چێوار

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 6 خولەک  382 بینین
١
پەڕەسێلکەی هەواڵێکی ڕەش و سپی،
تێکەڵ لە بەفر و نامۆیی
تەڕ تەڕ وەکوو چاوی «گۆیژە»
بەرەو ڕووم دێ و نزم ئەفڕێ و
ناوبەناوێ بەرسنگ ئەدا لە مەراقم و
جاربەجارێ باڵێک ئەدا لە ئەستێرکی حەپەساوم و
چون قەسیدەی پرسەدارم
ئەویش ئەگری و ئەگری و ئەگری
پەڕەسێلکەی هەواڵێکی ڕەش و سپی،
پەڕەسێلکەی شانۆیەکی سلێمانی
تێکەڵ لە ڕەنگی کراسی گەرمیان و
تێکەڵ لە زیوی تریفە و گەڵای قۆپی
بەرەو ڕووم دێ و نزم ئەفڕێ و
ناوبەناوی دەنووک ئەدا
لە پەنجەرەی شەختەی ژوورم و
جاربەجارێ سەر ئەکێشێ بە وشەمدا و
لەدواییشدا ئەویش وەکوو قەڵەمەکەم سەر دائەخا و
بەکوڵ ئەگری و ئەگری و ئەگری
پەڕەسێلکەی هەواڵێکی ڕەش و سپی،
بەرەو ڕووت دێ و نزم ئەفڕێ و
هەر خول ئەخوا بە چواردەوری تەنیاییتدا و
باڵ جووت ئەکا و ئەیکاتەوە و
تۆیش لەولاوە درەختی دوورگەی فرمێسکی و
باڵای شانۆی گوڵ عومەری و
هەڵئەوەری
٢
ئەی پەڕەسێلکەی هاوڕێ
ئەی باڵەکانی فرمێسکی ڕەش و سپیم!
ئەی خەمی نوێی هەڵفڕیوی نێو شارەکەم!
بۆ کوێ ئەڕۆی؟ بۆ کوێ ئەفڕی؟
ئەوە سەرم و ئەوە پووشووی زەردی قژم و هێلانەکەت!
ئەوە کونەزامی سنگم و کونەئاخ و کونەداخ و
گەرمەسێری جریوەکەت!
بۆ لا ئەدەی؟ بۆ کوێ ئەفڕی؟
تۆ هەنسکی ڕەش و سپیی شانۆی منی
بۆ لا ئەدەی؟ ناسینەوەم،
لە ناسینەوەی گومەزی سەر سەیوان و
دۆزینەوەم، لە دۆزینەوەی هاواری مامەیارە و
«ژیانی ڕۆژانە»ی خۆت و
پێڵاوەکەی «ئەحەی کڕنوو» ئاسانترە!
بۆ لا ئەدەیت؟ ناونیشانم
لە ناونیشانی هۆڵەکەی - هونەرمەندان -
لە مەزراکەی «ماجید» و
لە ماڵە ڕووتەڵەی «چێوار» ئاسانترە!
بۆ لا ئەدەی؟ بۆ کوێ ئەفڕی؟
من لەم ناوە، لەم بەفری قوتبە شینەدا
نوێنەری گشت گریانێکی پەردەی شانۆ و
نوێنەری کۆچی دەنگتانم
من لەم ناوە، سنووقی پۆستی زایەڵە و
هەر بۆ خۆیشم، من پۆستەچیی نامەکەی کۆست و
بۆ خەزانی ئاوێنەکانی سەر شانۆیش
ئەدرەستانم!
ئەی پەڕەسێلکەی هاوڕێ!
بۆ خول ئەخۆی بە دەوری ئەم:
بەفرە شینەی سەری مندا؟
وەرە و گریان دەروازەکەی کراوەیە و
قوڵپی تازە و کوڵی تازە و
شانۆنامەی ئەم کۆتەڵە نوێیەم بەرێ!
٣
ئێوارە، مەراقی زەردەبوو، دائەهات
خۆرنشین بە بۆنی بادەوە ئەگەیشتە بەردەمی چاییخانە
چەند شیعر و چیرۆک و شانۆیەک، لەوێدا ئەبووینە درەختی،
تۆزاوی و چاوەڕێی سەر جادە.
چاییخانە ئەکەوتە باوێشکدان، سەماوەر ئەنووست و کورسییەکان ئەنووستن و «عەبدوڵڵا جەوهەر»یش هەڵئەسا.
ماخۆلان ئەسپ بوو،
ئەسپەکەی «بێکەس» بوو لە گیانی ئێمەدا بۆ عارەق.
بۆ ڕەشی، بۆ سپی، ئەیکردە کوڕژن و سمکۆڵان.
وەختی نوێژ بۆ عەشقی شیعرێک و شانۆیەک هاتووە.
وەختی نوێژ لەبەردەم خواوەندی بادەدا هاتووە.
ئەهاتیت، خەونێکی شانۆ بوویت، ئەهاتیت.
نەورەسی «چیخۆف»ی خەمگین بوویت،
بە کاوخۆ ئەهاتیت.
کراست هەورێکی چرچولۆچ، پانتۆڵت تیزماڵکی دووکەڵ بوو، ئەگەیشتیت.
سەروقژ، هێلانەی باڵندەی بێزاری.
ڕوخسارت چون مێژووی شارەکەت، چون نانی گریاوی هەژاری، تەمتومان لە چاوتا
وەک خانووە قوڕەکان، مەیدانی کافرۆش، گەڕەکی مەڵکەندی، پڕی بوو:
لە کۆچی بێوادەی جریوە و
لە هەوری سەرگەردان. ڕوخسارت:
حەوزێکی پڕشنگ بوو،
بۆ ماسیی ڕەنگاڵەی هونەر و شەوێک بوو بۆ عەشقی نێوانی شانۆت و ئازادی،
ئەهاتیت.
خاڵە گیان! با بڕۆین! تۆ ئەتوت.
خاڵە گیان! بۆ نەڕۆین! من ئەموت.
ئەڕۆیشتین سەرەو ژوور، زریزەی خەمێک بووین.
هەر هەمان - کۆمەڵی نەگبەتی بێکەس بووین -
سەرەو ژوور ئەڕۆیشتین.
بازنەی چەند چرای سەرخۆش بووین بە دەوری مێزێکی شان گێڕدا!
فەقیانە و جامانەی مامۆستا «عومەر» و فۆلکلۆر،
منارەی سەر مێزی ئێمە بوو، دووکەڵی جگەرە و شیعرێکی تازەی من
دەورێکی تازەی تۆ.،
بە چرپەیش هەواڵی سوورباوی ڕەوەز و کەوێڵی هەڵۆکان.
لاقرتێی ناو قاقای «شێرزاد» و ڕاوەکەو. میاو میاوی پشیلەی ژێر مێز و پێکێکی ڕژاو و تارماییی مولازم موحسین و دوا ناوی شەهید و درەنگان چریکەی فڕیوی ماملێی «بێگەرد» و،
ئەمانە هەر هەموو بە یەکدا ئەهاتن و سەریشمان گومەز بوو لە تەمی مێژوودا و
باڵامان نوقمی ناو دەغڵی دواڕۆژ و بینینمان، بینینی ڕووبار بوو
ئەو کاتەی مل ئەنێ بۆ دنیای نادیار و بۆ زەریا.
٤
بەتەماتم خاڵە چێوار! هۆ مامە شێخ، بەتەماتم
ئەمشەو لەم قوتبە شینەدا
لە بەفری ئەم غوربەتەدا،
ببیتە شانۆی باڵدار و بێی بۆ لام و سەردانم کەی!
بەتەماتم، بەڵام پاڵتۆ دڕاوەکەت «کە شەوێکیان داتە بەر شەق» لەبیر نەچێ!
کلێتەکەت کە شەوێکیان کردتە سەری «خاڵە شەمۆ» لەبیر نەچێ!
بەتەماتم، هەر خۆیشم نیم، هەر «چوار پیاوی ئوتێلەکە»
بێجگە لە خۆت، ئەحەی کڕنوو بێ پیڵاو و «دڵشاد»یشمان بێ چاویلکە لە گەڵدایە!
با و بۆرانە و وژەوژی خەمستانە و
ئەمشەو لەم قوتبە شینەدا بەتەماتم، ئەبێ هەر بێیت.
بادەی پەرداخەکەی «بێکەس» کە لەبنیا
کسپەیەکی مۆر ئەلەرزێ ... چاوەڕێتە!
مۆمێک بە بەرزیی باڵای هونەرت و باڵای شانۆی «پێشڕەو»
ئەسووتێت و چاوەڕێتە!
«هاملێت»ی ئاوارەییم،
لە باڵقۆندا دوور ئەڕوانێ و چاوەڕێتە!
لە باخچەکەی بەر ماڵەوەیش، خاڵە شانۆ!
هەموو هەموو شیعرەکانم چاوەڕێتن،
بەتایبەتی «ئاسک»ەکەم هەر باڕژنێتی و هەر دێ و دەچێ و
چاوەڕێتە
٥
ئەی پەڕەسێلکەی هاوڕێ!
سەرم هێلانەی تۆ نییە!
بۆچی خۆتم لێ ئەگۆڕی؟
تۆ چێوار نیت؟
تۆ کوڕی شانۆی هەژاری شارەکەم و
ئەکتەرە هەوری هونەر و
مامزێکی ڕووت و برسیی شارەزوور نیت؟
بۆچی خۆتم لێ ئەگۆڕی!
ئەی تۆ تەختەی شانۆت نەکرد
بە عەرشی بەرزی مەرگی خۆت؟
تۆ خۆت نەکرد بە پلووسکی بەردەم خەڵک و تینوویشت بوو؟
تۆ خۆت نەکرد بە نانێکی بەردەم خەڵک و، برسیشت بوو؟
ئەی تۆ نەبووی
لە بەرپێکانی شانۆدا
لە سەرەڕێی شەوانێکی بێ چرادا
بۆ ئەوەی «ئەو» هەڵنەنووتێ و نەکەوێت و
بڕوا و بڕوا، باڵەکانت دانەگیرسان؟
بێدەنگی و ترست نەسووتان؟
دە پێم بڵێ! دە پێم بڵێ! دە پێم بڵێ!
تۆ چێوار نیت؟
«پەڕەسێلکە هاتە پێشێ و لەژێر بنمیچی شیعرێکما کز کز هەڵنیشت. منیش، سووک سووک
قەفەزی سنگم کردەوە و
چووە ناوی و لە ڕۆحما نووست!»