جەژنە من وا ناهومێد و بێبەشی دیداری یار
لە کتێبی:
ڕۆحی مەولانا خالید
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
814 بینین
پیرەمێرد بۆخۆی ئەم پێشەکییەی بۆ ئەم چامە نووسیوە
ئێمە فەیز و بەهرەیەکی وامان لە ڕوحی مەولەوی وەرگرت توانیمان پایەیەک زۆرتر سەربکەوینە ئاسۆی پرشنگی ڕوحی مەولانا خالید، خوا یار بێ دیوانەکەی ئەویش وەرگێڕمە سەر کوردی ئەم ئارەزووی منە لە مەعنەویاتی ئەم ڕوحە خالیدەیە وا ئەمجارە غەزەلێکی مەشهوور کە سۆز و تاسەی سەرچنار و بەکرەجۆ و یادی نیشتمانە، نووسیومانەوە تەنها یەک شیعری تازەیە کە ئەویش لە ڕابیتەی کەراماتی خۆیەوە یا تەوفیق تەوفیقی لە خواوەیە.
جەژنە من وا ناهومێد و بێبەشی دیداری یار
خەڵکی خوڕرەم، من بە خوڕرەم ئاو لە چاوم دێتە خوار
گشت لە گەشتی دەشتە داوێن پر گوڵاڵەی ئاڵ و من
ئەشکی سووری داخی دووری دەوری کردمە لالەزار
بێنەوا و دڵ لە خەم کەیل و غەریب و بێ نسیب
دەست لە سەر دڵ، سەر لە ئەژنۆ، چاو لە ڕێگا، پرسیار
دڵسووتاو و جەرگبڕاو، کۆڵان بە کۆڵان دەربەدەر
کەس بە دەردی من نەچێ دوور کەوتە، بێ یار و دیار
خوێنی دل وا هات بە چاوما بوو بە جۆگەی «بەکرەجۆ»
هەر دوو سەرچاوەی چەمێکن کردمە تاسەی «سەرچنار»
باوە مردەی «باوەمردە»م ئاڵبووڵاغی چاوەکەم
خۆزگە ئەمدی پێم بڵێن وا «باوەگێڵدی» گەییە شار
پێم بڵێ خالیدناسناوی ئەدەبی، ئەگەر تۆ وا ڕەهەندە و شێت نەبی
تۆ لە کوێ و غەزنەین و کابول، خاکی هیند و قەندەهار