خوایە بە حەققی مەرقەدی سولتانی بایەزید
لە کتێبی:
ڕۆحی مەولانا خالید
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
681 بینین
خوایە بە حەققی مەرقەدی سولتانی بایەزید
خوایە بە ئاشکرایی بورهانی بایەزید
ئەی خوای مەزن! بە لانەی شابازی لامەکان
یەعنی بە ئەوجی نیشتەمەنی گیانی بایەزید
خوایە! بە حەققی پاکی و سافی دەروونی ئەو
خوایە بە ئاهـ و ناڵەوو گریانی بایەزید
خوایە! بە سۆزی سینەی بێ کینەی ئەو شەهە
خوایە! بە نووری مەشعەلی ئیمانی بایەزید
خوایە! بە سیلسیلەی نەسەبی پاکی پێغەمبەر
تا جەعفەری ئەعازیمی پیرانی بایەزید
هەر لە غولامعەلی کە ئەگاتە «أبُوالْحَسَنعەرەبی»
یەک یەک بە حەققی ڕێزە مریدانی بایەزید
ڕوحمێ بکە بە خالیدی بیچارەی غەریب
بێبەش نەبێ لە مەخزەنی عیرفانی بایەزید
زۆر تینووە بە ئاوی هیدایەتی بەڕاستی
تێرئاوی کە لە قولزومی ئیحسانی بایەزید
نوری لیقایی نیشان دە لە خودبینی
بیکە بە بەندەیەک لە غولامانی بایەزید