سروودەکانی «مەلەک تاووس»

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 15 خولەک  526 بینین
لە کەناری شەوێکی سپییەوە کەوتمە ڕێ و
هەنگاوم زەمینی داچڵەکان.
هەوا ڕەنگین و خەیاڵم کەژێکی
دەم بە خەندەی ئاسۆگەی بینین بوو.
لە ڕۆخی شەوێکی زیوینەوە
پەڕیمەوە ئەو بەری:
وڵاتی تەلیسم و
ئەفسوونی فڕین و خەوبینین.
چوارگۆشەیەک
پەنجەرەی بوونم بوو.
چوارگۆشەیەک بنەما و
چوارگۆشەیەک مەوداکانی ڕوانینم بوو:
هەوا و دەنگی هەوا و
گڵ و نیگای گڵ و
ئاو و زیندەگی ئاو بوو.
هەموو چوکڵەی ئەستێرەیەک بۆ من جۆلانەیەک و
هەموو کوێستانەکانی شەختەبەند ئاوێنەم بوون.
من کوانوو بووم
بۆ ئاگرێکی تازەزاو.
هێلانە بووم
بۆ باڵندە بەردینەکان و لەنگەرێک بووم
لەناو تەمی گومانێکدا هەڵپڕووزاو.
لەشم لەشی بەرانەکێوییەکی تەڕی
بەر ڕێژنەی پرسیار و گژەبای دوودڵی و
چاوەکانم دوو بازی باڵ داگیرساو بوون.
من ئەو دەمە
گۆرانیی گێژەنێکی خوێنگەرم و شەتاوێکی لاساری کاوانەکان بووم:
لە تەوقەسەری ئەوینێکی کەف چڕێنی چاونەترسەوە
ئەڕژامە گۆلاوەکانی کازیوەوە.
سامێک بووم
لە شێوەی گەرداوێکی شێتوێتدا
تین و تاوێک بووم
لە شێوەی شمشێری سوورەهەتاودا.
لە ئەشکەنجەدا هاژەم ئەکرد و
لە مەحاڵدا باڵم ئەگرت.
من ئەو دەمە
باهۆزێ بووم
کڵاوی هەورەتریشقەم لە سەر ئەکرد.
من هەر لە بەردی هەتاو و
لە کێوی خۆڵەمێشی خۆم
یەزدانی خۆم دروستکرد و
لە دارستانی زمانە چەندجار سووتاوەکەی خۆمدا هەڵمکرد.
من بەفرێکی ڕەش هەڵگەڕاوی
یاخی بووم و لە سوورەتەکانی
خوای بیابان جیا بوومەوە.
داربەڕووە هەرە پیرەکانی شەوگار
منیان نووسییەوە و هاوڕێ و هاودەمی بە ئەمەکی
پۆلە کەوی پەرەوازە و سەرگەردانی جەستەی خۆم بووم.
سەرم نەدایە دەست گوڵەکانی بەهەشتی ئارام و دڵنیایی.
لە وەیشوومەکانی مەرگدا مزگێنییەکی دەم و لێو خوێناوی بووم.
من ئەو دەمە
ئەسپی ڕۆژگارە چەمووشەکانم ڕام ئەکرد و لە چەرمی بڵێسە
«زین»م بۆ دروست ئەکردن و سواریان ئەبووم
من کارەساتم ئەئاژوو
«بەڵا»م جڵەو ئەکرد و
دەستم بە یاڵی دواڕۆژدا ئەهێنا و پەیامی ڕەهێڵە کەسکەکان و
مژدەی گوناهە زیندانییەکان و ناو هەناوی تاریکی بووم.
برین بە برین
شاخ بە شاخ و
مەرگ بە مەرگ
«سنجاق»ە پەیکەری «مەلەک تاوس»م
لەگەڵ هاوارە ڕووناکەکانی خۆمدا ئەگێڕا و
ئازارێکی ڕەوانبێژ بووم.
من «قەوال»ی گەڕۆکی
خۆڵ و پرشنگ و ئاو بووم.
بەدەم لێدانی تەپڵی بەرد و
ژەنینی بلوێری ڕەوەزەکانەوە
دەرگای ماڵ بە ماڵی:
فرمێسکە قەتیس ماوەکانی شاخم ئەقڵیشاندەوە.
بەدەم لرفەوە
کڵپەم ئەگێڕایەوە و
گەرداوم ئەخوێندەوە و
بوومەلەرزەم ئەنووسییەوە.
من «قەوال»ی ئایینێکی دەرکراوی
بەهەشتە گەورەکان بووم
لەسەر «ئاگر» و خۆشەویستیی «ئاگر»
بە نەفرەت کرام
«قەوال»ی «مەلەک تاوس» بووم.
ڕۆژژمێری دەست و پەنجەی
هەڵوەریوی میدییەکان و
«کەلامخوێنی» میترا بووم.
ئای میترای دۆزەخەکەم!
چەند ئەهریمەن دابەشیان کردی!
من «کەلامخوێنی» سنەوبەر و
کەلامخوێنی پشکۆکانی ئاگردانی ناو گیانت بووم.
هەرچی بەیت و حیکایەت و سەرگوزشتەی حەوت خواوەندەکانی خۆمە لەبەرم بوون.
ئەو حەوت خواوەندەی
وەک حەوت لاولاوی تەلیسماوی
لە ئاخەفتنم ئاڵابوون
«خواوەندی هەتاو، خواوەندی مانگ، خواوەندی فەلەک، خواوەندی ئەستێرەی بەیان، خواوەندی بەهەشت، خواوەندی دۆزەخ، خواوەندی گیانلەبەر و ئادەمیزاد.»
حەوت خواوەندەکەم
هەموو گەرد و گوڵی بەیانییەک
حەوت زەریایان بۆ ئەهێنام
حەوت چەپکەگوڵی ئاگر و
حەوت پرشنگیان بۆ ئەهێنام.
منیش لە حەوت گۆشەی دەروونمدا دامنابوون
بە حەوت توێژاڵە ئەوین دامئەپۆشین
بە حەوت چاو تەماشام ئەکردن و
حەوتەوانەی گەردوونم بوون
حەوتەوانەی درەوشاوەی ناو سەرم بوون
من ئەڕۆیشتم و ئەوان باڵیان لێ ئەڕواندم
من ئەفڕیم و خوێنی خۆم
لە دووتوێی هەوایەکی سورمەچنی قەدکراودا هەڵئەگرت
سەفەرەکانم
سەفەری سەری بڕڕاوم بوون
دوورگەی بەفرێ بووم
چواردەورم بە لوورەی بتەکان تەنرابوو
مەنجەنیقی سوورەتی بیابانەکان بە شوێنمەوە بوون
لم بە شوێنمەوە بوو
سەفەرەکانم
سەفەری ڕووباری سەرهەڵگرتووی
ناو ئۆقیانووسێکی نادیار بوو
سەفەری شەپۆلی خودایی و
ژانی خودایی و
سەفەری
گەوهەرێکی سپیی بێکۆتایی بوو
«من ئەهلی خودام و باڵندەی زۆزان»
بە فڕینی مەلەک تاوسەکەی من
ئاسمان قووڵ بۆوە
هەر بە باڵەکانی ئەویش بوو
هەتاو یەکەمین نامەی خۆی بۆ باران نووسیی
لە «یەکشەممەیەکی» سپیدا
لە یەکەم ڕۆژی زایینی دنیادا
یەکەمین خواوەند ئەو بوو
کە لە دامێنی برووسکەیەکی هەلاهەلاوە
کەوتە خوارەوە
خودام باڵدار بوو
«جوبرائیل» باڵدار بوو
ئەی باڵداری پیرۆز لە ئاگرستانی عەشقدا!
ئەی دەنگی پەیوەستی نێوان بەرد و هەور
نمە و کێڵگە و
چەخماخە و کێوان!
ئەی هەوانامە و خاکنامە و
ئەوینی ئاوێتەبووی خودا و مرۆڤ لە یەک کاتدا
ئەی باڵداری پیرۆز!
ئەی هاودەمی یەزدان لە بەرزایییەکانی تەنیاییدا و
ئەی هاودەمی «فەقیران» لە نزمایییەکانی کڵۆڵیدا!
ئەی «مەلەک تاوس»ی جوانی و شای پەرییانی چیانشین
ڕۆحم بخەرە سەر فەنەری باڵە ڕووناکەکانت
ڕۆحم داگیرسێنە
تا پاکژ بێتەوە بلووری گەردگرتووی جەستەم و
گزنگ بگرێ باسکەکانم
ئەی گەوهەرە سپییەکەی یەکەم ڕۆژی خەڵقی دونیا
ئەی سەفەری باڵندە شەنگارەکەی
یەکەم ڕۆژی خەڵقی دونیا
تیشکم تیا بچێنە!
بۆ ئەوەی ببمە مێرگی نووری دەنگ و ڕەنگت
تریفەم تیا هەڵقوڵێنە
بۆ ئەوەی لەگەڵ خودای «مانگ»دا
خەرمانەی دەوری سەرمان بکەین بە هەواری هەژاران
لە کەناری شەوێکی سپییەوە کەوتمە ڕێ
لە خۆڵەمێشی خۆمەوە
گەورە فریشتەی خۆم
«مەلەک تاوس»م زانەوە
«مەسحەفا ڕەش»یشم هەر بە نووکە کڵپەی سووتانی خۆم نووسییەوە،
گەڵا ئەڵێ:
«مەسحەفا ڕەش» مەسحەفا خەونی بێشەڵانمانە
ئەو ئەڵێ: مەسحەفا ڕەش ویردی پەلکەگیا و
نزای وردەشەپۆلی کانییەکانمانە
بەرد ئەڵێ: مەسحەفا ڕەش، بەفرە کتێبی منە
هەتاونامەیە لە بەیانییانی نوێژکردندا
بۆ تاوسە میهرەبانەکەم
ماچنامەی نێوان یەزدان و سروشتە
پشکۆنامەی کوورەکانی نێوان کوژانەوە و هەڵگیرسانە
هەناسەمە لە توانەوەدا
پەنجەمە لە وەختی گەڵاکردندا
دەم و لێومە لە وەختی پشکوتنی پەیڤدا
ئاسماننامەی فڕینە:
فڕینی گوڵ و ئەستێرە و منداڵ
گەڕانی ئازارە بە تووناوتوونەکانی دەنگی یەزداندا!
گەشتی چاوە لە قووڵاییی نابیناییی گوناهەکاندا
سەماکردنی کلووی خۆشەویستییە
بە دەوری مەرگی پەپوولە جوانەکاندا.
لە ڕۆخی شەوێکی زیوینەوە هەڵفڕیم:
باڵندەی گەوهەری شەوچراخ بووم
درەوشانەوەی تێل و پەڕ و باڵم
بریسک و هووڕی ناسۆرە ئاوێنەکانی بەر سینگ و گەردنم،
شەوقدانەوەی هەزار و یەک ڕەنگەی چریکە و سەداکانم،
یەکەمین پەیڤینی بێدەنگ و هێمای نێوان من و «خواوەندی فەلەک»بوو
هێمای سەرمدی.
پەیڤی خۆرهەڵاتن و خۆراوابوون
وتووێژی ئاو و کەنارەکان
سەرەتا ئەوەی هەبوو هەر ئاوی سامداری خودا و بوونم بوو
زەریا، زەریا
سەرەتا لە گوڵدانی ئاڤزینەوە
لە زاری ڕۆشنی ئاوەوە
نەمامە گوڵێکی شەرمنۆک سەری دەرهێنا و
چاوی شەپۆلی پشکووت
من «میری گوڵان» بووم
من لە شێوەی هەڵۆیەکی سپیدا ئەخولامەوە
هەورەکانم ڕەنگ ئەکرد
بارانم فێری بارین ئەکرد
لە شێوەی خۆم و ڕەنگی خۆم بەفرم خوڵقاند
لە تووڕەبوونما باهۆزێکی قژلوولی چاوڕەش لەدایک بوو!
لە هێوریمدا شەماڵێکی پێست تەنک و
لە پێکەنینمدا هەتاو و
لە دڵتەنگیمدا شەوی نامۆ لەدایک بوو!
سەرەتا ئەوەی هەبوو هەر زەریایەکی مەزن بوو
زەریا، زەریا
هەر سروودەکانی شەپۆل و شەقژنی باڵی گۆرانییە فڕیوەکانی من بوون
لە کەناری شەوێکی سپییەوە کەوتمە ڕێ
لەو شەوەدا، تەواوی ئەستێرەکان هاتبوونە سەر کەپکی کەژەکان
ئەمبینین: چۆن گەمە بە تۆپی جریوەی یەکتر ئەکەن و لەسەر بەفرەوە چراکانی خۆیان
تا تەختاییی بنار خل ئەکەنەوە
سەرەتا بوو
یەکەم هەواری خواوەندەکەم بەرزترین لووتکە بوو
خواوەندەکەم لەو بەرزەوە
هاواری لێ ئەکردم
تا لەسەر ئەم زەوییە
ئادەمیزادی تازەزاو بدۆزمەوە
کڕنووشی بۆ بەرم
هاوارم کردەوە وتم «من جگە لە نووری خودا، لە چاوی خودا، لە دەنگی خودا، کڕنووش بۆ کەسی دی نابەم»
من «مەلەک تاوس»م
من یەکەم باڵداری گەردوون و یەکەم فریشتەی «بوون»م
ئەو دەمە خودا مات بوو
لەدواییدا لە یاخیبوونم ڕازی بوو
لەو ساتەوە فەرمانی دا و
کردمی بە گەورەی گشت فریشتەکان
لە کەناری شەوێکی زیوینەوە کەوتمە ڕێ
خواوەندی «ئەستێرەی بەربەیان»م لەگەڵدا بوو
پێکەوە ئەڕۆیشتین و تاریکیمان گسک ئەدا
پێکەوە تۆوی گوڵەبەڕۆژەی ڕووناکیمان تۆو ئەکرد
پێکەوە بەرپێی ئاومان ڕۆشن ئەکردەوە
پێکەوە پڕ بە باوەشمان، پەپوولەی خۆشەویستیمان
بەو دەشت و هەردانەدا بڵاو ئەکردەوە
«تاوسی زۆزان»مان ئەگێڕا و
لە دەڤەری قامیشەڵاندا کەوتینە شمشاڵ لێدان
بۆ یەکەم جار چیاکانمان خستە سەما
بە هەر تەلان و دێبەر و مەزرایەکدا تێ ئەپەڕین
گوڵەگەنمێکمان لە بەرۆکی عەردێکی بەیار ئەدا
لەدوای خۆمانەوە لەتە ئاوێنەی هەتاومان
بۆ دۆڵە قووڵەکان بەجێ ئەهێشت
گوڵەهێرۆی سەری زارۆکەکانمان پیرۆز ئەکرد
سەر و کەللەی ئەسپەکانمان
بە چراوگە بچکۆلەکانی «جیلوە» ئەڕازندەوە
بە گوڵاوی «جیلوە» گوڵاوپرژێنی
کاکۆڵی درەختە ڕەوەندەکانمان ئەکرد
جۆگەلە کوژراوەکانمان ئەلاواندەوە
حیکایەتی یەکەمین فڕینی «میری گوڵان»مان
بۆ باخچە بچکۆلەکان ئەکرد، تا خەویان لێ ئەکەوت
لە تاڵە قژی کابانە جوانەمەرگەکانمان ئەبڕی و
ئەمانکرد بە کێلەکانی یادگارەوە
بۆ جوامێریش هەر لە ئێسکی دیرۆک خۆی
پەیکەری بەرانە کێویمان دائەتاشی و
ئەمانکرد بە سەر دەرگای ئەشکەوتەکانمانەوە
پێکەوە ئەبووین بە میوانی گەرداو و
پێکەوە ئەچووینە بەهەشتی سووتاوەوە
لە ڕۆخی شەوێکی زیوینەوە کەوتمە ڕێ
هەر لەو شەوەدا یەکەمین کەڵەشێری قوربانیمان
لەبەر قاچی خواوەندی گەورەمان
«مەلەک تاوس»دا سەربڕی و خوێنەکەیمان
لە یەکەم بەردی بناغەی هەواری «لالش» هەڵسوو
لەو شەوەوە ئیتر «لالش»یش بوو بە:
ماڵی سپی و پیرۆزی خودا و
بە ئاگردانی عەشقی ئێمە و بوو بە:
ئینجانەی پەڕ و باڵی مەلەک تاوس و بوو بە:
گەرووی سروودی «قەوال» و بە ڕووگەی «فەقیران»
بۆ ڕۆژی دواییش
یەکەم جەژنی خۆرەتاومان
لە دڵی کازیوەیەکی زیویندا کرد و
یەکەم قوڵینەی پڕ لە «نان و پیاز و ساوەر»یشمان
بە سەر هەژارانی دەڤەری «مەلەک تاوس»دا بەخشییەوە
لە کەناری شەوێکی سپییەوە کەوتمە ڕێ
چەندین مێژووی بەستەڵەک و
چەندین مێژووی ئاودامانی خوێناویم دی
ڕەشەبای ڕم هەڵیکرد و
تۆفانی لم سەریکرد و
شمشێر باری و بیابان ئابڵۆقەی دام و
لافاوی جەهەننەم هەستا و
بەڵام «هەتاو»م، پاشگەز نەبۆوە و
ئاگرم کڕنووشی نەبرد و
شەپۆلم نەگەڕایەوە و
«مەلەک تاوس»م هەر فڕیی
نیوەشەوێکی «لالش» بوو
هەوا «شین» بوو
«مەلیک ئەحمەدشای» مەرگ سواری قۆچدار
بە ڕیزە بەیداخی «شین»ەوە
بە مەنجەنیقی شینەوە
بە لەشکری تەوری غەزای شینی سوڵتانەوە
هاتە سەر هەتاوی ڕۆحی «مەلەک تاوس»
هەتاو بەرەو ئەشکەوتەکان کشایەوە
هەتاو خۆی لە دەروونی گاشەبەرد و لەنێو پرچی عاشقاندا و
لە چاوی زارۆکەکاندا و
لە هەناوی دارزەیتوونەکاندا، شاردەوە
نیوەشەوێکی «لالش» بوو
هەموو ئاوازە پیرۆزەکان چوونەوە گەرووی خودا
هەموو ڕەنگە پیرۆزەکان لە ڕوخساری هەتاودا کۆبوونەوە
تەنها ڕەنگی «شین» نەبێ چۆکی شکا و
خۆی خستە نێو باوەشی «شین»ی
«مەلیک ئەحمەدشا»وە
لەو دەمەوە ڕەنگی «شین»مان بە نەفرەت کرد
لەو دەمەوە ڕەنگی «شین»مان
لە مەملەکەتی هەتاو و
ئاگری خۆمان دەرکرد
لەو شەوەدا «مەلیک ئەحمەدشا»
ئەستەمبووڵێکی «شین» بوو
ئاگری «شین»ی بۆ هێناین
دووکەڵی شینی تێ بەرداین
تا چەند ڕۆژی بەردی شین کرد، داری شین کرد
خوێنی شین کرد
جەستەی ژن و مناڵانیشمان
هەر بوون بە خۆڵەمێشی «شین»
لە کەناری شەوێکی زیوینەوە کەوتمە ڕێ
هەوا ڕەنگین و سەرباڵەکانم گزنگیان لێ ئەچۆڕایەوە
گەردنم شووشەی مانگەشەو و
بەرسنگم وردەیاقووتی تیا ئەبریسکایەوە
من وەختی سەماکردنمە بە چواردەوری «چەقەڵتوو»دا
من گەرداوێکی سەرخۆشم
هەتا شەبەق لە شەرابی خۆرنشینم خواردۆتەوە
هێندەی ڕەزی خەیاڵاوی و
نیگاکانی «تاوس»، مەستم
هێندەی مەرگ بێ دەربەستم
من وەرزی سەماکردنمە
ئەم جەستەیە ئەکەم بە پووشووی سووتاوی ناو گیانی خوا
ئەم جەستەیە ئەوەرێنم
ئەیدەم بەدەم «با»ی گوماناویی وەشتەوە
جەستەم ئەخەمە سەرباڵی
تەوارێکی بێوەژنی تاقوتەنیا
سەما و سەما و سەما
جەستەم ئەخەمە سەر ئەسپی باڵداری «لالش» و
ئەبم بە هاوارێکی فڕیوی
ناو گەرووی خوا
من وەختی سەماکردنمە بە چواردەوری
تاجە گڕی «چەقەڵتوو»دا
لەگەڵ گڕدا بەیەکەوە پەل ئەهاوین
ئاگرنامە ئەدەینە دەست دارستان و دەست ڕەشەبا،
بەیەکەوە «تاوس ئێزی» و «تاوس سنجار» «تاوس مەسقوف» ئەگێڕین و
ئەچینە ناو ئایندەوە و
خوانامەی نوێ دێنینەوە و
نەهێنیی ئەبەخشینەوە و
دیسانەوە هەر سوڕ ئەخۆین بە چواردەوری «چەقەڵتوو»دا
من «فەقیر»ی مەزارێکی سەر بە نوورم
من منداڵەکان فێر ئەکەم
دەفی هەور چۆن لێدەن و
چۆن باڵەبانی دارچنار بژەنن و
چۆن فوو بکەن بە کەڕەنای لووتکەکاندا و
من زارۆکەکان فێر ئەکەم
چۆن «با» بە ڕەنگی نارنجی ڕەنگ بکەن و
خەون بە ڕەنگی زەیتوونی و
شەویش زەرد کەن
فێریان ئەکەم چۆن لە شەپۆل
یاڵ بۆ ئەسپ بخوازن و
کڵپە بۆ ڕیشی «پیران» و فێریان ئەکەم
چۆن لە تێڵی ئەم تاوسە
ماڵی داهاتووی خۆرەتاو دروست بکەن
من وەرزی سەماکردنمە
وەختی فڕینی پەنجەمە و
وەختی فڕینی ڕۆحم و
وەختی سەمای تۆپەگڕی ئا ئەم سەرە
لە کەناری شەوێکی زیویینەوە کەوتمە ڕێ
یاڵەویاڵی زریان هاتم
هەرداوهەردی تەمتوومان و
ماڵەوماڵی عەشق هاتم
لە ڕۆخی شەوێکی سپییەوە کەوتمە ڕێ
«کوچەک»ێکی باریکەلەی
حاڵلێهاتووی بەر تیشکی خوام
ئازارم، هاوارم و سپی ئەچمەوە
«کوچەکێکم» یان مەلێکم
لەو مەلانەی ئەفڕن هەتا ناو دڵی خوا
من دەزوولەی بارانێکم و ڕۆحەکانی ئەو دیو دنیا و
ئەم دنیایە بەیەکەوە ئەبەستمەوە
جارێکی دی ڕەنگەکانی خەونی پێشوو
دەنگەکانی زەمانی زوو
هەر هەموویان ئەهێنمەوە و
لەناو ڕیشی ئاسۆیەکما ڕۆیان ئەکەم
تا سەرلەنوێ بڕوێنەوە
کوچەکێکم لەناو داڵانی پرشنگدا درێژ ئەبم
چون عەباکەم ڕەشیی شەو ئەدەم بە خۆمدا و
لە خاکوخۆڵی «لالش»دا ئەتلێمەوە
من بەردەوام ئەتلێمەوە
هەتا ئەبمە تراویلکەی جەستەیەک و
لە بەراییی پێدەشتێکدا ئەتوێمەوە:
ئەبم بە گژوگیا و ئەدوێم
ئەبم بە بەردی سەرەڕێ و
بە بنچک و بە تاڤگە و ئەدوێم
پەلی ئایندە ئەگرم و ڕایئەکێشمە ناو منداڵدانی سبەینێ و
«جیلوە»ی هەوری نەباریو و
شەپۆڵنامەی سەری بەحر و
کتێبی تەم ئەخوێنمەوە
کوچەکێکم من موورووی «با» ئەهۆنمەوە
بۆ گەردنی دڵدارانی ئەم تاوسە و
بۆ قەوالی «ئێزیدییان»
کوچەکێکم ئەوەرێم و ئەڕوێمەوە
پێشبینیی خۆم لە کۆڕی «مەلەک تاوس»دا
بۆ «لالش» و بەفری چیا و منداڵەکان، ئەگێڕمەوە
لە کەناری شەوێکی زیوینەوە کەوتیتە ڕێ و
لە ئاسمانێکی مسینی ناو هەوای شیندا هەڵفڕیت
تۆ یەکەم نووری یاخیبووی نێوچەوانی ئەم زەمانە و
پەیڤی هەڵاڵەییی من بووی
تۆ دوورگەیەکی سپیی گیرخواردووی
بەردەم تۆفانی نەفرەتی سێ خواوەندی
ئاسنینی سەرزەمین بوویت.
بەدرێژاییی مێژووی ڕم
بەدرێژاییی مێژووی تیر
بەدرێژاییی مێژووی ڕق
تۆ پانایی بێ بواری خوێنی بەرد و
خوێنی دار و خوێنی ئاسۆ و خوێنی خۆر بووی
تۆ هەمیشە، تۆ بەردەوام
قیژەی گڵی بن بنار و
هاواری سپیی بەفراوی هەڵقوڵیو بووی
بەڵام ئەی مەلەکی لە شاخ زا و لەناو ئاگردا باڵگرتوو
تۆ ئەو پرشنگی برین و کۆستانە بووی
هەزاران جار لەناو دۆڵی تەمومژدا
وردیان کردی و هاڕیاندی و کەچی دواییش
ئەبوویتەوە بە تاوس و دیسانەوە ئەهاتیتەوە سەر شانم و
دیسانەوە بە ئاسمانی خواوەندەکەی میترای مید و گیانما ئەفڕیت!
ئەی فریشتەی ڕۆحی سپی
ئەی «مەلەک تاوس»ی ڕەنگین
بە ڕەنگەکانی وڵات و بە ڕەنگەکانی قوربانیم
باڵ لێک دە و سەرکەوە سەر کەلی ژاڵەییی جەستەی من
بە دەنووک لە تۆوی ڕووناکیی شیعرم و
ڕیشاڵی ئەنگۆرەی «هەڵەبجە»م هەڵگرە و بیبەوە بۆ «لالش»
بارانی ئەم ڕەنگەیش موتوربەی ئاسمانی «مەسحەفا» و ناو خۆڵی «جیلوە» کە
با گوڵی هەتاوێ لەم شەوی لەشەدا بڕسکێ
نەبینراو، با قوڕی «بەراتە»ی پیرۆزت و
گژوگیای «ئەنفال» و ئەموستی وەریوی «گەرمێن» و
چەند پەڕێ لە تێلی تاوست و چەند تاڵێ لە قژی یارەکەم،
هەر هەموو، پێکەوە بشێلین
بۆ ئەوەی لەم جەستە نوێیەدا،
لە جەستەی «قەوال و فەقیر»دا
لە کەنار شەوێکی زیویندا
ڕۆحێکی تازەتر لەبەردا بڕوێنین
بۆ ئەوەی بەردەوام پێکەوە لە گیانی شەوێکی سپیدا هەڵفڕین.