ ئەچێ
«ئاواز»ێکی پیرۆزەییم لێ ون بووە!
ئەرێ نازانن لە کوێیە؟
ئەرێ کەستان نەتاندیوە؟
«باڵەبانێ» بەدەم پژانی ئاخەوە
هات و وتی:
ڕەنگە ئێستە لەناو هاژەی مەیلەو شینی ڕووبارێکدا
بووبێ بە قەڵبەزەی زیوین
ڕەنگە ئێستە لە کەناری «زرێبارشوێن»دا
بووبێ بە تەڵێ وەنەوشە و
بووبێ بە گوڵەمێلاقە و
خەونێکی شینیش ببینێ!
***
ئەوە بۆ هەفتەیەک ئەچێ
گەواڵەهەورێکی «مۆر»م لێ ون بووە!
ئەرێ نازانن لە کوێیە؟
ئەرێ کەستان نەتاندیوە؟
«با»یەک بە چاوی تەڕەوە
لە لووتکەوە هاتە خوارێ و
گەیشتە لام و پێی وتم:
ڕەنگە ئێستە بووبێ بە کلووبەفرێکی «ئاویەر» و
لەسەر گەڵایەک نووستبێ!
ئەشێ بووبێ بە ئاونگی پێڵووی بەرد و
ئەشێ بووبێ بە شەونمی قژی هەرد و
ئەشێ لە دەراڵی کێودا
بووبێ بە زنەی ئەشکەوت و
لە نسێدا بۆ خۆی خەوی لێ کەوتبێ!
لەوانەیشە بووبێتەوە بە هەڵمێک و
تراویلکەی بنارێک و
شوێن پێی خەونی:
عەشقی «مەمکەس»و «کاکە لاسکەس»ی هەڵگرتبێ!
***
ئەوە بۆ چەند مانگێک ئەچێ
گوڵەستێرەی بنارێکم لێ ون بووە!
ئەرێ نازانن لە کوێیە؟
ئەرێ کەستان نەتاندیوە؟
کەوێکی باڵ داگیرساوی خەمم هات و
بەدەم قاسپەی هەنیسکەوە
گەیشتە بەر پەنجەرەم و
دەنووکێکی دا لە دڵم و
ئەوسا وتی:
ڕەنگە ئێستە بووبێ بە شەوقی چرایەک لەناو ژووری شاعیرێکدا
ئەشێ بووبێ بە مۆمی ژوور سەری کانی
بە چراوگی دەس گوڵ هەنار
بە گڵۆپی شەقامێک و
ئەشێ بووبێ بە جریوەی پەخشانێک و
ئەشێ بووبێ بە قوتیلکەی بەر هەیوانی چیرۆکێک و
بە تریفەی دیوانێک و
ڕەنگە بووبێ بە ترووسکەی ئاگری شوانی دوورە چیا
لەوانەیە بووبێ بە پەپوولەی نوورێ
لەناو ڕیشی «مەولەویکەس»دا و
لەوانەیشە، بووبێ بە قەقنەسێکی گڕگرتوو
لەناو غوربەتی «نالیکەس»دا
***
ئەوە من بۆ ساڵێک ئەچێ
چاوێکی خۆم لەڕێی «تارانشوێن» لێ ون بووە!
دەنگێکی خۆم
لە پێچەکانی قیرتاوی تاریکیدا، لێ ون بووە!
لە تەمتوومانی سەفەردا
«مانگ»ێکی خوێناویی سەرم لێ ون بووە!
هاوار، هاوار
ئەرێ نازانن لە کوێیە؟
ئەرێ توخوا نەتاندیوە؟
لە ملەکانی «شاهۆ»وە
پەرییەکی قژنارنجی
نیوەی: شەو و نیوەی: هەتاو
پەرییەکی شیعری «حافزکەس»
نیوەی: گوڵ و نیوەی: تەرزە
کچی تەم و کچی باران
هات، داگەڕا و
گەیشتە لام و پێی وتم:
-من خۆم دیومە، «ژیلا» بووە بە شەتاوێ
لەو کاوانە و «ژیلا» بووە بە چنوورێ لەو کەژانە و
«ژیلا» بووە بە ماسییەکی باڵداری ناو «زرێبار»
من خۆم دیومە، ئێستە ئەو لەناو هەوردایە و
لەسەر کورسییەکی بەرزی ئەرخەوانیی دانیشتووە و
بە گزنگ شیعر ئەنووسێ و کراسێکی ئاودامانی مانگەشەوی لەبەردایە
من خۆم دیومە: بووە بە کۆترەشینکەیەک
لەو ماهیانە و گمەگمی ئەوینێتی و
هەر شەقژنی برینێتی و هەر چاوەچاوی بینینی باڵای شیعرێکی تۆیەتی و
ملوانکە موورووی ئەستێرەی لە ملدایە.
من لە لای بووم. من خۆم دیومە:
بە بەیانییان، سروەیەکی سەرباڵ شینە
بە نیوەڕوان، هەتاوێکی ڕەنگ پەمەیی و بە ئێواران، تیزماڵکە خوێنی لێواری خۆرنشینە.
ئەو ئەگۆڕڕێ
هەفتەی جارێ، ئەبێ بە گوڵەبەڕۆژە
مانگێ جارێ، ئەبێ بە گوڵی دارهەرمێ و «خەج»ە و «شەم»ە و ئارام ناگرێ و هەر کۆچ ئەکا
دەمێ لەسەر «ئاویەر»ە و
دەمێکی تر لەسەر «گۆیژە»
من خۆم دیومە و ئەم بەیانییە لە لای بووم
من هاتووم و ڕاسپاردەی خەزانێکی ئەو بەهارە لەش جنراوەی ئێوەم لایە:
بە گریانی کاڵا ڕەشی کەسوکارم،
بە هەڵاڵەکانی وشەم: هاوڕێیان
بە وڵاتی زەرد و سووری خەونەکانم
بە شارەکەم، گەڕەکەکەم، کۆڵانەکەم
بە پەڕەسێلکەی تەنیایی و
بە هێلانەی چۆڵوهۆڵی شیعرەکانم،
بە ژوورە بێوەپیاوەکەم
بە قوتبی شینی نامۆیی و
بەفری ڕەشی تاراوگەی
«شێرکۆ بێکەس» بڵێن،
تازە من چوومەتە ناو قۆزاخەی
سڕڕەکانی گەردوونەوە و
بووم بە شیعری ئاوریشمینی بارانی خوا و، زوبانی خوا و
نایەمەوە!