پیاسەیەک بە ناو خوێنی خۆمدا

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 5 خولەک  410 بینین
جلی شیعرم لەبەردایە و
باڵندەی عەشق لە «سەر»مایە و
وا ئێستاکە هەر بە جادەی «شەقڵاوەشوێن»دا
لەگەڵ سێبەرێکی زیز و
لەگەڵ هەتاوێکی وڕدا
ڕووەو باخان سەر ئەکەوم
ئەمڕۆ ئەچم بۆ دیدەنی دارمێوێکی
خۆشەویستی دێرینەم و لەوێشەوە
بە ڕاستەکۆڵانی هەورا ئەچمە گەڕەکی باران و
سەرێک ئەدەم لە ماڵی «مەمکەس»
ئەچم بۆ ئەوەی قاوەیەک لەگەڵ
چیرۆکێکی تازەی ئەودا بخۆمەوە و
جگەرەیەک لەگەڵ «سەفینشوێن»دا بکێشم و
بەرامبەری مانگەشەوی دەردەداری سەر «پیرمام»یش
بە یادی چاوی خانزادی کۆنەیارم
پێکێک هەڵدەم
سەر ئەکەوم،
پێش گەیشتن
لە شەممەیەکی قۆقزی ڕێگەی شووم و
دواڕۆژی «ئاب» هەڵئەنوتێم
بە «گۆیژە» خۆم ئەگرمەوە.
ئەچمە سەرێ، لە ناوەڕاستی بازاڕدا
ئەیانبینم؛ یوزباشی و زابت تێکەڵن
«نەجم و هیلال» و ئەنفال و سوارەکانی قادسییە و
جامانەی کوردی تێکەڵن
ئەیانبینم: عەسکەرەکان و ژەندەرمە بەیەکەوە
دارکەنی ناو دارستانی خەون و لەشمن
بەیەکەوە، دوو دوو، سێ سێ
سیلەی کۆڵان و بەردەمی گۆڕەپان و
بارەگاکانیان گرتووە
هێشتا ڕۆژە و کەچی ئەوان
مەرگی شەومیان کردۆتە شان
ئەیانبینم: «بنەسڵاوەشوێن»م ئەلەرزم
لەوانەیە بموەستێنن و یەکە یەکە و کون بە کونی شیعرەکانم بپشکنن!
لەوانەیە باخی گشتیی سلێمانی و چنارۆک و کۆترەکانی دیاربەکر
لە گیرفانما بدۆزنەوە و دەریانبێنن و
هەر لەوێدا بیاندەنە بەر
نووکە شمشێر و قەمە
لەوانەیە لە ناوقەدا
بەژنی یار و بەژنی خەیاڵ و ڕوانینم ببڕنەوە
بیانخەنە دوو تابووتی سەرابەوە و
تابووتێکیان بەرەو بەغدا و ئەوی تریان ڕەوانە کەن بۆ ئەنقەرە!
جلی شیعرم لەبەردایە و
باڵندەی عەشق لە «سەر»مایە و
ڕووم کردۆتە کافتیریاکەی تازەترین میوانخانە
ئەیانبینم: لەبەردەمی حەوزەکەدا
فڕۆکەوانە تورکەکان
ماسیی مردوو، گوڵی مردوو، چیرۆکی مردوو ئەژمێرن
فڕۆکەوانە تورکەکان، دەوری نەخشەیەکیان داوە
بۆڵە ترێ و چاوەکانی «عەبدولخالقکەس»ی هاوڕێم
بەیەکەوە لەسەر مێزەکەی بەردەمیان دانراوە
فڕۆکەوانە تورکەکان، لە نەخشەکەی بەردەمیاندا
بۆ هەڵفڕینی ئەم جارە
پەنجە ئەخەنە سەر لووتکەی
شاخی «نالیکەس» و ورد ئەبنەوە
لە ڕۆژهەڵاتی شیعردا
«حاجی قادرکەس» لەبن دەوەنی هامووندا ئەدۆزنەوە
پێئەکەنن
فڕۆکەوانە تورکەکان، دەنک دەنک
بۆڵە ترێ و وشەی زمانەکەم ئەخۆن
ورد ئەبمەوە: لەژێر چەکمەکانی قاچدا و لەبن مێزدا
توێکڵە هەنجیری شەقڵاوە و
توێکڵە مێژووی ڕزیوی خۆم ئەبینمەوە
فڕۆکەوانە تورکەکان، وەختێ ئەفڕن بە ئاسماندا و
لار ئەبنەوە، چاوم لێیە:
چەندین ئەستێرەی مردووی خۆم
لەو بەرزەوە بەر ئەبنەوە
لە ژوورەوە، لە بنەوەی کافتیریا و
لە گۆشەیەکی نسرما
دوو شاعیری بێلایەنی مۆدێرنیزم
«سەفین»نەبین و جیهانبین
بەرامبەر یەک دانیشتوون و
دووکەڵی جەستەی «نازەنین»
ئەچێتە ناو قوڕگیانەوە و ئەکۆکن و سەر هەڵنابڕن!
وردە جۆگەی خوێنی بەرد و خوێنی درەخت
ئەگاتە بن مێزەکەیان
سەر ئەکات و نوقم ئەبن، چاو هەڵنابڕن
بەردەوامن بەرامبەر یەک و بۆ یەکتر
وشە و زاراوە هەڵئەدەن
چۆلەکەی مردوو هەڵئەدەن
لەبەر دەرگای کتێبێکی بەردەمیاندا
ڕیقنەشیعری ئەورووپییەکان ئەچننەوە و
لەژێر باڵی تەیارەدا یەزدانی شیعر ئەسووتێ و چاو هەڵنابڕن.
بێلایەنن، لەنێوانی فڕۆکەکان و زەویدا بێلایەنن.
لەنێوانی بۆمباکان و باخچەکاندا، بێلایەنن.
لەنێوانی گوللەتۆپ و سەری مندا، بێلایەنن.
لەنێوانی مەرگی قەڵا و زرێپۆش و «جەنگیزخان» و عەرەبانەکەی مەغدید و «ئەبوتەبرە» و مەولەویدا، بێلایەنن.
لە ژوورەوە هەر لەتەنیشت ئەوانەوە
پیرەمێردێکی «هیران»ی
سەری ژنە کوژراوەکەی کردۆتە جامێکی فافۆن
بۆ دەروەزە لەگەڵ خۆیدا ئەیگێڕێت و مێز بە مێزیش ئەخولێتەوە و لەبەرخۆوە
بەیتە شیعرێکی «شێخ ڕەزاکەس» ئەڵێتەوە
جلی شیعرم لەبەردایە و
باڵندەی عەشق لە «سەر»مایە و هەر ئەگەڕێم.
بە لای ڕاستدا لا ئەدەم و
ئەچمە سەر شەقامی «سەرۆک»
لە بەردەمی کتێبفرۆشیی «شۆڕش»دا ڕائەوەستم
لە باڵا شووشەی جامخانەی وشەی مۆمیا ڕائەمێنم
لە شووشەدا دەموچاوی درزبردووی خۆم ئەبینم
ورد ئەبمەوە، لە بەینی درزەکانەوە
پەپوولەی سوور دێنە دەرێ و ئەبن بە باڵی ڕوانینم.
ورد ئەبمەوە، لە شووشەدا سەری «شەهریار» ئەبینم
کردوویانە بە ئینجانە و گوڵە زەردی «سەری ڕەش»یان تیا چاندووە.
لە شووشەدا سەری «هۆلاکۆ» ئەبینم
کردوویانە بە ڕۆژنامە و بە خوێنی لاتینیی جەستەم مەرگی منیان بە ڕەنگاوڕەنگ چاپ کردووە.
جلی شیعرم لەبەردایە و
باڵندەی عەشق لە «سەر»مایە و
قوربانیم و گەشتێ بە ناو چەقۆکانما و پیاسە بە ناو خوێنما ئەکەم.
ئەیانبینم: وا لە سەرڕا بەرەو خوار دێن
سێقۆڵی دێن: لە فولکەی ئەتاتورکەوە
هەر بە شەقامی سەدامدا دائەگەڕێن
گەرمایانە و ڕوویان کردۆتە مەسیف و کراسی نیوقۆڵی ئابیان لەبەردایە.
سەرەتا نایانناسمەوە، دێنە پێشێ
ورد ئەبمەوە، وەختێ ئەگەنە بەر دەمم
بە تیلەی چاو پێکەنینێکی دڕکاویم بۆ ئەنێرن
سێقۆڵی دێن- مەرگەوەڕی بۆتانییە و «ئەبوو ڕوغالی» عەرەب و
لەگەڵ-کیسلنگی نەرویجی-
ئەیانبینم: قیت قیت ئەڕۆن
ئەیانبینم: لە یەک عومران، لە یەک بەرگان
لە یەک کاتدا لە زۆر شوێن و لە یەک کاتدا
لە دوێنێشدا و لە ئەمڕۆیشدان.
ڕەت ئەبن و ڕەت نابن و
تەمومژێ دامئەپۆشێ
وەیشوومەیەک وڵاتی خەونم دائەگرێ
سەرنج ئەدەم: بولبولی کوژراو ئەبارێ
سەرنج ئەدەم: بەردی تاریکی ئەبارێ
سەرنج ئەدەم: عار، عار، عار، عار
عار ئەبارێ!